روسیا و ئێران بەڵێنی وەڵامدانەوەی توندی ئەمریكا دەدەن

بۆچوون / بیروڕا :: 28/07/2017

نووسینی: رائد جەبر
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

مۆسكۆ و تاران بەڵێنی ئەوەیانداوە وەڵامێكی (بەئازار)ی واشنتۆن بدەنەوە. ئەم هەڕەشەیە دوای ئەوە هات كە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە زۆرینەی تەواو پرۆژە یاسای توندكردنەوەی سزاكانی سەر روسیا و ئێران و كۆریای باكوری پەسەند كرد كە دەبێتە هۆی لەباربردنی هەوڵەكان دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكایش بۆ كرانەوە بە رووی كرملین-دا. 

ئەوەی جێی سەرنجە، فرەنسا وایدانا كە سزاكان (لەوەدەچێت) پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی بن، چونكە چوارچێوە جوگرافیەكەی درێژ بووەتەوە بۆ دەرەوەی خاكی ئەمریكا. ئەماژەی بەوەیشداوە دەبێت یاساكانی فرەنسا و ئەوروپا هەمواربكرینەوە تا بگونجێن. 

جان كلود یۆنكەر سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا هۆشداریی ئەوەیداوە كە ئەم هەنگاوە كاریگەریی لەسەر ئاسایشی وزە لە ئەوروپا دەبێت. وتیشی "ئەگەر وەك ئەوەی پێویستە رەچاوی ترسەكانی ئێمە نەكرێت، ئەوا ئێمەیش ئامادەین لە چەند رۆژی داهاتوودا رەفتاری گونجاو بنوێنین. دروشمی یەكەمجار ئەمریكا، نابێت مانای ئەوە بگەیەنێت كە بەرژەوەندیەكانی ئەوروپا بخرێنە رێزی دواوە". 
 
419 ئەندام دەنگیان بە پرۆژەكە داوە و 3 ئەندامیش لەدژی بوون. پێشتریش لە 15 ی حوزەیراندا ئەنجومەنی پیران پرۆژە یاساكەی پەسەند كردووە، ئەوەبوو 98 كەس لە 100 ئەندامەكەی، لایەنگری بوون و دوانەكەی تریش دژی. ئەنجومەنەكە سەرلەنوێ‌ دەنگ لەسەر ئەو پرۆژەیە دەدات كە ئەنجومەنی نوێنەران تێیپەڕاند، پێش ئەوەی رەوانەی ترەمپ بكرێت بۆ ئەوەی واژۆی بكات یان رەتیبكاتەوە. 

وتەبێژی كرملین-یش لایخۆیەوە سزاكانی بە (هەواڵی خراپ) لەسەر پەیوەندیەكانی مۆسكۆ و واشنتۆن و هەنگاوێكی نادۆستانە لەقەڵەمدا. وتیشی كاتێك پرۆژەكە دەبێتە یاسا ئەوكاتە سەرۆك ڤلادیمێر پوتین بڕیار دەدات كە چۆن وەڵام بداتەوە و كاردانەوەی چی بێت. پێش ئەویش سێرگی ریاپكۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا وتی "ئەم هەنگاوە تازەیەی ئەمریكا هیچ بوارێكی نەهێشتووەتەوە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكان لە داهاتوویەكی چاوەڕونكراودا" هەروەها "ئەوەی ئەم پرۆژەیەی ئامادەكردووە و جێبەجێی دەكات، پلانێكی هێندە گەورەی داڕشتووە كە لە عەقڵێكی ساغ (عقل سلیم) دا جێینابێتەوە و بەرەو لەناوبردنی ئاسۆی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی روسیا-ئەمریكا دەڕوات". هەروەها دەڵێت "تەبەنیكردنی پرۆژەكە بە ئەنقەست بووە لەلایەن ئەو دوژمنانەی روسیاوە كە بە تەواوی جڵەویان بۆ خۆیان شلكردووە، لە ئێستا بەدواوە ئێمەیش لەم سۆنگەیەوە تەماشای ئەمریكا دەكەین". هۆشداریی ئەوەیشیداوە "واشنتۆن سەرچاوەی مەترسییە، پێویستە لەوە تێبگەین و لەم سۆنگەی ئەم تێگەیشتنەوە مامەڵە بكەین بە شێوەیكی هاوسەنگ و عەقڵانی". هەروەها "هەردەبێت نیگەران بین لەوەی كە بۆمبێكی زۆر ترسناكی خستووەتە پەیوەندیەكانی نێوان هەدوو وڵاتەوە". هۆشداریی ئەوەیشی دا كە پەیوەندیەكانی ئەمریكا و روسیا "لەرووی سیسی و دیپلۆماسیەوە دەچنە ناوچەیەكی نەزانراوەوە". "دوای سۆز ناكەوین، بەڵكو بە دوای ئامرازگەلی گەیشتن بە چارەدا دەگەڕێین سەبارەت بە مەسەلە گرنگەكانی وەك قەلاچۆكردنی تیرۆر و بڵاوبوونەوەی چەكی كۆكوژ".

كوستەنتین كۆساچۆڤ سەرۆكی لیژنەی كاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی فیدراڵ (پیران)ی روسیایش دەڵێت "وڵاتەكەم كاردانەوەیەكی فەرمی و بەهێزی دەبێت كە وەك ئەوەی ئەوان نابێت بەڵكو ئازاردەرتر دەبێت بۆ ئەمریكیەكان". كۆساچۆڤ داوای لەو ئەوروپیانەیش كرد كە كاریگەریی سزاكانی ئەمریكایان بەردەكەوێت، لە روسیا نزیكببنەوە. 

هەر لەو بارەیەوە، حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران رایگەیاند وڵاتەكەی "كاردانەوەیەكی گونجاو"ی دەبێت لەسەر سزاكان و وتی"ئەگەر دوژمن پێ‌ بنێت بە بەشێكی رێككەوتنە ئەتۆمیەكەدا، یان پێ‌ بنێت بە هەموو رێككەوتنەكەدا، ئێمەیش هەمات شت دەكەین". "سزاكان هەرگیز سیاسەتی ئێمە ناگۆڕن بۆیە ئەگەر ئەمریكیەكان دەیانەوێت خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی هەستیار ناوچەیەكی ئارام بێت و دەروازە ئاوییە هەستیارەكان بۆ جیهان ئارام بن، دەبێت وازبێنن لە سیاسەتە دوژمنكاری و ئیستیفزازیەكانیان".

عەباس عێراقچی-ی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش پرۆژەكەی كۆنگرێس-ی بە "دوژمنكاری"ی وەسفكردووە و بەڵێنی "كاردانەوەی یەكلاكەرەوە"ی داوە. بەهرام قاسمی-ی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش پرۆژەكەی بە (نایاسایی و رقاوی) ناوبردووە و هۆشداریی ئەوەیشیداوە كە "رێككەوتنە ئەتۆمیەكە دەخاتە بەردەم مەترسییەوە". بەڵام عەلی ئەكبەر ولایەتی راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەر  بۆ كاروباری دەوڵەت، پێیوایە سزاكان "پێشێلكردنێكی ئاشكرای رێككەوتنەكەیە و تاران بەشێوەیەكی یەكلاییكەرەوە وەڵامی ئەم رێوشوێنە دوژمنكارییە دەداتەوە". 

پێشتریش ترەمپ وتوویەتی كە "تووشی سەرسوڕمان دەبم ئەگەر ئێران پابەندبێت بە رێككەوتنەكەوە" كاتێك وادەی هەڵسەنگاندنی كارەكە دێت لە ماوەی سێ‌ مانگدا. هەروەها دەڵێت "ئەگەر رێككەوتنەكە بەوجۆرە نەڕوات كە پێویستە بڕوات، ئەوا كێشەی زۆر قورس دێنەبەردەم ئێرانیەكان. ئێوە-مەبەستی ئەوانەیە قسەیان بۆ دەكات-واتان دەزانی كە ئەوان-مەبەستی ئێرانیەكانە-دەڵێن سوپاس بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان، زۆرمان خۆشدەوێن. بەڵام دیارە ئازاترن و ئەم ئازایەتیەشیان زۆر درێژە ناكێشێت". 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە