لاڤرۆڤ له‌ كه‌نداو

بۆچوون / بیروڕا :: 30/08/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ره‌نگه‌ ئه‌م گه‌شته‌ى سێرگى لاڤرۆڤ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا بۆ كه‌نداو، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ كوه‌یت و ئیمارات و قه‌ته‌ر ده‌گرێته‌وه‌، ره‌نگه‌ ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ ئه‌گه‌رى گواستنه‌وه‌ى مۆسكۆ له‌ چوارگۆشه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌یه‌كى تر له‌ چوارچێوه‌ى سه‌رقاڵبوونی به‌ قه‌یرانه‌كه‌ى كه‌نداوه‌وه‌. چونكه‌ له‌وه‌ ده‌چێت مۆسكۆ له‌ مانگى حوزه‌یرانى رابردووه‌وه‌، له‌ دوو تێڕوانینه‌وه‌ له‌ قه‌یرانه‌كه‌ نزیك بووبێته‌وه‌، یه‌كه‌میان ئیقلیمیه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاستى كاریگه‌ریى مۆسكۆوه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ى سوریا و په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ ئێران و توركیادا، دووه‌میشیان نێوده‌وڵه‌تیه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ په‌یوه‌ندیى روسیا به‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌وروپاوه‌.  

ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ لێكه‌وته‌كانى قه‌یرانه‌كه‌ و په‌ره‌سه‌ندنه‌كه‌ى، كاریگه‌رییه‌كى خراپیان له‌سه‌ر پلانه‌كانى مۆسكۆ له‌ سوریا جێنه‌هێشتووه‌، به‌ڵكو هه‌وڵه‌كانى بۆ فراوانكردنى چوارچێوه‌ى (كه‌مكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ هه‌ڵكشاوه‌كان) به‌سه‌ركه‌وتوویى هه‌روا به‌رده‌وامه‌. هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ ئیقلیمیه‌كانى له‌ ئوردن و توركیا و سعودیه‌ هانداوه‌ بۆ ئاسانكاریى رێگه‌كردنه‌وه‌ له‌به‌رده‌م گروپه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ میانڕه‌وه‌كانى سوریا له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ى ناكۆكیه‌كانیان و فراوانكردنه‌وه‌ى سازان و گونجاندنیان به‌ ئاراسته‌ى هێوركردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ره‌ سیاسیه‌كان. له‌م ئاسته‌دا ئه‌وه‌ تێگه‌یشت كه‌ (مانه‌وه‌ى دۆخى ئێستا)، هه‌وڵه‌كانى مۆسكۆ و هه‌نگاو و پلانه‌كانى له‌ دۆسیه‌ى سوریادا په‌كناخات، هه‌روه‌ها رێككه‌وتنه‌كانیشى له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا. چیدى گوزارشتى روسیاى كۆن-نوێ ده‌رباره‌ى ئۆپۆزیسیۆنى میانڕه‌و و گروپگه‌لى تیرۆریست، وه‌ك جاران رووبه‌ڕووى ره‌تكردنه‌وه‌ و دژایه‌تى نابێته‌وه‌، به‌ڵكو گروپانێكى چه‌كدارى ئیسلامیى توندڕه‌وى وه‌ك فه‌یله‌قى ئه‌لڕه‌حمان، پێش چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، چووه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ روسیا له‌پێناو راگرتنى شه‌ڕ له‌ غواته‌ى خۆرهه‌ڵاتى دیمه‌شقى پایته‌خت و حه‌ى جوبه‌ر له‌ باشوریدا. 


به‌هه‌مان شێوه‌یش، قه‌یرانه‌كه‌ى كه‌نداو فراوانبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شێتیى مۆسكۆى له‌گه‌ڵ تاران و ئه‌نقه‌ره‌ و دیمه‌شق-دا په‌كنه‌خستووه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى داوه‌تێ كه‌ به‌ ئاراسته‌ى لایه‌نه‌كانى قه‌یرانه‌كه‌ بجووڵێت له‌ سایه‌ى سه‌رنه‌كه‌وتنى تیله‌رسۆن-ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ گه‌شته‌كانى و په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى كه‌نداودا، كه‌ نه‌یتوانى هیچ هه‌نگاوێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بنێت بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆسیه‌ ناكۆكه‌كان، یاخود چاره‌سه‌ركردنیان به‌شێوه‌یه‌كى ریشه‌یى، وه‌ك ئه‌وه‌ى چوار ده‌وڵه‌ته‌ بایكۆتكاره‌كه‌ى قه‌ته‌ر ده‌یانه‌وێت. 

لێره‌دا، مۆسكۆ ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ى به‌ قازانجى خۆى داناوه‌ و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان به‌لایه‌وه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى هه‌ژموونى ئه‌مریكایه‌ له‌ (قۆرخكردنى) دۆسیه‌ى كه‌نداو له‌ڕووى ئه‌منى و سیاسیه‌وه‌. بێگومان بێئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ ماناى ئه‌وه‌ بدات كه‌ مۆسكۆ وه‌هم و خه‌یاڵپڵاوى ركابه‌ریكردنى ئه‌مریكاى له‌م بواره‌دا هه‌یه‌. به‌ڵام گه‌شته‌كه‌ى ئێستاى لاڤرۆڤ بۆ كه‌نداو، ره‌نگه‌ وابزانێت كه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ له‌به‌رده‌م مۆسكۆدا بۆ په‌ڕینه‌وه‌ى به‌ره‌و چوارگۆشه‌یه‌كى دیكه‌ له‌ چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردنى له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كه‌ى كه‌نداودا، ئه‌مه‌یش له‌ڕێى ده‌ستوه‌ردانیه‌وه‌ وه‌ك لایه‌نێكى نێوبژیوانى نێوده‌وڵه‌تیى پشتگیر بۆ ئه‌و نێوبژیوانیه‌ ئیقلیمیه‌ى كه‌ كوه‌یت رابه‌رایه‌تى ده‌كات. 

جگه‌ له‌مه‌یش ئه‌م گه‌شته‌ بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى روسیا، به‌هۆى قه‌یرانى كه‌نداوه‌وه‌ زیانیان به‌رناكه‌وێت، هه‌روه‌ك گه‌ڕانیشه‌ به‌دواى ده‌روازه‌ى تازه‌دا بۆ په‌ره‌پێدان و فراوانتركردنى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌، له‌ سایه‌ى داخرانى ئاسۆى چاره‌سه‌رى سیاسى، كه‌ ژینگه‌یه‌كى نموونه‌ییه‌ بۆ زلهێزه‌كان له‌ فراوانكردنى هاوبه‌شیه‌كان و یاریكردن له‌سه‌ر ژێى باشكردنى كارته‌كانى هه‌ر لایه‌ك و زیادكردنى لایه‌نگره‌كانى، یاخود بێلایه‌نكردنى یاریچییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان!

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure