دەربارەی دێموکراتى و دێموکراتییەت لە کوردستان

بۆچوون / بیروڕا :: 20/04/2016

پرسیاری دێموکراتی و دێموکراتییەت، لە پاش راپەڕین و لە کوردستان، بووەتە پرسیارێکی گرنگ و ناوەناوە لە کەناڵەکانی راگەیاندن باسی لێوە دەکرێ، بەڵام هیچ لەو باسانە جارێ بە قووڵی نەچوونەتە ناو هەناوی ئەمجۆرە سیستمەی بەڕێوەبردنی وڵات و نەیانتوانیوە بۆ جەماوەری کوردستان ڕوونیبکەنەوە کە هەبوونی دێموکراتییەت لە نان و هەوا بۆیان پێویستترە. 

لەڕاستیدا ئەم کەم باسکردن و ڕووننەکردنەوەیەیشە کە خەڵکێکی زۆر سیستمی حوکمڕانی دەستەڵاتی جەماوەر لەگەڵ هەڵسوکەوتی ناشیرن تێکەڵ بەیەکتر بکەن. لێرە یەک پرسیاری ئاسان دێتەگۆڕێ: مەبەست لە دێموکراتییەت چییە؟ 
وشەی دێموکراتی، وشەیەکی یۆنانییە و بە زمانی کوردی دەکاتە: حوکمڕانیی خەڵک یان دەستەڵاتی جەماوەر، بەڵام دێموکراتی بە مانا تەواوەکەی یۆنانی کۆن لەگەڵ دێموکراتی ئێستا جیاوازە و تێر و پڕ نەبوو. هەر بۆ نموونە: لە سیستمی دێموکراتی ئەوکات و لە یۆنانی کۆن: کۆیلە و ژن و خەڵکی ئاوارە مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان نەبوو، کە نیوەی زیاتری کۆمەڵیشیان پێکدەهێنا، لەگەڵ ئەوەش بۆ ئەوکات، پێشکەوتنێکی یەکجار گەورەبوو کە مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بیبینێ، ئەگەرچی باشیش دەزانین، دێموکراتییەت زیاتر بۆ کەسانی بەگزادە و چینی ناوەڕاستی کۆمەڵ بوو. 

لە تەمەنی ٢٥٠٠ ساڵەی هەبوونی دێموکراتی، کار لەسەر دەوڵەمەندکردنی کراوە و گەشەی پێدراوە، لەگەڵ ئەوەش لە پرسیاری: ئایا دێموکراتییەت پڕ بە مانای وشە، لە ئێستادا بوونی لە هیچ دەوڵەتێکی جیهانیدا هەیە؟ ناتوانرێ وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگە، بە یەک گوتاری کورت بدرێتەوە، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زۆر هەیە، ئەگەرچی دەتوانین بنووسین: سیستمی دێموکراتی قەت وەک ئێستا و ئەو سەد ساڵەی رابردوو گەشەی نەکردووە. قەت وەک ئەم سەد ساڵەی ڕۆیشتوو، جەماوەر نەیانتوانیوە دەسەڵاتیان بەو شێوە بەرفراوانە هەبێ، ئازادیی رادەربڕین و قسەکردنیان هەبی، یاساکان بەوشێوەیە لە خزمەت ئەواندابن، چونکە جەوهەری دیموکراتییەت بریتییە لەوەی کە دەنگی هاووڵاتی ببیسترێ و بگا، ئازادیی رادەربڕین و چاپەمەنی و دەنگدان هەبێ.

ئەکسێل هادێنیوس ( (Axel Hadeniuتوێژەری حکومەتناسی سویدی لەوبڕوایەدایە، تەنیا لەو ٢٠ ساڵەی دوایی، سیستمی حوکمڕانی لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دێموکراتییەت بەشێوەی زیاد لە ٥٠٪  لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و خۆرهەڵاتی ئەوروپا زیادی کردووە. ئەم گەشەسەندنە، ئاسیا و ئەفریقاشی گرتووەتەوە، بەڵام نەگەیشتووەتە باکوری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و قەفقاز. هەمان زانا لەوبڕوایەدایە، هەبوونی نەوت کاریگەریی زۆر نێگەتیڤی لەسەر پرۆسەی پێشکەوتن و گەشەسەندنی دیموکراتی هەبووە. هیچ وڵاتێک لەوانەی نەوت بریتییە لە نیوەی زیاتری داهاتی نیشتمانییان، دێموکراتی تێیدا گەشەی نەکردووە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چونکە لەو وڵاتانە حکومەت و حزبی دەستەڵاتدار، توانیویانە گروپ و خەڵکی زۆر بە پارە بکڕن، هەر ئەوانیش دەستەڵاتی بێسنووریان لەناو هێزەکانی: لەشکر و پۆلیس و دەزگاکانی هەواڵگری دروست کردووە و هەیە. 

لە سیستمی دێموکراتییەت، گرنگە جۆرێک لە جۆرەکانی بەڕێوەبردنی وڵات هەبێ، تا لە کۆتایی بزانرێ، چ کەسێک مافی یەکلاکردنەوەی پرسیارە ئاڵۆز یان بۆچوونە گرنگەکانی هەیە. با ئەم بیر و بۆچوونانە لەناو جەماوەریشەوە سەرچاوەیان گرتبێ، یان لەلایەن نوێنەرانیانەوە گەڵاڵە کرابێ، چونکە قەت ناتوانرێ، تەواوی پێشنیاز و داخوازییەکانی کۆمەڵ جێبەجێ بکرێن، بۆیەش لە سیستمی دیموکراتی فۆرمێک هەیە کە ڕای زۆرینە بە هەند وەردەگیرێ و دەکرێتە بڕیار. لێڕە زۆرینە لە زۆربەی کات، دەکاتە یەک دەنگ زیاتر لە نیوەی دەنگدەران، لەگەڵ ئەوەش، لەناو سیستمی دێموکراتی پێکهاتن (ئیتیفاق) بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکان پێویستە و هەیە و گرنگە، کاری پێدەکرێ و بایەخی زۆریشی پێدەدرێ. 

پرۆسەی بە دێموکراتیبوون لە هەر وڵاتێک، پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە، بەتایبەتیش لە وڵاتانی جیهانی سێ یان ئەو وڵاتانەی ئایین لەگەڵ دەوڵەت تێکەڵکراوە یان لە قۆناغی جیابوونەوەدایە و تازە ئەو میللەتە لە ژێردەستە رزگاری بووە و ئازادیی خۆی وەرگرتووە. لێرەدا گرنگە تێبگەین، قەت ناتوانرێ پەلە لە چەسپاندنی دێموکراتییەت بکرێ، چونکە هەبوونی دێموکراتی بە تەنیا نییە و بە کۆمەڵێک فاکتەری دیکەی زۆر گرنگ بەستراوەتەوە. هەر بۆ نموونە: دەبێ لەو دەوڵەتەدا: ڕەوشی ئابووریی حکومەت و هاووڵاتییان لەباربێ، ڕێژەی کەسانی نەخوێندەوار زۆر کەمبێ یان هەر نەبێ و زەمینە بۆ گەشەسەندن و سەقامگیربوونی دێموکراتییەت هەبێ. هەروەها، دەبێ ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەردەچن، یاسای ئەخلاقی بن، لە بەرژەوەندیی زۆرینەی جەماوەردابن. بۆ ئەوەی ئەمجۆرە یاسایانەش بنووسرێن، دەبێ کەسانی بەتوانا و ئازا و تێگەیشتوو بۆ پەرلەمان بنێردرێن. 

گرانە باس لە دێموکراتییەت بکرێ بێئەوەی ئازادیی رادەربڕین لەناو خودی حزبەکان هەبی، بێئەوەی شەفافییەت لە داهاتی دەوڵەت هەبی، بێئەوەی دێموکراتییەت لە ناو حزب خۆی ڕەگی داکوتابێ و هەبێ. ئەگەر هەندێک لەوانەی سەرەوەش هەبوون، دیسان پێویستە سەرکردایەتی کورد و سکرتێر و سەرۆک حزبەکانی کوردستان، خۆیان هەبوونی دێموکراتی بە پێویستییەکی مێژوویی بۆ حزب و وڵاتەکەیان بزانن و دانی پێدابنێن و کاری پێبکەن. 

ئەگەر لە ڕەوشی سیاسی کوردستان بکۆڵرێتەوە، هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردنەکان بکرێ، تیشک بخرێتە سەر کۆنگرەی حزبە سیاسییەکان، بە ئاسانی دەردەکەوێ کە زەمینە بۆ لەدایکبوونی دێموکراتییەت لە کوردستان جارێ لەبار نییە و نەڕەخساوە و کاری پێویستیشی بۆ نەکراوە. لەگەڵ ئەوەش، بۆ ئەوەی باشتر لە هەبوون یان نەبوونی دێموکراتییەت لە کوردستان بگەین یان بۆ ئەوەی باشتر کار بۆ دێموکراتییەت لە کوردستان بکەین، گرنگە کە باش لە کۆمەڵگای کوردەواری و دابونەریتی، لە مێژووی کورد و کوردستان و فەرهەنگی بگەین، بۆ ئەوەی حوکمەکان راست دەردەبچن. 

دەبێ بزانین و تێبگەین، هەبوونی سیستمی هەڵبژاردن و گۆڕینی حکومەت، کاکڵ یان هەوێنی دێموکراتییەتن و بۆ کوردستان زۆر پێویست و گرنگن، بەتایبەتییش لەبەر ئەوەی لە وڵاتی ئێمە زیاد لە یەک نەتەوە و ئاین و زمان هەیە. بۆ ئەوەی یەکڕێزی لەناو ئەوان بپارێزین، پەرە بە ئازادیی ڕادەربڕین بدەین، سوود لە ئەزموونی تاڵی رابردووی خۆمان و دراوسێکان وەربگرین، باشترین هەڵبژاردە بۆ هاووڵاتییانی کوردستان هەبوون و پەیڕەوکردنی سیستمی دێموکراتییە، با بەوشێوە تێرەیش نەبێ و کەموکورتیشی زۆربێ، هێشتا لە نەبوونی گەلەک باشترە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure