عێراق و تاقیكردنه‌وه‌ى ریفراندۆمى كوردستان

بۆچوون / بیروڕا :: 04/08/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

ئه‌گه‌ر كاروباره‌كان به‌و شێوه‌یه‌ بڕۆن كه‌ بڕیاریان لێدراوه‌ و راگه‌یه‌نراوه‌، ئه‌وا ریفراندۆمى هه‌رێمى كوردستانى عێراق بۆ سه‌ربه‌خۆیى و دیاریكردنى مافى چاره‌ى خۆنووسین، له‌ بیست و پێنجى ئه‌یلولى داهاتوودا ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌مه‌یش لێكه‌وته‌ى زۆرى له‌ هه‌ردوو ئاستى ناوخۆیى و ئیقلیمیدا ده‌بێت، هه‌روه‌ها كاریگه‌ریى له‌سه‌ر زۆرێك له‌ حساباته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش ده‌بێت. سه‌ره‌ڕاى نزیكبوونه‌وه‌ى واده‌كه‌ى به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ گفتوگۆیه‌كى پێویست و له‌ ئاستى چاوه‌ڕوانكراوى له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ ئومێدى ئه‌وه‌بێت كه‌ بابه‌ته‌كه‌ هه‌رله‌خۆیه‌وه‌ نه‌مێنێت یان وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ ته‌نیا به‌ ئومێده‌كان و گوزارشته‌ ئینشاییه‌كان رێگریى له‌ جیابوونه‌وه‌ى كورد بكرێت.  

هه‌ندێك هه‌ن پێیانوایه‌ كورد به‌ره‌و جیابوونه‌وه‌ ناچن و مانۆڕ به‌ كارتى ریفراندۆمه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت وه‌ك كارتێكى گوشار له‌سه‌ر حكومه‌تى ناوه‌ند به‌كاریبێنن بۆ به‌ده‌ستهێنانى (رێككه‌وتنى باشتر) و ده‌سه‌ڵاتى زیاتر بۆ هه‌رێمه‌كه‌، یاخود هه‌ندێك داواكارییان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ ناكۆكییان له‌سه‌ره‌، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك. به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ لۆژیكیه‌ كه‌ بڕوا به‌وه‌ بكرێت كورده‌كان مانۆڕ به‌ خه‌ونى نه‌ته‌وه‌ییانه‌وه‌ بكه‌ن و بیانه‌وێت پلانى ریفراندۆم ته‌نیا بۆ گوشار خسته‌سه‌ر به‌غدا به‌كاربێنن له‌ پێناو هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتى كاتى یاخود هه‌ندێك سازشى سنووردار له‌و ناوچانه‌ى كه‌ ناكۆكییان له‌سه‌ره‌؟

كورد كارتى زۆرى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ده‌یتوانى به‌كاریان بێنێت ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ر ئاڵوگۆڕێكى دیاریكراو بێت بۆ ده‌سه‌ڵات و خاك. هه‌روه‌ها ئه‌وان له‌ نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتێكى زۆریان هه‌یه‌ و ده‌ستوریش له‌ 2005 دا له‌ چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریدا چه‌سپاندوویه‌تى، ئیتر به‌پێى ئه‌مرى واقیع و له‌ سایه‌ى بارودۆخى خراپى عێراقدا له‌ ره‌وشێكى نزیك له‌ سه‌ربه‌خۆیدا ده‌ژین. 

به‌ ڕاى من، ویست و ئاواته‌كانى كورد له‌مانه‌ زیاترن، به‌ڵام له‌به‌ر هۆكارگه‌لێكى زانراو به‌هۆشیارییه‌وه‌ ده‌جووڵێن و ره‌فتار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ونه‌كه‌یان له‌بارنه‌برێت یاخود ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان له‌ده‌ستنه‌چێت كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ مێژوویى ده‌زانن. بۆ ئه‌مه‌یش هه‌وڵیاندا دڵنیایى بده‌نه‌ به‌غدا و لایه‌نه‌ ئیقلیمیه‌كان و وتیان ریفراندۆمه‌كه‌ ته‌نیا پرۆسه‌یه‌كى راپرسییه‌ سه‌باره‌ت به‌ داهاتوویان و ئه‌نجامه‌كه‌یشى ماناى راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى جیابوونه‌وه‌ نییه‌، هه‌روه‌ها نه‌ كه‌ركوك و نه‌ هیچ ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى جێناكۆك ناگرێته‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌یشه‌وه‌ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند "ریفراندۆمه‌كه‌ ماناى ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدان و ده‌ركه‌وتنى ئه‌نجامه‌كانیدا ئیتر گه‌لى كوردستان راسته‌خۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان راده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵكو ماناى ئه‌وه‌ ده‌به‌خشێت كه‌ هه‌موو لایه‌ك بزانن گه‌لى كوردستان چى ده‌وێت بۆ داهاتووى خۆى و چۆن چاره‌نووسى خۆى دیاریده‌كات". 

كورده‌كان درك به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ڕێگه‌ى جیابوونه‌وه‌دا رووبه‌ڕووى ره‌تكردنه‌وه‌ى ناوخۆیى ده‌بێته‌وه‌، ئه‌م قسه‌یه‌یشیان له‌ زۆر لێدوانى به‌رپرسانى عێراقدا بیستووه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ره‌مزه‌كانى ره‌وتى شیعى. هه‌روه‌ها ده‌یشزانن كه‌ توركیا و ئێرانیش به‌توندى دژى ریفراندۆمه‌كه‌ن و به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر (ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ییان) دایده‌نێن، چونكه‌ ویست و ئاواته‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانى كوردى هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ په‌ره‌پێده‌دات و پته‌وى ده‌كات، به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ سوریایش كه‌ كورده‌كان دۆخى خۆیان باشكردووه‌ و سوودمه‌ندبوون له‌ پشتگیریى خۆرئاوا و رۆڵى خۆیان له‌ جه‌نگى داعشدا.

له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ كورده‌كانى عێراق به‌ هۆشدارى و وریاییه‌وه‌ هه‌نگاوده‌نێن و نایه‌نه‌وێت سه‌ربه‌خۆیى رابگه‌یه‌نن له‌ دواى ته‌نیا راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كانى ریفراندۆمه‌كه‌ كه‌ پێده‌چێت به‌ رێژه‌یه‌كى زۆر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى جیابوونه‌وه‌ یه‌كلاببێته‌وه‌. بۆیه‌یش ئاوا له‌ لێدوانه‌كانیاندا ده‌ستیانگرتووه‌ به‌وه‌وه‌ كه‌ ئێستا نایانه‌وێت سه‌ربه‌خۆیى رابگه‌یه‌نن. ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ وه‌ك (راگه‌یاندنى نیاز و نیه‌تێك) وایه‌ و كارتێكى گوشاره‌ به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى دانوستانى جیابوونه‌وه‌ى ره‌زامه‌ندانه‌ى ئێستا بێت یان دواتر.  

چه‌ندین لایه‌نى نێوده‌وڵه‌تییش، هه‌روه‌ها ئامۆژگاریى كورد ده‌كه‌ن به‌وه‌ى كه‌ به‌ وریایى بجوڵێنه‌وه‌ و هه‌نگاوى راگه‌یاندنى جیابوونه‌وه‌ى تاكلایه‌نه‌ نه‌نێن، چونكه‌ كارێكى له‌وجۆره‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆى داگیرساندنى ره‌وشه‌كه‌ و له‌وانه‌یه‌ سه‌ربكێشێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌كى فراوانتر كه‌ ئێران و توركیایشى تێبكه‌ون. ئه‌مریكیه‌كان ده‌ڵێن ئه‌وان سه‌ره‌ڕاى تێگه‌یشتنیان بۆ داخوازیى كورد به‌ڵام وایده‌بینن كه‌ ریفراندۆم له‌مكاته‌دا وا ده‌كات بارى سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر (مه‌سه‌له‌ پێویستتره‌كانى وه‌ك جه‌نگى دژى داعش، به‌ نموونه‌) ده‌گوازێته‌وه‌. 

هه‌رچى روسیایشه‌ ئومێدى ئه‌وه‌ى ده‌ربڕیوه‌ كه‌ هه‌ولێر حساب بۆ (ده‌ره‌نجامه‌ سیاسى و جیۆسیاسى و دیمۆگرافى و ئابورییه‌كان)ى ئه‌و هه‌نگاوه‌ بكات (به‌تایبه‌ت كه‌ مه‌سه‌له‌ى كورد سنوورى عێراق تێده‌په‌ڕێنێت).

حكومه‌تى عێراقیش لایخۆیه‌وه‌ تائێستا هه‌ر به‌وه‌نده‌ وازیهێناوه‌ كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ ره‌تبكاته‌وه‌ و ده‌ڵێت ئه‌و دژى هه‌ر هه‌نگاوێكى لایه‌نى كوردیه‌ بۆ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى، چونكه‌ داهاتووى عێراق تایبه‌ت نییه‌ به‌ ته‌نیا لایه‌نێك. هه‌نگاوه‌كه‌یشى به‌ ناده‌ستورى و نایاسایى  داناوه‌ و ئاماژه‌ ده‌كات به‌و ده‌ستوره‌ى كه‌ عێراق به‌ وڵاتێكى دیموكراتیى فیدراڵى خاوه‌ن سه‌روه‌ریى نیشتمانیى ته‌واو، ناوده‌بات. به‌ڵام ئاخۆ به‌ڕاست ئه‌مڕۆ كه‌س ره‌چاوى ده‌ستور له‌ عێراق ده‌كات؟.
 
حكومه‌تى عێراق كارێكى باشى ده‌كرد ئه‌گه‌ر بچوایه‌ته‌ دیالۆگێكى جدیى و قووڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كورد و له‌گه‌ڵ هه‌موو پێكهاته‌كانى تردا بۆ داننان به‌ مافه‌كانیاندا نه‌ك ره‌تكردنه‌وه‌یان، هه‌ره‌وه‌ها له‌ سۆنگه‌ى ویستى بۆ گه‌ڕان به‌ دواى شێوازگه‌لێكدا كه‌ سه‌قامگیرییه‌ ونببوه‌كه‌ بێنێته‌وه‌ و دڵنیایى بداته‌ هه‌موو پێكهاته‌كان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى یه‌كسانى و به‌شداریى ته‌واو و راگرتنى دێوى تایه‌فه‌گه‌ریى كه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ى راسته‌قینه‌ى سه‌ر یه‌كێتى عێراق و سه‌لامه‌تیى و پێكه‌وه‌ژیانى خه‌ڵكه‌كه‌یه‌تى. 

ئه‌م وڵاته‌ پێویستى به‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌ر قسه‌ى ئینشایى ده‌رباره‌ى داننان به‌ جۆراوجۆریى و پێویستیى پێكه‌وه‌ژیانى بكرێت، به‌ڵكو پێویست ئه‌مه‌ ته‌رجه‌مه‌ى ئه‌رزى واقیع بكرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ عێراقدا ده‌گوزه‌رێت له‌ راستیدا مایه‌ى دڵنیایى و گره‌نتى نییه‌ و سه‌ركه‌وتوویش نابێت له‌ قه‌ناعه‌تپێهێنانى كورده‌كان بۆ ده‌ستبه‌رداربوونیان له‌ خه‌ونه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یان. ریفراندۆمیش هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ ته‌رجه‌مه‌كردنى ماناى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ر ده‌وڵه‌تێك شكستبێنێت له‌ بونیادنانى هاووڵاتیبوونى راسته‌قینه‌ و نیشتماندا، ئه‌وا ریفراندۆم به‌هاكانى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كسانى و ئینتیماى راسته‌قیینه‌ى تێدا ده‌چه‌سپێنێت و جێگیرى ده‌كات. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە