عێراق و كوردستانی گەورە

بۆچوون / بیروڕا :: 12/08/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

مشتومڕێكی زۆر لە نێوان سیاسیەكانی كورددا هەیە دەربارەی كاتی راپرسیی بۆ جیابوونەوەیان لە عێراق. مەسعود بارزانی و لەگەڵیدا حزبەكەی و بێگومان خێڵەكەیشی وایدەبینن كە هەلومەرجەكە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لەبارە و ئەگەر ئێستا ئەم خەونە نەیەتەدی ئیتر تاهەتایە بەدینایەت. جەلال تاڵەبانی و حزبەكەی و خێڵەكەی، چونەتە پاڵیان بۆ ئەوەی وەك ناپاك (خائین) دەرنەكەون. دەكرێت ئەو بارودۆخەكەی كە بارزانی باسی دەكات بەم شێوەیە كورت بكەینەوە:

ئەو دڵنیایە لەوەی كە هیچ حزبێكی كوردی زاتی ئەوە ناكات لە دژی بێت، ئەمەیش لەبەر میللیبوونی پێشنیارەكە چونكە هەر نەیار و پێچەوانەیەكی بە ناپاك دادەنرێت بەرامبەر مەسەلەكە و هەروەها بەرامبەر ئەو خێڵەیش كە زۆرترین نفوزی هەیە و جومگە ئابوری و سیاسی و ئەمنیەكانی هەرێمی گرتووە، هەروەها چارەنووسی خێڵەكانی تریش. ئەو دروشمی ئەوەی بەرزكردووەتەوە كە كێ‌ لەگەڵماندا نەبێت مانای وایە دژمانە و دەبێت ئەنجامەكەی لەئەستۆبگرێت، واتا ئاسایش (دەزگای ئەمن) ئامادەیە بۆ رەفتار لەگەڵكردنی و ئەگەر رازی و ملكەچیش نەبێت ئەوا (پێشمەرگە)ی تایبەت بە خێڵەكەی ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكان. ئەزموونەكەی بزووتنەوەی گۆڕان-یش نموونەیەكی بەرچاوی هەموانە، ئەوەبوو كاتێك دژی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بوو بە سەرۆكی هەرێم، پارلەمانتارەكانی و سەرۆكی پارلەمان و وەزیرەكانیی لە هەولێر دەركرد و دامەزراوەی یاسادانانی پەكخستن كە پێویستە گفتوگۆی مەسەلەی ریفراندۆم و جیابوونەوە بكات.

هەرچی تاڵەبانییەكانیشە كە لە سلێمانی خۆیان قایمكردووە و دەزگای ئەمنیی و سەربازیی تایبەت بەخۆیانیان هەیە، ئاسانە رازیبكرێن بە دابەشكردنی دەسەڵات و سەرچاوەكانی نەوت.  

تەنیا سەركوتكردن بەس نییە بۆ مكوڕبوون و توندكردنەوەی دەمارگیریی نەتەوەیی و خێڵەكی، بۆیە بەرپرسەكانی حزبەكەی بارزانی پەنایان بردووەتەبەر فرتوفێڵ و خەڵەتاندن و بۆ ئەمەیش دروشمی سەربەخۆییان بەرزكردووەتەوە لەبریی جیابوونەوە، بۆ ئەوەی وا بگەیەنێت كە عێراق دەوڵەتێكە خاكەكەیانی داگیركردووە و كۆنترۆڵی چارەنووسیانی بەدەستەوەیە. بەلای بارزانییەوە هاوپەیمانی شیعی-كوردی كە لەمیانەی داگیركاریەكەی ئەمریكادا جومگەكانی دەوڵەتی بەدەستەوە بووە، چیدی پاساوێك بۆ مانەوەی نەماوە. 

تەماحەكانی ئەو لەوە زیاترن كە كوردەكان لە پۆستی سەرۆكی كۆمار بن و چەند وەزیرێك و فەرماندەی سوپایان هەبێت و پەیوەندیی دەرەكیی ئاشكرای راستەوخۆیان هەبێت لەگەڵ دەوڵەتانێكدا كە هەندێكیان هەوڵ بۆ دابڕینی چەند بەشێكی عێراق دەدەن، وەك توركیا، هەندێكیشیان بە نهێنیی و وایدادەنێت كە بەغدا دوژمنایەتیی لەگەڵدا هەیە وەك ئیسرائیل. 

بارزانی هەروەها ناكۆكییە مەزهەبیەكانی ناو عێراقیش دەقۆزێتەوە، هەروەها داواكاریی هەندێكیش بۆ دامەزراندنی هەرێمگەلی فیدراڵی وەك ئامادەكارییەك بۆ جیابوونەوە لە بەغدا و ئەو دوژمنایەتیەی كە ئەمانە هەیانە لە بەرامبەر حەشدی شەعبی-دا كە عەبادی وەك بەشێكی سیستمی ئەمنیی ناساندوویەتی. 

ئەمریكای دوژمنیش، ئەم هێزە سەربازییە دەقۆزێتەوە، ئەم هێزەی كە ئێران پشتگیریی دەكات و هەوڵ بۆ كردنەوەی سنوورەكان لەگەڵ سوریا دەدات لەگەڵ بەزاندنی ئەو هێڵە سوورانەی كە دەیان ساڵە جێگیر و كێشراون، بەبێ‌ هاوپەیمانیی نێوان دوو دەوڵەتەكە. هەر لێرەیشەوەیە داوا لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەكات كە دەستی بەسەراگرتوون، لە بەشێكی زۆری پارێزگاكانی نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین و هەموو كەركوك، داوایان لێدەكات بەشداریی لە ریفراندۆمەكەدا بكەن، بەبێ‌ ئەوەی گوێ‌ بدات بە رای بەغدا یان هاووڵاتییە غەیرە كوردەكانی ئەو ناوچانە. 

ئەمە لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵام لەسەر ئاستی دەرەوە، بارزانی وایدەبینێت كە هەر یەكە لەو دەوڵەتانەی پەیوەندیەكی راستەوخۆی بە مەسەلەكەوە هەیە، واتا سوریا و توركیا و ئێران، هەریەكەیان بۆخۆی هەلومەجێكی وای هەیە كە رێگە و بواری ئەوەی پێنادات هێز لە دژی بجوڵێنن: دیمەشق ئەوە بۆخۆی نقوم بووە لە جەنگە ناوخۆییەكانیدا. ئەنقەرەیش بەشی خۆی كێشەی ناوخۆیی هەیە و هەر جووڵەكردنێكی دژی جیابوونەوە رووبەڕووی كوردەكانی خۆی دەبێتەوە بە هەڵكشانی كردەوە سەربازیەكانیان لە هەموو شارەكاندا، ئەمەیش هەڕەشەیەكە بۆ سەر رژێمەكەی كە لە جەنگدایە دژی دوژمنەكانی لە ناوخۆدا و هەڵمەتێكی دەستداوەتێ‌ بۆ پاككردنەوەی سوپا و هێزە ئەمنیەكان و زانكۆكان و قوتابخانەكان و میدیاكان و هەموو دامەزراوەكان. 

دەمێنێتەوە ئێران، بۆ ئەمیش بارزانی لەو باوەڕەدایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان رێگەی هیچ جموجوڵێك لە دژی ئەم نادات، بەتایبەت كە كۆشكی سپی لە سەردەمی ترەمپ-دا بەناوبانگترین دوژمنیەتی و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی دەدات و لە ناو عێراق و سوریا لە دژی دەجەنگێت و هەروەها لە نێوەندە نێودەوڵەتیەكانیش. 

بە مانایەكی دی، بارزانی وادەزانێت گەورەی گەمەكەیە لە عێراق و لە ناوچەكە و هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش، پێداگیریەكەیشی لەسەر ئەوەی كە هەلومەرجەكە لەبار و گونجاوە بۆ راگەیاندنی (كوردستانی گەورە) لە ناو عێراق، ئالێرەوە سەرچاوەی گرتووە، پاشان فراوانكردنەوەی لە داهاتوودا، چونكە پێیوایە دوای شكستی دەوڵەتەكانی دەوروبەری، ئیتر واشنتۆن ئامادەیە بیپارێزێت، ئیتر ئەوەی كە دەمێنێتەوە هەمووی وردەكاریی پرۆسەكەن. 

بەدیهاتنی خەونی بارزانی بە دەوڵەتی سەربەخۆوە، دەبێتە فاكتەرێك بۆ جەنگی زیاتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نەك هۆكاری ئارامی و سەقامگیریی بێت وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت. 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە