كورد شایستەی دەوڵەتی سەربەخۆیە

بۆچوون / بیروڕا :: 26/08/2017

نووسینی: جهاد ئەلخازن
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

كوردی عێراق لە 25 ی مانگی داهاتوودا دەنگ لە راپرسیەكی سەربەخۆبووندا دەدات. راپرسییەك كە ئەگەرچی چوارچێوەیەكی یاسایی و هەروەها ئامادەیی جێبەجێبوونیشی نییە لەگەڵ ئەوەیشدا دەوڵەتە عەرەبیەكان و یەكێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكان دژ و نەیارین. 

هەندێك لە نەیاران دژی هەموو ریفراندۆمێكن، هەندێكی تر پێشنیاری ئەوە دەكەن ریفراندۆمەكە دوای هەڵبژاردنە پارلەمانیەكەی مانگی نیسانی 2018 ی عێراق ئەنجامبدرێت.

پێشتر كورد لەگەڵ نوری مالیكی رێككەوتنبوون كە پشتگیریی لێ‌ بكەن بۆئەوەی لە خولی دووەمی سەرەك وەزیرانیەكەیدا بمێنێتەوە، ئەو لە پۆستەكەی خۆیدا مایەوە بەڵام هەر بە تەواوی بەرژەوەندییەكانی كوردی پشتگوێخست. ئەوانیش پەند و وانەیەكیان وەرگرت كە بێ‌ متمانەیی و بڕوانەبوونیانە بە بەڵێنە سیاسیەكان.

راپرسیەكە حزبەكەی مەسعود بارزانی پشتیوانیی دەكات كە ناوی پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەروەك پشتیوانیەكی مەرجداریشی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە لێ‌ دەكرێت، بەڵام هەندێك لە كوردەكان لەدژین وەك شوێنكەوتەكانی گروپە ئیسلامیەكان. 

بەلای منەوە كوردەكان شایستەی ئەوەن دەوڵەتی سەربەخۆیان هەبێت نەك تەنیا هەر لە كوردستانی عێراق بەڵكو لە هەر ناوچەیەك هەبن لە ئێرانەوە بۆ عێراق و توركیا و سوریا. ئەوان بۆ چەندین گرێ‌ چەوسێنرانەوە و بەگیانی خۆیان باج و نرخییان داوە. ناگەڕێمەوە بۆ مێژوو یان جوگرافیا بەڵكو باسی ئەو قسەیەی برام مەسعود بارزانی دەكەم كە لە كۆنگرەیەكی مانگی رابردووی واشنتۆندا كردی و ئەوەی بیر ئامادەبوان هێنایەوە كە 182 هەزار كورد لە رۆژگاری سەدام حسێن-دا كوژراون  و لەناویاندا پێنج هەزار كەس تەنیا لە هەڵەبجەدا كوژراون. پرسیاری ئەوەی كرد: ئەگەر ئەم كاتەی ئێستا گونجاو نەبێت ئەی كەی كاتێكی گونجاوە؟ 

لایەنگری سەربەخۆیی كوردم، بەڵام بەبێ‌ چاونووقان نا لەو مەترسیانەی كە بۆیان دروست دەبێت. ئەگەر سەربەخۆبن ئەوان هیچ دەروازەیەكی سەر دەریایان نییە و دەوڵەتانی دراوسێ‌ دەتوانن بە گەمارۆی زەمینی و ئاسمانی (بیانخنكێنن). پاشان سەربەخۆیی لە باكوری عێراق ناكرێت هەر لە سنووری كوردستانی عێراق و ئەو ناوچانەدا بمێنێتەوە كە كورد خستیە سەرخۆی لەمیانەی شەڕی داعشدا، چونكە تەنیا لە توركیادا نزیكەی 30 ملیۆن كورد لە خۆرهەڵاتی وڵاتەكە و نزیكی سنووری عێراق و ئێران هەیە. ئەگەر كوردستانی عێراق سەربەخۆ بوو ئەوا كوردەكانی چواردەوری دەوڵەتە تازەكە هەوڵدەدەن بچنە پاڵی، ئەمەیش مانای بەرپابوونی جەنگێكە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا. توركیایش هەڕەشە دەكات،  سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان لەشەڕدایە لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان، ئەو هەڵوێستگەلی تیرۆریی هەیە كەچی ئەردۆغان سیاسەتمەدارانی كورد و رۆژنامەنووسان و بزنسمانەكانی دەستگیركردوون و هەندێكیشیانی لێ‌ داونەتە دادگا. هەروەها لە كاتێكدا كە پایتەختی كوردەكانی توركیا شاری ئامەد-ە بەڵام بوونی فەرمیی تورك لەو شارەدا لە بوونی كوردەكان زیاترە و حكومەتیش بەرپرسەكانیان دادەمەزرێنێت هەر لە سەرۆكی شارەوانیەوە هەتا دوا كار و پۆستەكانی خوارەوە. 

راپرسییە كوردیەكە ئەو ناوچانەیش دەگرێتەوە كە دوای شكستی داعش لە موسڵ و شوێنەكانی دیكە، كورد خستوونیەتە سەرخۆی. حكومەتی بەغدایش، كە هەر لە بنەڕەتەوە دژی ریفراندرمەكەیە، زۆر بەتوندییش دژی ئەوەیە كە رای دانیشتوانی ناوچە خراوەپاڵەكان لە باكور، وەرگیرێت. ویلایەتە یەكگرتووەكانیش لایەنگری حكومەتەكەی بەغدایە و دەیەوێت ناوچە ئازادكراوەكان بچنەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند.  

كوردەكان رەشبینیی خۆیان هەیە و پێیشموابێت هۆكارگەلی بابەتیانەیان بۆی هەیە، لێرەدا پشت بە دوو نامە دەبەستم كە لە نێوان ئەحمەد ئەبولغەیت ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی و مەسعود بارزانی سەرۆكی كوردستانی عێراقدا ئاڵوگۆڕ كراون. برام ئەبولعەیت لە نامەكەیدا دژی ریفراندۆم وەستاوەتەوە و برام مەسعودیش لە وەڵامدانەوەیدا ئەوەی بیرهێناوەتەوە كە لە عێراق و شوێنەكانی تریش بەسەر كورددا هاتووە. كوردەكان ئێستا گوزارشت و دەربڕینێكیان هەیە كە ریفراندۆمە راگەیەنراوەكەی پێ‌ وەسف دەكەن، ئەویش ئەوەیە (ئێمە شایستەی ئەوەین) واتا شایانی سەربەخۆیین. من لەگەڵ ئەمەدام بەڵام تكادەكەم كورد لە خەون و خەیاڵدا نقووم نەبێت. توندترین دژایەتی و نەیارێتیی بۆ سەربەخۆبوونیان لە توركیاوەیە كە شەڕی رۆژانەی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات. هەروەك دژی ئەوەیشە كە كوردەكانی سوریا، هەر خۆیان لە ناوچەكانی خۆیاندا بن، ئەو ناوچانەیان كە لە نزیك سنوورەكانیەوەن، چونكە ترسی ئەوەی هەیە نەخۆشیی سەربەخۆیبوون كوردەكانی توركیایش بگرێتەوە. 

دەتوانم هەموو ئەوانەی سەرەوە بگەڕێنمەوە بۆ داگیركاریەكەی ساڵی 2003 ی عێراق لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە. چونكە ئەمریكا سەدام و رژێمەكەیی لەناوبرد بەڵام لەجێی ئەو رژێمێكی تایەفیی قێزەونی دانا و كەمایەتیەكانی كورد و مەسیحیەكان رووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوە بوونەوە. كەسیش لە گۆڕەپانە جیهانیەكەدا پشتگیریی نەكردن و لای لێنەكردنەوە، ئەمەیش بەهۆی هەڵوێستی ئەمریكاوە كە پشتیوانیبوو لە و رژێمەی دوای سەدام دایمەزراند. 

هەموو ئەوانەی سەرەوە هەبوون یاخود هەن، لەگەڵ ئەوەیشدا ئومێدەوارم بژیم بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی كورد ببینم. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure