خودایە قەڵەمەكەم بشكێنە!

بۆچوون / بیروڕا :: 09/08/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

حەز و ئارەزوویەكی توند دایگرتووم بۆ ئەوەی واز لە نووسین بێنم. نە لەبەرئەوەی كە بیرۆكەكانی نووسین نەمابن یان كەمیان كردبێت، بەڵكو تەواو بە پێچەوانەوە لەبەرئەوەی بیرۆكەی نووسین هێدە زۆر و زیادی كردووە گەیشتووەتە ئەوەی هەموو شتێك شایانی لەسەر نووسین بێت!

باشە، جەدوای نووسین چی دەبێت ئەگەر هەموو شتێك شایستەی ئەوە بێت دەربارەی بنووسرێت؟! ئەگەر هەموو خەڵك ببن بە شاعیر ئیتر شیعریش دەبێت بە قسە و  ئەو كاتەیش قسەكانی ئێستامان دەبن بە شیعر یاخود هەر خۆیان شیعرن!

خاڵی جیاكەرەوە و هەڵاوێریی نووسین و تاقانەیەكەی لەوەدایە كە بتوانێت واقیع و رووداوە راستەقینە یاخود شازەكانی ناو كۆمەڵ بچنێتەوە، ئەوانەی كە نووسەر هاندەدەن بە داو-ی وتارەكەی راویان بكات. بەڵام وەختێك هەموو رووداوەكان لەم جیهانەدا دەبنە شاز و ئیستیفزازی، ئیتر ئەوكاتە بەهای نووسین، بەخشكەیی كۆتایی دێت و وەك ئەوە وایە دیوارێك بۆیاخ بكەیت كە خەریكە دەرووخێت و لەبەردەم داڕماندایە. 

هەر بەڕاست پێویست دەكات بەردەوام بم لە نووسین؟!
رۆژ دوای رۆژ ئارەزووی وازهێنانم لە نووسین زیاتر دەبێت، تەنانەت گەیشتوومەتە ئەوەی كاتێك وادەی وتارە هەفتەییەكەم نزیكدەبێتەوە، بڵێم: ئایا ئێستا داوای لێبووردن بكەم، یان ئەم دواوتارەیشم بنووسم؟
سی و پێنج ساڵ لە نووسین.. چی گۆڕیی؟
ئەی خەڵكانی نووسەر..چی لە نووسینەكانمان و بیرۆكەكانمان و قسەكانمان هاتەدی؟
بارودۆخەكان خراپتر بوون، نیگەرانی و دڵەراوكێ‌ بوونەتە بەشێك لە جووڵەی بژێویی ژیان، ئەمە لەكاتێكدا پێشتر بەشێك بوون لە (گەشتی هەواڵەكان)! 

ئایا وتاری نووسەرەكان و كتێب و چاپكراو و دانراوەكانیان، بە درێژایی پەنجا ساڵ یاخود بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو، توانیویانە داڕووخانی بەهاكان و رەوشەكە رابگرن؟ یان توانیویانە هۆكارەكانی دڵەڕاوكێ‌ و راڕایی كەمبكەنەوە؟!

كاتێك شەرم لەو بوونەوەرە گەشبینەی ناخم دەكەم، لەخۆم دەپرسم: كێ‌ دەزانێت؟ لەوانەیە ئەگەر ئێمە نەنووسین دۆخەكە لەمەی ئێستا خراپتر بوایە! یان ئەگەر وازمان لە نووسین بهێنایە بارودۆخەكە زۆر لەمەی ئێستا خێراتر داڕووخایە.
ئەم قسە خەوناویە دەكەم و پاشان دەرگای دەروونم دەكەمەوە و هەڵدێم لە ترسی هەر پرسیارێكی دیكە!

نووسەرێك دەناسم ساڵانێكی زۆرە دەنووسێت و ئێستایش هەر بەردەوامە. كێشەی ئەو ئەوە نییە كە بارودۆخی دەورووبەرەكەی تادێ‌ خراپتر دەبێت، بەڵكو ئەو خودی خۆی خراپتر دەبێت!
ئەم راڕاییە دەمترسێنێت كاتێك ئەو نووسەرە (دیارە) و دەیانی وەك ئەو دەبینم كە نەفرەتی بارودۆخەكە لێیداون و پێشبڕكێ‌ دەكەن لەگەڵ داڕمان و خراپبوونی دۆخەكە و فرۆشتنی بەهاكاندا، ئەوان ئەمانە بە ناوی بەرگریی لە ئایین یان لە نیشتمانەوە دەكەن، وادەزانن كارێكی باش دەكەن.

دەزانن ئەوە چەند خراپە كە  نووسەرێك لە رووی نووسین و بەهاوە بڕووخێت و تێكبشكێت؟ لە چركەساتێكدا خۆی ببینێتەوە لە كتێبەكانیەوە پێچراوە و بەرەو ژێرەوە (خوارەوە) غل دەبێتەوە و رۆدەچێت، كەچی ناتوانێت دەست لە بەرۆكی نووسین بەربدات چونكە قەڵەمەكەی موڵكی خۆی نییە!

رەنگە نەتوانم دۆخەكە لە داڕووخان رابگرم، بەڵام دەمەوێت خۆم و قەڵەمەكەیشم لە رووخان و شكست بپارێزم.
خودایە قەڵەمەكەم بشكێنە پێش ئەوەی گلۆرم بكاتەوە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure