كاد المعلم أن یكون رسولا

بۆچوون / بیروڕا :: 29/08/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌ى كه‌ مامۆستایان پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵى ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ راهاتووین له‌سه‌ر بیستنى هه‌ندێك چیرۆك و گوزارشتى كۆمیدیى له‌سه‌ریان.

نازانم نهێیى ئه‌مه‌ له‌ چیدایه‌. چونكه‌ ئێمه‌ هه‌موومان یه‌كه‌م وانه‌كانى ژیانمان له‌سه‌ر ده‌ستى مامۆستاكان وه‌رگرتووه‌ و به‌ به‌شێكى زۆرى ره‌وشت و زانین و زانیارییه‌كانمان قه‌رزاریانین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، به‌ كه‌میى مافى خۆیانمان داونه‌تێ، نه‌ به‌ پاره‌ و نه‌ به‌ ستایشكردن و رێزگرتن. ته‌نانه‌ت زانایه‌كى مه‌زنى وه‌ك (جاحز) یش به‌شێكى زۆرى بابه‌ته‌ دانراوه‌كانى تایبه‌ت كردووه‌ به‌ (گاڵته‌)ى مامۆستایان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا مامۆستایان له‌ به‌رنامه‌كانى خوێندنى ئه‌ده‌بى عه‌ره‌بییدا لایاننبه‌بردووه‌ و لێى ماندوو نابن. ئه‌گه‌ر من له‌جێى ئه‌وان بوومایه‌ هه‌ر به‌ ته‌واوى له‌ به‌رنامه‌كانى خوێندنم ده‌سڕییه‌وه‌.     

ئه‌وه‌ى زۆر سه‌یره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ عه‌قڵ بچووك ناویان ده‌به‌ین، كه‌چى دڵنیاین لێیان له‌ په‌روه‌رده‌كردنى مناڵه‌كانماندا. ئیتر نازانم كاممان مێشكى بچووكه‌. به‌ڵام قۆشمه‌چیه‌كان مكوڕن له‌ نوكته‌ هێنانه‌وه‌ له‌سه‌ر بچووكیى عه‌قڵى مامۆستایان. ده‌ڵێن عه‌قڵ له‌ كوێوه‌ بێنن له‌كاتێكدا ئه‌وان رۆژه‌كانیان له‌ قوتابخانه‌ له‌گه‌ڵ منداڵان و شه‌وانیشیان له‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژن به‌سه‌رده‌به‌ن؟

نموونه‌ و قسه‌كان زۆرن. یه‌كێكیان ده‌ڵێت:"شه‌رم له‌ جه‌نابتان ده‌كات". ئه‌م په‌نده‌ حیكایه‌ت و سه‌ربوورده‌ى خۆیى هه‌یه‌. یان ده‌ڵێت:"عوزر له‌ قه‌باعه‌ت خراپتره‌". چیرۆكى ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و حیكایه‌تانه‌ى كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مامۆستایانه‌وه‌. ده‌ڵێن: سه‌رپه‌رشتیارێك چوو بۆ پشكنینى قوتابخانه‌یه‌ك تا بزانێت ئاستى خوێندنى زمانى ئینگلیزییان چۆنه‌. ده‌چێته‌ یه‌كێك له‌ پۆله‌كانه‌وه‌ و مامۆستاكه‌ ئاستى تێگه‌یشتنى قوتابییه‌كانى له‌ زمانى ئینگلیزیدا بۆ باس ده‌كات. به‌ ئینگلیزى به‌ قوتابیه‌كان ده‌ڵێت: هه‌ستن، هه‌ڵده‌ستن. ده‌ستى چه‌پ به‌رزبكه‌ره‌وه‌، به‌رزى ده‌كه‌نه‌وه‌. قاچى راست هه‌ڵبڕه‌، هه‌ڵیده‌بڕن. قاچى چه‌پتان هه‌ڵبڕن، هه‌ڵیده‌بڕن و هه‌موویان ده‌كه‌ون به‌ زه‌ویدا. له‌م كاته‌دا مامۆستاكه‌ ئاوڕ بۆ سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌ ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: قوتابیه‌كان (شه‌رم له‌ جه‌نابتان ده‌كه‌ن) بۆیه‌ كه‌وتن به‌ زه‌ویدا. ئیتر ئه‌مه‌ بووه‌ یه‌كێك له‌ په‌نده‌كان و ده‌وترێته‌وه‌. 

ئه‌م چیرۆكه‌ چیرۆكى مامۆستایه‌كى ترى بیرهێنامه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش هه‌ر سه‌رپه‌رشتیارێكى وه‌زاره‌ت سه‌ردانى كردبوو. ده‌چێته‌ پۆلێكه‌وه‌ و ده‌یه‌وێت خوێندكاره‌كان تاقیبكاته‌وه‌. ده‌رباره‌ى دڵ و شوێنى دڵ له‌ یه‌كێكیان ده‌پرسێت، وه‌ڵامده‌درێته‌وه‌. له‌ یه‌كێكى تر ده‌پرسێت: ئایا حوشتر دڵى هه‌یه‌؟ به‌ڵێ. له‌ قوتابیه‌كى دیكه‌ ده‌پرسێت: ئایا مشك دڵى هه‌یه‌؟ ئه‌ویش به‌ به‌ڵێ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌. هه‌رهێنده‌ى سه‌رپه‌رشتیار ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، مامۆستاكه‌ به‌لێدان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌م قوتابیه‌ى دواییان: چۆن له‌به‌رده‌م سه‌رپه‌رشتیاردا شه‌رمه‌زارم ده‌كه‌یت و ده‌ڵێت مشك دڵى هه‌یه‌؟ ئه‌ى نازانیت دڵ هه‌رخۆى له‌ مشك گه‌وره‌تره‌؟.. حیكایه‌ته‌كانى مامۆستایان له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاراندا له‌ حیكایه‌ته‌ ده‌گمه‌نه‌كانى ئه‌مڕۆمانن. 

گاڵته‌ و گه‌پى مامۆستایان به‌شێكى گه‌وره‌ى به‌شه‌كانى ئه‌ده‌ب و ته‌نزه‌، ته‌نانه‌ت جاحز كتێبێكى تایبه‌تى به‌ ناونیشانى (سه‌یروسه‌مه‌ره‌ى مامۆستایان) داناوه‌. به‌ڵام میرى شاعیران ویستوویه‌تى ئه‌و تێڕوانینه‌ له‌ به‌رامبه‌ر مامۆستایان راستبكاته‌وه‌ به‌و قه‌سیده‌ نه‌مره‌ى كه‌ به‌م سه‌ره‌تا پاراوه‌ ده‌ستپێده‌كات: 
قم للمعلم وفه  التبجیلا ........ كاد المعلم أن یكون رسولا
واتا له‌به‌ر رێز و گه‌وره‌یى مامۆستا و وه‌ك وه‌فایه‌ك به‌رامبه‌رى هه‌سته‌ سه‌رپێ، چونكه‌ خه‌ریكه‌ یان وه‌خته‌ مامۆستا ببێته‌ پێغه‌مبه‌ر یان په‌یامبه‌رێك. 

زۆربه‌مان ئه‌م به‌یته‌ شیعره‌مان له‌به‌ره‌، به‌ڵام هیچ یارمه‌تییه‌كى مامۆستایانى نه‌دا، نه‌ له‌ مووچه‌ كه‌مه‌كانیان و نه‌ له‌ رێز و شكۆمه‌ندییان. هه‌رواماینه‌وه‌ كه‌ مامۆستا به‌ (كه‌لـله‌ڕه‌ق) له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین. كه‌مم بیستووه‌ ده‌رباره‌ى مامۆستا كه‌ نه‌یه‌وێت واز له‌ پیشه‌كه‌ى خۆى بێنێت و ده‌ست بداته‌ هه‌ر پیشه‌یه‌كى تر، به‌داخه‌وه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە