کلینتۆن و ترامپ سەرکەوتنێکی چاوەڕوانکراو

بۆچوون / بیروڕا :: 21/04/2016

نوسینی: جیهاد ئەلخازن
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

جارێکی دیکە ڕاپرسییەکان ڕاست دەرچوون کە پێشبینیان دەکرد هیلاری کلینتۆن و دۆناڵد ترامپ بەسەر (بێرنی ساندەرز) و(تید کرۆز)دا سەربکەون. خاتوو کلینتۆن لە دووهەمین ویلایەتی ئەمریکادا لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە ٥٧،٩% ی دەنگەکانی بەدەستهێنا لە بەرامبەر ٤٢،١% بۆ ڕکابەرەکەی. هەروەها (دۆناڵد ترامپ)یش بەسەر سیناتۆر تید کرۆزدا سەرکەوت و ٦٠،٥% ی دەنگەکانی بەدەستهێنا لە بەرامبەر ١٤،٥% بۆ (کروز). کە تیایدا جۆن کایسیک ٢٥،١% ی دەنگەکانی بردەوە.
 بە دیموکراتەکان دەستپێدەکەم و دەڵێم خاتوو کلینتۆن بووە خاوەنی ١٨٩٣ دەنگ بۆ کۆنگرەی پارتی دیموکرات کە پاڵێوراوی ئەو پارتە هەڵدەبژێرێت بۆ سەرۆکایەتی، لەبەرامبەر ١١٨٠ دەنگ بۆ ساندەرز.
ساندەرزی سیناتۆری ویلایەتی ڤێرمۆند ئەنجامی باشتری بەدەستدەهێنا ئەگەر ئەو هەڵە زۆرانەی نەکردایە کە لە پاش سەرکەوتنیدا لە ویلایەتی ویسکنسن کردنی. ساندەرز لە تۆڵەی قسەکانی کلینتۆنداکە گوتبووی ساندەرز شایستەی ئەوە نییە بچێتە کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاند کە هیلاری کلینتۆن بەکەڵکی سەرۆکایەتی نایەت. کەچی دوو ڕۆژ بەسەر ئەو قسەیەدا تێنەپەڕی گوتی خاتوو کلینتۆن بە کەڵکی سەرۆکایەتی دێت.
جگە لەوەش ساندەرز لە چەندین چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیدا وا دەرکەوت کە زۆر شارەزای ئابووری و سیاسەتی دەرەوە نییە و بنکە جەماوەرییەکەشی لە شێوەی خۆیین. مانای وایە دامەزراوە سیاسییە دیموکراسییەکان و بازرگان و بزنسمانەکان دەترسن کەسێکی دیموکراتی وا بچێتە کۆشکی سپییەوە کە بە ئاشکرا بڵێت من سۆشیالیستم، لە وڵاتێکدا کە ئەم وشەیە دەیان ساڵ هاوواتای وشەی کۆمۆنیست بووە.
لەگەل ئەوەشدا من پێم وایە، لە گۆشە نیگایەکی عەرەبییەوە کلینتۆن و ساندەرز هەزار جار لە کرۆز باشترن.
کرۆز بەوە ناسراوە کە (ڕەزاگرانترین ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانە) ئەمەش ناوبانگێکە کە ساندەرز لە خولی یەکەمی ئەندامێتییەکەیدا بەدەستی هێنا. کرۆز چەندین جار هەوڵی داوە کە کارەکانی ئەنجوومەنی پیران پەکبخات و دژایەتی گەلێک بڕیاری میللی کردووە. هەروەها کرۆز نازناوی درۆزن و فێڵبازی هەڵگرتووە کە هەموو ڕۆژێک ترامپ ئەو نازناوە دەڵێتەوە. هەروەها قسەی ئەوەشی لەسەرە کە لەڕووی ڕەوشتییەوە تەواو نەبێت.
من ئەم بۆچوونەی خۆم و بۆچوونی هاوکارەکانی کرۆز دەخەمە لاوە و پشت بە هەڵوێستی خوێندکارانی ئەکادیمیای ئامادەیی ناوچەی برۆنکس لە شاری نیویۆرک دەبەستم. ئەم خوێندکارانە بە فیکە و گاڵتەپێکردن پێشوازییان لێکرد و هەوڵیان دا نەهێڵن قسە بکات. سەرکردەیەکی خوێندکاریش گوتی بیروبۆچوونەکانی کرۆز سوکایەتیکردنە بە خەڵکی ئەمریکا. یەکێکی دیکەشیان گوتی کرۆز شوێنی نابێتەوە لە ناوچەی برۆنکس چونکە دانیشتوانەکانی بە ڕەچەڵەک کۆچبەرن.
ڕەنگە کرۆز ئەو کەسە بێت کە نزیکەی ٢٠٠ ساڵ لەمەوپێش ئەبراهام لینکۆڵن لەبارەیەوە گوتویەتی: تۆ دەتوانیت هەندێک کەس هەمیشە بخەڵەتێنیت و هەموو کەسێکیش ماوەیەک بخەڵەتێنیت، بەڵام ناتوانیت هەموو کاتێک هەموو خەڵکەکە بخەڵەتێنیت.
بەدڵنیاییەوە کرۆز ئەوانەی سەرەوەی خوێندووەتەوە، چونکە ئەوە بەشێکە لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڵام کرۆز لەسەر بناغەی پرەنسیپی دیکە هەڵسوکەوت دەکات. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی تەکساس ڕۆژێک گاڵتەی کرد بە (بەهاکانی نیویۆرک) و ئەمەشی زیاتر لە ١٠٠ جار دووپاتکردەوە چونکە پێی وایە نیویۆرک لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە لیبرالییە و هەر پارەی مەبەستە، ئەمەش تۆمەتێکی سەیرە چونکە خەڵکی لیبراڵ هەمیشە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە چالاکی کۆمەڵایەتی و یارمەتیدانی هەژاران دەخاتە پێش مەسەلەی پارەوە.
هیلاری کلیبتۆن بەرلەوەی لە یەکەمین خولی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا ببێت بە وەزیری دەرەوە، نوێنەری نیویۆرک بووە لە ئەنجوومەنی پیراندا. بەر لەمانەش خانمی یەکەمی ئەمریکا و هاوسەری بیڵ کلینتۆنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە. ترامپ منداڵی نیویۆرک و بزنسمانە کە باوکیشی بەر لە خۆی بازرگان بووە و بورجەکەی ترامپ یەکێکە لە نیشانەکانی نیویۆرک لە شەقامی پێنجهەم لە مانهاتن کە بەناوبانگترین شەقامی هەموو نیویۆرکە. ئەگەر لە نیویۆرکدا سەرنەکەوتایە بۆی نەبوو لە هیچ ویلایەتێکی دیکەدا داوای سەرۆکایەتی بکات.بەهەرحاڵ گەورەترین و گرنگترین ویلایەت لەڕووی هەڵبژاردنەوە ویلایەتی کالیفۆرنیایە کە وادەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکان تیایدا ٧ی مانگی حوزەیرانە و دەبێت چاوەڕێ بین هەتا ئەوکاتە بۆ ئەوەی بزانین دوو پاڵێوراوەکەی پارتی کۆماری و پارتی دیموکرات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کێن. 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure