كورد رۆڵى ئه‌مریكاى دواى داعشى ده‌وێت

بۆچوون / بیروڕا :: 26/07/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات 
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

له‌نێو گۆڕینه‌وه‌ى تۆمه‌ته‌كان به‌ پێشێلكردنى ئاگربه‌سته‌كه‌ى ریفى دیمه‌شق، مۆسكۆ ده‌ستیكردووه‌ به‌ بڵاوه‌پێكردنى پۆلیسى-سه‌ربازیى له‌ ناوچه‌ى غۆته‌ى خۆرهه‌ڵاتدا. وه‌زاره‌تى به‌رگریى روسیا رایگه‌یاند كه‌ به‌ هاوكاریى له‌گه‌ڵ هێزه‌ نیزامیه‌كانى سوریا له‌ ناوچه‌كه‌دا، یه‌كه‌م خاڵى پشكنینیان ده‌ستبه‌كاربووه‌، ئه‌مه‌یش به‌پێى ئه‌و رێككه‌وتنى هێوربوونه‌وه‌یه‌ كه‌ مۆسكۆ و دیمه‌شق و گروپه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان پێیگه‌یشتوون.

سه‌ره‌ڕاى ئاگربه‌سته‌كه‌یش، ناوچه‌كه‌ هێرشێكى ئاسمانیى كراوه‌ته‌ سه‌ر كه‌ به‌گوێره‌ى (روانگه‌ى سوریى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ) 9 كوژراو و ده‌یان بریندارى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. مۆسكۆ ئه‌نجامدانى هێرشى ئاسمانیى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ و دیمه‌شق-یش هیچى له‌سه‌ر بۆردوومانه‌كه‌ نه‌وتووه‌. 

هاوشانى ئه‌مه‌، خاتوو ئیلهام ئه‌حمه‌د هاوسه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموكرات و باڵى سیاسیى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات ده‌ڵێت نابێت رۆڵى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش له‌ ره‌ققه‌ هه‌ر به‌ ئازادكردنى شاره‌كه‌ كۆتاییبێت، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌رده‌وام بێت له‌ پێناو گره‌نتیدان بۆ سه‌قامگیریى پاشه‌ڕۆژى. ئیلهام ئه‌وه‌یشى روونكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ى كورده‌كانى سوریا بۆ ئازادكردنى شاره‌كه‌ له‌ چنگى داعش پێشڕه‌ویى و رابه‌رایه‌تیى ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها پاراستنیشى، پێویستیان به‌ پشتگیریى سیاسى و دارایى ئه‌مریكا هه‌یه‌.

هاوسه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموكرات، له‌و لێدوانانه‌یدا كه‌ له‌ كۆبانى-یه‌وه‌ به‌ ئاژانسى ئه‌سۆشێتدپرێس-ى داوه‌، پێداگریى له‌وه‌یش كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پاراستنى ئاسایشى ناوچه‌كه‌ و هه‌روه‌ها ئاسایشى وڵاته‌كه‌یشیانى ده‌وێت، پێویسته‌ رۆڵى هه‌بێت له‌ دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى سوریادا. 

لێدوانه‌كانى ئه‌و خانمه‌ به‌رپرسه‌ى كورد له‌كاتێكدان كه‌ هێزه‌ نیزامیه‌كان به‌رده‌وامن له‌ پرۆسه‌كانیان دژى داعش له‌ ریفى خۆرهه‌ڵاتى ره‌ققه‌ و له‌ دوو به‌ره‌ى سه‌ره‌كییه‌وه‌ پێشڕه‌وییان كردووه‌: یه‌كه‌میان به‌ ئاراسته‌ى كه‌ناره‌كانى باشورى فورات و دووه‌میش به‌ ئاراسته‌ى سنوورى ئیداریى پارێزگاى ره‌ققه‌ له‌گه‌ڵ ریفى دێرزورى باكورى خۆرئاوا. هێزه‌ نیزامیه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ قووڵایى 9 كیلۆمه‌ترى ئه‌و سنوورانه‌، ئه‌مه‌یش نزیكترین ماوه‌یه‌ كه‌ له‌ قۆڵى ره‌ققه‌وه‌ بیگاتێ. ئه‌م پێشڕه‌ویكردنه‌یش سنوورى نێوان هێزه‌ نیزامیه‌كان و هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات ده‌كێشێت كه‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى پشتیوانییان ده‌كات.
 
له‌ لێدوانێكى دیكه‌یشدا كه‌ وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر  هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات لێكدانه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێت، سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ربازیى سوریا ده‌ڵێت هێزه‌ نیزامیه‌كان ده‌توانن له‌ ماوه‌ى ته‌نیا پێنج كاتژمێردا ره‌ققه‌ ئازاد بكه‌ن. ئێستا هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ پێشڕه‌ویى هێزه‌ نیزامیه‌كان بگاته‌ ئاستێك كه‌ ناوچه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وان قوتبدات.

ئه‌نجومه‌نى مه‌ده‌نیى ره‌ققه‌-یش كه‌ سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموكراته‌، ده‌ڵێت كاربه‌ده‌ستێكى هاوپه‌یمانى دژه‌ داعش پێیڕاگه‌یاندوون كه‌ سنوورێكیان بۆ پێشڕه‌وییه‌كانى هێزى نیزامى له‌ شاره‌كه‌دا داناوه‌ و تا ئێستایش پێوه‌ى پابه‌ندن.

دواى چه‌ند رۆژێك له‌وه‌ى كه‌ به‌رپرسانى ئیداره‌ى دۆناڵد تره‌مپ-ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا ئاشكرایان كرد و وتیان به‌رنامه‌كانى پشتیوانى و مه‌شقپێكردنى ئۆپۆزیسیۆنى سوریا راده‌گیرێت، عه‌لى حه‌یده‌ر وه‌زیرى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانیه‌كانى حكومه‌تى سوریا وتى ئه‌و بڕیاره‌ سه‌ره‌تاى چاره‌سه‌رى قه‌یرانى سوریایه‌. وه‌زیره‌ سوریه‌كه‌ به‌ ئاژانسى ده‌نگوباسى رۆیته‌رز-ى وتووه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانى ئه‌مریكا، له‌ پاره‌پێدانى ئه‌و گروپانه‌ى كه‌ به‌ میانڕه‌و ناویان ده‌بات و چه‌كداركردنیان و مه‌شقپێكردنیان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت شه‌ڕیان پێبكات و وه‌ك كارتى گوشار به‌كاریانبێنێت، هه‌موویان شكستیانهێنا.


حه‌یده‌ر، ویست-ى حكومه‌تى سوریایشى له‌وه‌دا ده‌ربڕیووه‌ كه‌ به‌رده‌وامیى زیاتر بدات به‌ ئاشته‌واییه‌كان له‌گه‌ڵ گروپه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان له‌و ناوچانه‌ى كه‌ ئاڵۆزییان تێدا هێواش بووه‌ته‌وه‌. ده‌یشڵێت ده‌كرێت ئه‌م ناوچانه‌ بكرێن به‌ چه‌ند كانتۆنێكى داخراو كه‌ هه‌موو بنه‌ما و پێداویستیه‌كانى به‌رگریى له‌خۆكردنیان هه‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌كرێت ئاشته‌واییه‌كى راسته‌قینه‌ له‌و ناوچانه‌دا بێته‌دى و سه‌ربگرێت. هه‌روه‌ك پێداگریى له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش كردووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تى سوریا و ده‌وڵه‌ته‌ هاوپه‌یمانه‌كانى هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن ئه‌م ئاگربه‌ست و هێوربوونه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ ئاشته‌وایى، چونكه‌ ئه‌مه‌ پرۆژه‌ى ده‌وڵه‌تى سوریایه‌. 

بۆ یه‌كه‌مجاریش تره‌مپ به‌رگریى كرد له‌ راگرتنى به‌رنامه‌ى ئاژانسى هه‌واڵگریى ئه‌مریكا (سى ئاى ئه‌ى) بۆ مه‌شقپێكردنى گروپه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان و پشتیوانیكردیان و به‌ به‌رنامه‌یه‌كى ترسناك و ناكارا و زۆرتێچووى له‌قه‌له‌مدا. 

ئێستا سه‌دان شه‌ڕكه‌رى روس گه‌یشتوونه‌ته‌ ناوچه‌ى حۆران و ده‌یانه‌وێت وه‌ك (هێزى دابڕ و جیاكه‌ره‌وه‌) له‌نێوان هێزه‌ نیزامیه‌كان و گروپه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كاندا جێگیر ببن. كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانى روسیایش بڵاوبوونه‌وه‌ى هێزه‌كانى پۆلیسى-سه‌ربازیى نیشانداوه‌ كه‌ له‌ ریف قونه‌یته‌ره‌ و له‌ یه‌كێك له‌ به‌ربه‌سته‌ سه‌ربازییه‌كانى نزیك به‌رزاییه‌ داگیركراوه‌كانى جۆلان دامه‌زراون. 

بنیامین نه‌تانیاهۆ-ى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى ئیسرائیل-یش گه‌شتێكى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى هێزه‌ ئیسرائیلیه‌كانى له‌جۆلان ئه‌نجامدا و دواتر له‌ پێگه‌ى فه‌رمیى خۆى له‌ تویته‌ر ئه‌وه‌ى روونكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ یاوه‌ریى وه‌زیرى به‌رگرى و سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئه‌ركانى گشتیى سوپا، سه‌ردانى باره‌گاى سه‌ركردایه‌تى فیرقه‌ى (هاباشان)ى له‌ جۆلان كردووه‌. دیمه‌نى نه‌تانیاهۆ ده‌بینرێت كه‌ ته‌ماشا و دیراسه‌ى نه‌خشه‌كان ده‌كات. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە