مەرجی هەڵوەشاندنەوەی... لە ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە قورسترە

بۆچوون / بیروڕا :: 17/08/2017

نووسینی: باسم ئەلعەوادی
سەرچاوە: ئەلبەیینە ئەلجەدیدە
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

هەواڵەكان دەڵێن كاك مەسعود بارزانی دوایدەخات، یان بڕیاری داوە لەسەر هەڵوەشاندنەوە یاخود دواخستنی راپرسیەكەی لەسەر جیابووەنەوە، ئەمەیش دوای سووربوون و درێژەپێدانی چاوەڕوانیی كە هەم خۆی و هەم هەرێمەكەیشی خستە بەردەم هەڕەشەگەلێكی توندەوە و سەرەنجام ریفراندۆمەكەی لەدەستچوو و هەروەها دۆست و هاوپەیمانەكانیشی لەدەستدا كە هەوڵ و كات و پارەیەكی زۆری سەرفكرد تا لە بەرژەوەندیی خۆی و بۆلای خۆی رایانبكێشێت. 


بەڵام بێگومان ئەوەی لە رووی سیاسییەوە بارزانی بناسێت، دەزانێت كە عەقڵییەت یان سایكۆلۆژییەتێكی سیاسیی رەقی هەیە، بۆیە هەردەبێت شتێك لە بەرامبەر دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمدا پێشنیار بكات. هەندێك دەڵێن داوا لە حكومەت دەكات مادەی 140 جێبەجێ‌ بكات، ئەو مادەیەی كە لەڕووی یاسیاییەوە هەڵوەشاوەیە. واتا دەیەوێت هەندێك خاكی عێراق بخاتە سەر هەرێم وەك نرخێك لەبەرامبەر پاشەكشەی یان گەڕانەوەی. واتا دەیەوێت بە كورد بڵێت جیابوونەوەتان بۆ نەهاتەدی بەڵام خاكێكی زۆرم بۆ دزیون. 

ئەمریكیەكان ریفراندۆمەكەی و كاتەكەییان رەتكردەوە، بەڵام زۆر پێویستیان پێیەتی بۆ پرۆژەكانیان لە عێراق و ناوچەكەدا و هانیدەدەن بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا و پاشان ئاماژە دەدەن بۆ پێشكەشكردنی هەندێك سازشكردن لەم دۆسیە یان ئەو دۆسیەدا لە پێناو رازیكردن یان بێدەنگكردنیدا.
 
بارزانی وەك باج و نرخێك چی لە بەغدا دەوێت كە هێشتا نازانرێت؟ ئەوەی من دەیزانم قەناعەتی گشتیی سیاسیی شیعە ئەوەیە كە سازش لە كەركوك، وەك شارێكی عێراق ناكات. هەروەها سازش لەسەر ناوچە عێراقیەكانی دەرەوەی سنووری هەرێم ناكات، ئەمە هەمان ئەو سنوورەیە كە سەدام لەساڵی نەوەد و یەك لێی كشایەوە. هەروەك سازش لە مافی فیدراڵییش ناكات كە لە دەستوردا بە روونی ئاماژەی بۆ كراوە.  

جگە لەمانە، ئیتر مووچە و پارە (بێنە و بەرە)ن و هەموویان قابیلی ئەوەن قسەیان لەبارەوە بكرێن و دانوستانیان لەسەر بكرێت.

گرنگ ئەوەیە حكومەتی عێراق سازش نەكات لە سێ‌ بنەما سەرەكیەكەی سەرەوە، نە كەركوك و نە خاك و نە سەرپێچیی دەستور. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure