بۆ دەستدرێژیی دەكەینە سەر جیهان؟

بۆچوون / بیروڕا :: 23/08/2017

نووسینی: غەسان شربل
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

هەر كاتێك تەقینەوەیەك لە شارێكی جیهاندا دەكرێت هەمان دیمەن دووبارە دەبێتەوە. دەچمە ناو هۆڵی نووسین و داڕشتنەوەی هەواڵەكان. دەبینم چاوەكان بڕاونەتە هەواڵە بەپەلەكانی سەر شاشەكان و گوێم لە پرتەوبۆڵەی هاوڕێكانمە. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسەی تەقینەوەكەی ئەنجامداوە عەرەبێك نەبێت. گرنگ ئەوەیە موسڵمانێك نەبێت. لەمە زیاترمان ناوێت. گوێیان لێدەگرم و ئومێدیان لەگەڵدا دەخوازم. بەڵام بەزوویی رووداوەكان ئومێدەكانمان بەدرۆدەخەنەوە. چیدی ئەوە بە نهێنی نەماوەتەوە كە دەستدرێژیكردنە سەر جیهان تایبەتمەندیەكی تۆقێنەرە و بووەتە پسپۆریمان و ئێمە تێیدا تاق و تەنیاین. 

باش دەزانم ئەو پیاوەی گەشتیارێكی لێرە و لەوێ‌ بە ئۆتۆمبێل شێلاوە نوێنەرایەتیی ئەو وڵاتە ناكات كە لێوەی هاتووە. هەروەها نوێنەرایەتیی تایەفەكەیشی ناكات. مۆڵەتی فەرمیشی بۆ ئەنجامدانی تاوانەكەی وەرنەگرتووە. تەنانەت لەلایەن دادگایی وڵاتەكەی خۆیەوە داواكراوە پێش ئەوەی بخرێتە لیستی داواكراوە نێودەوڵەتیەكانەوە. مەترسیی بۆ سەر وڵاتەكەی خۆی زیاترە لە مەترسیی بۆ سەر شانۆی دووری تاوانەكە.

دەزانم دەمارگیریی قۆرخكراوی خەڵكی ناوچەیەك یان تایەفەیەك یاخود وڵاتێك نییە. بەڵكو لە زۆر شوێن و سەرچاوەی جیاوازن. بەڵام دەبێت بێ‌ پێچوپەنا دانبەوەدابنێین كە ئێمە خاوەنی ژمارەی پێوانەیین لە دەستدرێژیكردنە سەر جیهاندا و شوێنێكمان بۆ خۆمان لە كتێبی گینس-دا گرتووە كە ناشكێنرێت.

خوێنەری ئازیز زیادەڕەوی ناكەم. دیمەنی گەشتیاران بە هۆی ئەنجامدانی كردەوەی كەسێكەوە كە لە جیهانەكەی ئێمەوە رۆیشتووە، هەتا دەمرن خوێنیان لەبەردەڕوات، دەمخاتە شپرزەیی و شڵەژانێكی توندەوە. نازانم بۆ هەست بە ئەركی داوای لێبووردن دەكەم بۆ خێزانێكی چین-ی كە رێكەوت بروونیەتە بەرشەلۆنە. یان ژاپۆنییەك كە وای بەخەیاڵدا هاتووە بچێت پیاسەیەك لە نیس بكات. یان ئەڵمانییەك كە تاوانی سەردانیكردنی ئوقسر-ی كردووە. 

ئەمە تۆقێنەرە. كێ‌ مافی حەڵاڵكردنی نەخشەكان و دەوڵەتەكان و شارەكانی داوینەتێ‌؟ كێ‌ مافی كوشتنی لاوانێكی پێداوین كە لە ئەستەنبوڵ ئاهەنگ بۆ ژیان دەگێڕن؟ ئەی كێ‌ مافی كوشتنی ئەوانەی پێداوین كە لە دوو تاوەرەكەی نیویۆركدا بوون؟ بیانووی ئەو زوڵمەی لێرە و لەوێ‌ لێمان دەكرێت هیچ نییە جگە لە پەردەپۆشكردن و شاردنەوەی ئەو شەهوەتە قووڵەی كە لە ناخماندایە بۆ كوشتنی ئەویتری جیاواز لە خۆمان. حەزێكی قووڵ بۆ سڕینەوەی هەركەسێك كە رووخسار و ئینیمای نەیەتەوە سەر رووخسار و ئینتیمای خۆمان. با وایدابنێین زوڵمێك كراوە، ئایا دەبێت بە زوڵمكردنێكی توندتر بەرامبەر كەسانی بێتاوان چارەسەری بكەین؟ قسەكردن دەربارەی ئەوەی كە جیهان رقی لێمانە، راست نییە. ناكرێت نكۆڵی لەو خراپەكارییە سنووردارانە بكەین كە هەندێك جار وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر رەفتارە زبرەكانی ئێمە دەكرێن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ناگاتە ئاستی ئەو كوشتوبڕەی كە لەسەر شانۆ جیاجیاكان و ناوبەناو ئەنجامیان دەدەین. ئەوەی خۆرئاوا بناسێت دەزانێت كە یاسا سەروەریی هەیە و هێندە لە پێشە تەنانەت ئەو كەسانەیش لێی سودمەند دەبن كە لایەنگری رق و خراپەكاریین. زۆر كەسیش ئەوە دەزانن كە رەوەندی عەرەبی و ئیسلامی لە ئەوروپا ئازادییەكیان بۆ رەخساوە كە زۆرجار لە وڵاتە سەرەكییەكەی خۆیاندا نییانە.  

بۆ دەستدرێژیی بكەینە سەر جیهان؟ ئایا لەبەر ئەوەی كە رێگەی بەرەو ئاییندەی گرتووەتەبەر لەكاتێكدا ئێمە بەرەو رابردوو دەگەڕێینەوە؟ ئایا لەبەر ئەوەی ئەو فڕۆكەیەی دروستكردووە كە ئێمە گەشتی پێدەكەین؟ یان ئەو ئۆتۆمبێلەی كە ئێمە دەگوازێتەوە؟ یان ئەو دەرمانی شێرپەنجەیەی كە لە نەخۆشخانەكانی خۆماندا بەكاریدێنین؟ جگە لەمەیش راستیی ئەم رقبوونەوەیە لە خۆرئاوا لە كوێدایە لەكاتێكدا ئێمە خواخوامانە مناڵەكانمان و نەوەكانمان زانكۆكانی ئەوێ‌ تەواو بكەن؟

بۆ دەستدرێژیی بكەینە سەر جیهان؟ ئایا لەبەر ئەوەی سكشتمانهێناوە لە بنیاتنانی دەوڵەتی نوێ‌ و سەردەمیانەدا؟ لە بەدیهێنانی گەشە و بووژاندنەوەدا؟ لە دابینكردنی هەل و دەرفەتی كاردا؟ لە دابینكردنی ئازادییەكان و چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسادا؟ ئایا پێشكەوتنی ئەویدی بە سكشتی خۆمان و هەڕەشەی سەر بوونمان دەزانین؟ ئەی ئایا چارەسەر ئەوەیە خۆمانی پێدا بتەقێنینەوە، یان خۆڕزگاركردنمانە لەو تونێلەی كە رازیبووین بە دوورودرێژیی تێدا بمێنینەوە؟ ئایا راستە ئێمە هەست بە ترس دەكەین بەرامبەر فرە رەنگی و فرە بژاردە و هەل و دەرفەت و دەترسین لەو جیهانی یەكڕەنگیەی كە وادەزانین گرەنتیی بوون و مانەوە و بەردەوامیی ناسنامەمانە بە بێ‌ هیچ كارلێك و كاریگەرییەك؟ ئایا راستە ئێمە هەر كە گوێمان لە لێدانی زەنگی سەردەم بوو ئیتر بتۆقین؟ زەنگی سەردەم لە زانست و تەكنۆلۆژیا و پزیشكی و فیكر و رۆشنبیری و فێركردن و مۆسیقادا. 
  
بۆ دەستدرێژیی دەكەینە سەر جیهان؟ ئەم هەموو بار و بارگاویبوونە زۆرە بەڕقەمان لە كوێ‌ هێناوە؟ بۆچی پێمانخۆشە بە ترسناكیی خۆمان بدەین بە جیهاندا لەبریی ئەوەی لەگەڵیدابین و تێیدا بژین؟ بۆچی تەقینەوەمان بەلاوە باشترە لە دیالۆگ و گفتوگۆ؟ مەرگمان پێ‌ باشترە لە كارلێك و چارەسەر؟ داڕمان لامان بەجێترە لە نیشتەجێبوون لە ماڵی هاوبەشدا؟ خۆڵ و وێرانەمان پێ باشترە لە فرەیی؟ شكان و شكستمان پێ‌ باشترە لە دەستی درێژكراو بۆ دۆستایەتی؟ خەسڵەتی بكوژ یان كوژراومان بەلاوە باشترە لە دواندنی ئەویدی و گۆڕینەوەی داننان بە یەكتریدا؟    

ناتوانین بەردوامبین لە دەستدرێژیكردنە سەر جیهان. ئەم سیاسەتە واتای رووخان و لەناوبردنی كۆمەڵگەكانی خۆمانە پێش رووخاندنی قاوەخانەیەك یان مۆزەخانەیەك یان تاوەرێك لە جیهانی كەسانی تردا. بكوژە گەڕۆكەكان وڵاتە رەسەن و سەرەكیەكانی خۆیان دەكوژن كاتێك وادەزانن كەسانی دیكە دەكوژن. ئەم دەوڵەتانە كە وادەردەكەون فشەڵ بن دەتوانن لەگەڵ مەترسیەكاندا هەڵكەن چونكە دەوڵەت و دامەزراوەكانیان هەڵەیش دەكەن و خۆیان راستدەكەنەوە و بە حساباتی خۆیاندا دەچنەوە و تواناكانیان دابین دەكەن.  

ئێستا كاتی ئەوەیە جەنگی دژی توندڕەویی بكەینە بەندی یەكەم لە ژیانماندا. هەردەبێت فەرهەنگی توندڕەویی، بە هەموو جۆرەكانیەوە، لە ماڵ و گەڕەك و قوتابخانە و میتۆدەكاندا كۆتایی پێبێنین. هەردەبێت ئەو لێشاوی رقلێبوونەوەیە لە سەر شاشەكان و ئامرازەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان رابگیرێن. پێویستە دەربارەی ئەو كلتوورە لە خۆمان بپرسین كە ئەم حەز و ئارەزووەی بۆ دەستدرێیكردنە سەر جیهانی لێوە لەدایكدەبێت. بەبێ‌ رووبەڕووبوونەوەیەكی عەقڵانیی ئازا و بوێرانە، زیاتر رۆدەچینە ناو زۆنگاو و خوێنەوە و بكوژی گەڕۆكی زۆرترمان لێوە لەدایكدەبن. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە