هەمووی خەتای ئەبوناجی-یە

بۆچوون / بیروڕا :: 01/09/2017

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

ئەبوناجی ئەو نازناوەیە كە عێراقیەكان بەسەر ئینگلتەرا و ئینگلیزدا دایانبڕیوە. هەرچی لەم سەرزەوییە روودەدات دەیخەنەپاڵ ئەبوناجی. هەر لێرەیشەوەیە كە دەڵێن ئەبوناجی بەرپرسیارە لە كوژرانی مەلیك غازی. دەڵێن ئەو كە مەلیك بوو چۆن دەبێت لە وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەكەیدا بمرێت؟ نەخێر ئەوە ئینگلیز ئۆتۆمبێلەكەی وەرگەڕاندووە. ئیتر ئەمە بووە بیروباوەڕ و خەڵكێكی زۆری لەسەر خرایە زیندانەوە.

دوای چەند ساڵێكی كەم شاژنە عالیە (هاوسەری مەلیك غازی-ی كۆچكردوو) تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو. دوای ئەوەی لە لەندەن نەشتەرگەریی بۆ كرا، لەژێر چاودێریی پزیشكی ئینگلیزی دكسن فرت گەڕێنرایەوە بۆ بەغدا. بەڵام باری تەندروستیی تادەهات خراپتر دەبوو و گەیشتە سەرەمەرگ و حاڵەتێك كە بگاتە لای پەروەردگاری. 

باڵیۆزخانەی بریتانیا بەمەی زانی و بە دكتۆر فرت-ی راگەیاند بە پەلە عێراق جێبێڵێت و بچێتەوە ئەو شوێنەی لێوەی هاتووە پێش ئەوەی عێراقیەكان ئۆباڵی نەخۆشكەوتن و مردنی شاژنی بخەنە ئەستۆ. ئینگلیز زانیاریی ئەوەی هەبوو كە عێراقیەكان لەو باوەڕەدان ئەو پزیشكە ئینگلیزەی كە چارەسەری ئەلزاری-ی پاڵەوانی شۆڕشی عێراقی دەكرد كە تووشی هەمان نەخۆشیی شاژن بووبوو، عێراقیەكان پێیانوایە ئەو پزیشكە دەرزییەكی لێداوە و كوشتوویەتی، ئەگەرنا چۆن پاڵەوانی شۆڕش دەمرێت ئەگەر دەستی ئەبوناجی-ی تێدا نەبێت؟ 

دكتۆر فرت لە شەوێكی تاریكدا گەڕایەوە بۆ لەندەن و شاژنە عالیەی لەژێر چاودێریی دكتۆر كەمال ئەلسامەڕای-دا جێهێشت. دكتۆر ئەلسامەڕایی هەندێك لە بیرەوەریەكانی دەربارەی ئەم ئەركەی خۆی، لە گۆڤاری (ئافاق عەرەبیە)دا بڵاوكردووەتەوە. 

وەك هەر نەخۆشێك كە شیفای نەبێت، شاژنە عالیەیش هاوشێوەی نقومبوویەك دەستی بۆ چڵەپووشێكیش دەبرد، بۆ هەرشتێك كە لەو چارەنووسە ئازاربەخشە رزگاری بكات. ئیتر شاژن و خێزانە شاهانەكەی هەموو شتێكیان تاقیدەكردەوە كە موعجیزەیەكی تێدابێت. دیارە ژمارەیەك لە گاور(فەلە)كانی بەغدا باسی ئاوی لۆردز-یان بۆ كردووە كە كانیەكی كانزاییە لە باشوری فرەنسا و شوێنكەوتوانی مەزهەبی كاسۆلیكی باوەڕیان بە توانای لەڕادەبەدەری ئاوەكەی هەیە لە چارەسەركردنی ئەو نەخۆشانەدا كە ئومێدی چارەسەریان نەماوە. چەندین موعجیزە و حیكایەتی پیرۆزی لەبارەوە دەگێڕنەوە و ساڵانە هەزاران كەسیان بۆ موبارەكی و شیفابەخشی سەردانی ئەو كانیە دەكەن. 

دەوروبەرەكەی شاژن دەستپێشخەریی ئەوەیان كرد كە دكتۆر ئەلپاچەچی راسپێرت، وابزانم وەزیری تەندروستی بوو، تا بچێت بۆ فرەنسا و هەندێك لە ئاوی ئەو كانییە بێنێتەوە. دوای چەند رۆژێك دكتۆر بە هەندێك ئاوی لۆردز-ەوە  گەڕایەوە و یەكسەر لە فڕۆكەخانەوە گەیاندیانە كۆشكی زهوری شاهانە و بە پەلە بردیانە ژوورەكەی شاژنی نەخۆش. بە بایەخەوە جەوەنەكەیان كردەوە بۆ ئەوەی قومێك لە ئاوەكەی بدەنێ‌، كەچی بۆ بەدبەختی ئەو، یان بۆ بەدبەختیی شاژن، نوری ئەلسەعید-ی رێویی سیاسەتی عێراقی و سەرۆكی چەقیووی حكومەتەكەی، لەنێوان خەڵكەكەی ناو ژوورەكەدا دەبێت. دەستی دەگرێت و ناهێڵێ‌ ئاوەكەی بداتێ‌ و لێی دەپرسێت: ئەمە چییە؟ دكتۆر ئەلپاچەچی-یش دەڵێت ئەمە ئاوی لۆردز-ە و بەسەرهاتەكەی بۆ دەگێڕێتەوە.  
 
 رێویە پیرە پێی وت یەك دڵۆپ لەو ئاوەی نەدەیتێ‌ هەتا نەینێرین بۆ نەخۆشخانەی مەلەكی و بە وردیی پشكنینی بۆ نەكرێت و دڵنیانەبن لە سەلامەتییەكەی. ئینجا وەك روونكردنەوەیەك وتی: ئێمە هیچ شتێكمان نەداوە بە مەلیك غازی-ی مێردی، وایش تۆمەتبارمان دەكەن بەوەی كە كوشتوومانە. كەچی ئێستایش تۆ دەتەوێت ئاوی لۆردز بدەیت بە شاژن و بمرێت و خەڵكی بزانن كە ئێمە ئەو ئاوەمان داوەتێ‌! ئیتر هەتا رۆژی قیامەت لە قسەیان رزگارمان نابێت!

بەمجۆرە نوری ئەلسەعید نەیهێشت شاژنە عالیە ئاوەكەی لۆردز بخواتەوە. سەیر ئەوەیە من تا ئێستا لە عێراقییەكم نەمبیستووە كە حكومەت و ئینگلیز بەوە تۆمەتبار بكات كە شاژنەكەیان كوشتبێت بەوەی نەیانهێشتووە ئەم دەرمانە فرەنسیە بخواتەوە. 



 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure