كێ‌ ناجی ئەلعلی كوشت؟

بۆچوون / بیروڕا :: 31/08/2017

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


دوایین جار كە ناجی ئەلعلی، كاریكاتێریستی ناسراوم بینی، لە ئێوارە خوانێكی ماڵەكەیدا بوو پێش ماوەیەكی كورت لە تیرۆركردنی. ئەو ئێوارەیە لەگەڵ هاوڕێی ئەدیب ئەبو عەلوان و ژمارەیەك هاوڕێی دیكەدا بووین. ئەگەرچی لەڕووی سیاسییەوە كۆك نەبوین بەڵام رێزێكی زۆرمان لێ‌ دەگرت. هونەرمەندێكی داهێنەر بوو. بە بیری كەسماندا نەدەهات یەكێك هەبێت بتوانێت بیر لە تیرۆركردنی هونەرمەندێك بكاتەوە ئیتر ناكۆكیەكە هەرچییەك بێت. ئەگەرچی كۆمەڵگەی میدیایی لە لەندەن شۆك بوو، بەڵام بەداخەوە ئەو تاوانە قێزەونە، كە پێشتر لە نموونەی نەبووە، مامەڵەیەكی وای بەرامبەر بكوژەكانی لەگەڵ نەكرا، رەنگە لەبەر ئەوەبووبێت نەیانویستبێت بكەونە چڵپاوی سیاسیەوە.  

دوای سی ساڵ لەو تاوانە، پۆلیسی بریتانی بڕیاریدا دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ بكاتەوە. رەنگە شتی تازەی لابێت، یان وەك دەڵێن لەوانەیە ویژدانە نووستووەكان بێداربووبنەوە. خۆ ئەگەر بكەرەكەیش دەستگیرنەكرێت یان ئەنجامدەرانی نەدۆزرێنەوە، هیچ لە رابوون و بەهۆشهاتنەوەی ویژدانی گشتی كەمناكاتەوە، كە ئەو تاوانەی لەبیرچووبووەوە. ئەوەی تەقەكەی كردووە یەك تاوانبارە، بەڵام ئەوانەی لەئاستی راستیەكەدا بێدەنگن كۆمەڵگەیەكی گەورەیە لە ئەنجامی كلتوری ژێرپێخستنی بەها و خەڵك بە ناوی دروشم و قەزیەوە.  

ناجی ئەلعلی وەك كاریكاتێریستێكی سیاسی، رای خۆیی هەبوو و گوزارشتی لێدەكرد دژی ئاشتی و دژی رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستین و دژی یاسر عەرەفات-ی سەرۆكی.

ئاسان نییە گومان روونبكرێتەوە، بەڵام ئێمە دەزانین كە رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستین وەك هەموو دامەزراوەیەكی سەربازیی ئایدیۆلۆژیی لە نموونەی حزبوڵـڵا و حەماس و ئەوانی تر، بڕوای بە بنەمای فریوانە بە ناوی بەرژەوەندیی باڵا و مۆڵەتبەخۆدانی كوشتن لە پێناو قەزیەكانیدا. عەرەفات-یش كە جارێكیان پێیانووت:"تۆ بە درۆزنی و فرت و فێڵ تۆمەتبار دەكرێت" لەوەڵامدا وتویەتی:"من ئەگەر لە پێناوی فەلەستیندا بكوژرێم..بێگومان درۆیشی لە پێناودا دەكەم". بۆ ڕاستییش سەرۆكی كۆچكردوو ئەگەرچی حەزی لە پیلانگێڕی و گوتاری حەماسی هەبوو، بەڵام بە كەسێكی توندوتیژ و لەناوبردنی نەیارانی نەناسراوە، ئەگەرچی گومانەكان بۆ ئەوە دەچن كە رێكخراوەكەی لەپشت كوژرانی ناجی-یەوە بێت لە لەندەن و پێش سی ساڵ لەمەوبەر. ئایا عەرەفات ئەم فەرمانەی دەركردووە یان یەكێك لە دەزگا موخابەراتەكانی یان تیمێكی رێككەوتوو لەگەڵی یاخود تیمێكی نەیاری ئەو و نەیاری ناجی-ی كۆچكردوویش؟ ئەمە بۆ پۆلیس و بۆ مێژوو جێهێڵراوە. 

ناحەزی و تووڕەیی ئەبوعەمار لە ناجی نهێنی و شاراوە نەبوو، بەڵكو لەو ساڵە خەمبارەدا لەلایەن هەموانەوە باسدەكرا. پێشتریش داوای لە كویت كردبوو بێدەنگی بكات و دووریخستەوە و سەرەنجام لە لەندەن گیرسایەوە. ئێستا ئیتر بكەرەكە هەركەسێك بێت هەموان بە بێدەنگی و نكۆڵیلێكردن تێوەی گلاون. 

بۆ رزگاربوون لەم شەرمەزارییە، ئیسرائیی پێ‌ تۆمەتبار كرا، چونكە گومانلێكراوێكی باوە و تۆمەتباركردنی بە كوشتنی پاڵەوان و كەسە باشەكان و تەنانەت شەڕخوازەكانیش، ئاسانە. لە میدیای عەرەبیدا تۆمەتەكە لكێنرا بە ئیسرائیلەوە لەبەر ئەوەی پێشتر غەسان كەنەفانی و كەمال ناسر-ی كوشتووە، بەڵام تاوانی تیرۆركردنەكەی ناجی و هەموو بەڵگەكان، كە لە دادگایكردنی گومانلێكراوەكاندا دەركەوتوون، پێچەوانەی ئەمە دەڵێن. ئەوە دەركەوتووە كە سیخوڕانی ئیسرائیل زانیارییان لەسەر چەكە شاراوەكە و یەكێك لە گومانلێكراوەكان هەبووە، بەڵام ئەوان وا چاودێری و حسابیان بۆ كردووە كە ئامانجەكە ئیسرائیلییەك بێت. پێدەچێت ئیسرائیلیەكان زانیارییان لەسەری هەبووبێت بەڵام وازیان لە تاوانبارەكە هێنابێت بۆ ئەوەی تاوانی تیرۆركردنی ناجی ئەلعلی ئەنجامبدات. نە فەرمانیان پێكردووە و نە رێگرییش. یاخود بەلایكەمەوە ئەمە ئەوەبوو كە كاتی خۆی لە دۆسیەی لێكۆڵینەوەكەدا روونبووەتەوە. 

كردنەوەی دۆسیەكەی ناجی ئەلعلی ئەركێكی مێژوویی و ئەخلاقییە و ئامانجیشی هەڵگیرسانی ناكۆكیەكان نییە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure