موقتەدا سەدر لە ریاز

بۆچوون / بیروڕا :: 01/08/2017

نووسینی: عەبدولڕەحمان ئەلڕاشد
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

دیمەنەكانی هەژموونی ئێرانی بەسەر كایەكانی ژیانەوە لە عێراق روون و ئاشكران، هەر لە بازرگانی و بیناسازی و بەرهەمی خراپەوە هەتا دەگاتە كۆنترۆڵكردنی بانقەكان و حكومەت و پارلەمان و حزبەكان. وەك ئەوەی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز باسی بارودۆخەكە دەكات دەڵێت لەوێ‌ هەژموونیان بەسەر هەموو شتێكەوەیە، هەر لە كەناڵە تەلەفزیۆنیەكانەوە هەتا فرۆشتنی مادە هۆشبەرەكان. 

ئێران هەوڵدەدات پاساوی بوونی خۆی و دەستبەسەرداگرتنی عێراق بەوە بێنێتەوە كە عێراق پێویستی پێیەتی و ئەگەر ئەو نەبێت ئەوا دەڕووخێت و تەنانەت باسی ئەوەیش دەكات كە ئەوە ئەوبووە شاری موسڵ-ی لە داعش رزگاركردووە. ئەمەیش راست نییە، چونكە شەڕەكە بەشێوەیەكی سەرەكی سوپای عێراق، بە پشتیوانی و پشتگیریی ئەمریكا كردوویەتی. جگە لەمەیش ماوەی چواردە ساڵە ئێران كار بۆ نفوز و بوونی خۆی دەكات لە عێراقدا و تەنانەت بووەتە (الباب العالی) و وایلێهاتووە زۆربەی سیاسیەكانی عێراق، بە سوننەی عەرەب و توركمان و كورد-ەوە، ئەوانەی كە دەرگای تاران-یان دۆزیوەتەوە، پەنای بۆ دەبەن بۆ ئەوەی پشتیوانیی و رەزامەندیی سەركردەكانیان بەدەستبێنن، بە تەواوی وەك چۆن سیاسیەكانی لوبنان مل بۆ رەزامەندیی سەرۆك لە دیمەشق كەچ دەكەن.  

لە سای ئەم هەژموونە ئێرانیە و لە بەرامبەریدا، سەردانێكی ئازایانەی سەید موقتەدا سەدر دەبینین بۆ سعودیە. ئەو یەكێكە لە دیارترین ئەو كەسانەی كە زۆرترین كاریگەرییان لە گۆڕەپانەكەدا هەیە. بەردەوام جەخت لە رەتكردنەوەی هەژموونی ئێران دەكاتەوە و مكوڕە لەسەر سەربەخۆیی بڕیاری عێراقی و ئاڵنگارییەكانی بۆ سیاسەتمەدارانی لە شێوەی نوری مالیكی جێگری سەركۆماری ئێستا كە سەرەك وەزیرانی پێشوو و خراپترینیان بووە لە مێژووی عێراقدا.  
هەڵوێستی سەدر و ژمارەیەك لە سەركردە عێراقیەكان، رەتكردنەوەی پەیوەندیی باش نییە لەگەڵ تاران-ی دراوسێدا، بەڵكو دژی هەژموونیەتی. ئەوان دژی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەكان و دەسەڵاتەكانن لەلایەن تارانەوە، دژی گۆڕینی ئاراستەی ئاوی رووبارەكانن لە سنوور و هەڵكەندنی ناوچە نزیكە نەوتیەكانن، دژی بەكارهێنانی كۆمپانیا و بانقە عێراقیەكانن بۆ ئەوەی نەكرێنە بازاڕێكی نهێنیی بۆ ئەو مامەڵانەی ئێران كە لەڕووی نێودەوڵەتیەوە قەدەغەن، دژی دروستكردن و هاندانی چالاكیی میلیشیا عێراقیەكانی دەرەوەی دەسەڵاتن، دژی دەستوەردانی سوپای پاسدارانی ئێرانین لە حكومەت و پارلەمان و لە دامەزراندنی پارێزگارەكان و سەرۆك شارەوانیەكان و ئیدارەی میدیای فەرمی و شوێنكەوتنی میدیای تایبەت-ن. 

عێراق وڵاتێكی گەورەیە و كۆماری مۆز-ی رژێمە دینیە ئەمنیە توندڕەوەوەكەی تاران نییە تا لە رووی داراییەوە دایدۆشێت بۆ پشتگیریی سەركێشیە سەربازیەكان لە سوریا و لوبان و ناوچەكانی دیكە. عێراقی ئەمڕۆی ژێر هەژموونی سوپای پاسدارانی ئێرانی، بە هەموو پێوەرێك وڵاتێكی هەژارە، ئەمەیش نەك لەبەر ئەوەی كە لە رووی سەرچاوە دارییەكانیەوە كەموكورتیی هەبێت بەڵكو دەرەنجامی گەندەڵیی گەورەی ناو دامەزراوە عێراقیەكان و هەروەها بەهۆی تاڵانكردنی سەرچاوەكانیەوەیە لەلایەن ئێرانەوە. 

لە بەرژەوەندیی دەوڵەتانی ناوچەكە، وەك دەوڵەتەكانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو-دایە كە پشتگیریی لە سەربەخۆیی عێراق بكەن و بە گەلەكەی رابگەیەنن كە ئەوان بە تەنیا نین. لێرەدا هەمان بیروڕا كۆنەكەم دووبارە دەكەمەوە كە خۆدوورگرتنی كەنداو سیاسەتێكی هەڵەبوو و كارئاسانیی كرد بۆ ئێرانیەكان تا دەستوەردان بكەن و پەلبهاوێژن. هەروەها روانینە عێراق وەك پێكهاتەیەكی تایەفی وێناكردنێكی هەڵە و پێچەوانەی راستیە سیاسیەكانی سەر ئەرزی واقیع و تێنەگەیشتنە لە دینامیكیەتی سیاسەت و كۆمەڵگەی ئەوێ‌.

پێش ئەوەی ریاز پێشوازیی لە سەید سەدر بكات، حەیدەر عەبادی سەرەك وەزیرانی عێراق سەردانی كرد و دەروازە داخراوەكانی خۆیی لە ئاڵووێری سیاسیی گرنگدا كردەوە بەڕووی هاوسێكەی باكوریدا.
ئاساییە بپرسین ئاخۆ عێراقیەكان دەتوانن رووبەڕووی ئێران ببنەوە، لەكاتێكدا ئێمە دڕندەیی میلیشیاكانی لە سوریا دەبینین و ئەویش هیچ گوێناداتە گوشتارگە ترسناكەكانی ئەوێ‌؟

رزگاركردنی عێراق بەلای عێراقییە نیشتمانپەرەوەرەكانەوە گرنگە بە جیاوازیی لایەنگیرییانەوە، ئەركی دەوڵەتانی ناوچەكەیشە كە هەڵوێستێكی روون و ئاشكرایان هەبێت دژی دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوەكانی رژێمی ئایەتوڵـڵا، لە نموونەی فەیلەفی قودسی ئێرانی، بەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق و حزبە سیاسیەكانیدا. عێراق بۆخۆی وڵاتێكی دەوڵەمەندە و وڵاتێك نییە كە وەك یەمن و سوریا كەموكورتیی لە سەرچاوەكاندا هەبێت، بۆیە دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بگێڕێتەوە هەركاتێك سەركردە نیشتمانپەروەرە عێراقیەكانی دەنگی خۆیان بڵندكردەوە و پەیامی بەرزی خۆیان راگەیاند و هەموان گوێیان لێ‌ بوو و وتیان نەخێر بۆ ئێران و نەئـ بۆ هیچ هێزێكی دیكە. عێراقیەكان پێویستیان بەوەیە كە هەموو جیهان دەنگیان ببیستێت بەوەی كە دژی هەژموونی ئێرانی دەجەنگن و سوپای پاسداران لە وڵاتەكەیان دەردەكەن، ئەمە پرۆژەی عێراقیەكانە نەك پرۆژەی كەنداویەكان یان عەرب یان كەسانی دیكە بێت.  




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure