مۆر-ەكان و خەیاڵپڵاوییەكان

بۆچوون / بیروڕا :: 25/07/2017

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


كەسی فەرمانڕەوا پێویستی بە كەسێكە لە زیادەڕەویی خەونەكانی بیپارێزێت بۆ ئەوەی نەكەوێتە وەهمەوە (خەیاڵپڵاوەوە). ئەم پێویستیە دوو هێندەی لێدێت ئەگەر فەرمانڕەوای وڵاتێك بێت كە لەسەر سامان خەوتبێت. لە نەبوونیی دامەزراوەكان و گرەنتیدانەكاندا، سەرۆكی دەزگا یان وەزیر یاخود راوێژكار ئازایەتیی ئەوەی نییە مەزاجی فەرمانڕەوا تێكبدات بە راپۆرتێك كە تێیدا باس لە زەحمەت یان زیادەڕەوییەكان یاخود مەترسیەكان بكات. زۆر جار فەرمانڕەوا گوێی هەر لەوە دەبێت كە خۆی پێیرازییە و دڵی فێنك دەكاتەوە نەك راستی و حەقیقەتەكان.  

لە راستیدا ئەو رۆڵ-ە ناسروشتیانەی كە وەهم بەرهەمیاندێنێت، بەخێرایی دەگۆڕێن و دەبنە بارگرانی بەسەر خاوەنەكانیانەوە. ئەوە ئاشكرایە كە هەلومەرجەكانی (بەهاری عەرەبی) دەرفەتی ئەوەی دایە قەتەر رۆڵێك یاریی بكات كە لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی رۆڵی ئەوانی دی و سەروەریی هەندێك دەوڵەت، دامەزرابوو. رۆڵێك كە قەتەر نەیتوانی بیپارێزێت و ئیدارەی بدات، بەتایبەت كە رەشەبای تێكدانی سەقامگیریی لە زیاتر لە ناوچەیەكدا دوو هێنەلێكرد. ئەم جۆرە رۆڵ-انەیش هیچ چارەسەرێكیان نییە جگە لە لێپاشگەزبوونەوە و دەرچوون لەو قاموسەی كە هێناویەتە ئاراوە. 

فەرمانڕەوا مافی خۆیەتی خەونی هەبێت. مافی ئەوەیشی هەیە كە تواناكانی وڵاتەكەی بخاتە خزمەتی خەونەكانیەوە. بەڵام خەونەكان دەبێت نەخشەی وڵات و توانای لە ئەگەری سەركێشیەكان رەچاوبكات. پاشان كێ‌ وتوویەتی كە ئەوە مافی فەرمانڕەوایە خەون و خەیاڵەكانی لەسەر خاكی ئەوانیدی جێبەجێ‌ بكات؟. وەك بڕیار بدات كێ‌ فەرمانڕەواییان بكات و لە سایەی چ رژێمێكدا بژین؟. 

لە وڵاتەكەی خۆمەوە دەست پێدەكەم. ئایا لوبنان مافی ئەوەی هەیە بۆ نموونە بڕیار بدات كێ‌ فەرمانڕەوایی سوریا بكات؟ خۆ ئەگەر ئەو مافەی بدەینێ‌ مانای وایە كە سوریایش مافی ئەوەی هەیە بڕیار بدات كێ‌ فەرمانڕەوایی لوبنان بكات. چونكە مافی ئەوەمان نابێت بە یەكەمیان رازی بین و دووەمیش رەتبكەینەوە. 

هەر لەم رووەوە دەپرسین: ئایا قەتەر بۆ نموونە  كە سوودمەندی سامانەكەیەتی، مافی ئەوەی هەیە بڕیار بدات كە دەبێت كێ‌ فەرمانڕەوایی میسر بكات؟ لێرەدا جیاوازیی هەیە لە نێوان ئەوەی قەتەر رای خۆیی هەبێت لە بارودۆخی ئێستای میسر لەگەڵ ئەوەی پشتگیریی ئەو لایەنانە بكات كە دەیانەوێت بە زەبری هێز بیگۆڕن. خۆ ئەگەر قەتەر وابزانێت مافی سروشتیی خۆیەتی دەست لە میسر وەربدات، ئەی بۆ مافی ئەوەیش بە میسر نادات كە هەمان مامەڵە لەگەڵ قەتەردا بكات؟

ئایا قەتەر مافی ئەوەی هەیە بۆ نموونە بڕیار بدات كێ‌ سەرۆك یان وەزیری بەرگریی لیبیا بێت، سوودمەندبێت لە تواناكانی خۆی بۆ راكێشانی كەسەكان و گروپەكان لە وڵاتێكی لەبەریەكهەڵوەشاودا؟ ئەی بۆچی نكۆڵی لەوانی تر دەكات كە مافی دەستوەردانیان لە هەمان ئەو كوتاڵەدا هەبێت؟ 

ئایا قەتەر بۆ نموونە مافی ئەوەی دەبێت پشتیوانیی لە دەستە و گروپگەلێك بكات دزە بكەنە ناو دەوڵەتانێكەوە كە سەر بەونین، كوشتار و تەقینەوەیان تێدا بكەن و پاشان لەوێوە بچنە ئەم پایتەخت و ئەویترەوە؟

دەوڵەتان مافی خۆیانە خەونیان هەبێت و سامانەكەیان هانیان بدات بۆ زیادەڕەویكردنیش، بەڵام مافی ئەوەی نییە لە ناوچەی خەونەوە بپەڕێتەوە بۆ ناوچەی وەهم و خەیاڵپڵاوی. ئەوە هەر رۆڵ-ە سروشتیەكانن كە بەردەوام دەبن. رۆڵە گەورەكان بە دەوڵەتە بچووكەكاندا دەتەقنەوە ئەگەر لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتی و عورفەكاندا نەیەنەوە و یەكانگیرنەبن. وڵاتە بچكۆلەكان ناتوانن ئەو رۆڵە گەورانە هەزم بكەن كە لە مانۆڕ و گێژاوەكانی ژێر مێزەكانەوە داڕێژراون. هەروەها ئەو رۆڵانەیش كە بە پەلە و بە پێچەوانەی لۆژیكەوە دێنەئاراوە ناتوانن زۆر بمێننەوە و لەسەر حسابی رۆڵە ئاسایی و سروشتیەكان بژین. 

دەوڵەتاكانیش وەك كەسەكان لە رۆڵبینینەكاندا تووشی ئیغرابوون دەبن و دەكەون. نێوبژیوانە ئاشكرا و نهێنیەكان. دەستوەردانە راستەوخۆكان یان لەڕێی نێوبژیوانەكانەوە. كارەكە دەگاتە ئاستێكی ترسناك كاتێك خاوەنی رۆڵ-ەكە وادەزانێت توانای ئەوەی هەیە كە دووبارە پێوەری هێزەكان دابڕێژێتەوە لە ناوچەیەكی تێكچڕژاودا یان دەتوانێت هاوسەنگییە مێژووییەكانی هەموار بكاتەوە. 

گۆڕەپانەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ورووژێنەرن و داوای دەستەوردان دەكەن. دەوڵەتەكان هەمیشە پۆزش و داوای لێبووردنیان هەیە لە سنووربەزاندن و پاكتاوی حساباتەكاندا. بەڵام ئەم گۆڕەپانانە مینڕێكراون. زەحمەتە سەركردەكانی ئاسانكاریی بكەن بۆ خاوەن رۆڵی تازەكەرەوە و هەروەها كۆڵەكەكانی بەردەوامییشیان نییە. ئیتر ئەسپی ئەم رۆڵە سامان بێت یان ئیسلامی سیاسی یاخود شتی تر ئەوا هەمیشە چارەنووسی ئەم ئاراستەیە خۆكێشانە بە واقیعەكاندا.

دەربازبوونی راستەقینە لەم قەیرانەی ئێستا لە گەڕانەوەدایە لە سەردەمی وەهم و خەیاڵپڵاویەكان. قەتەریش هەمان مافی ئەوەی هەیە كە رای خۆیی هەبێت دەربارەی ئەوەی لە ناوچەكە و جیهانیشدا دەگوزەرێت، بەڵام مافی ئەوەی نییە كە توانا جۆراوجۆرەكانی خۆی بەفیڕۆ بدات لە پرۆژەیەكدا بۆ پەشێوی نانەوەیەكی گەورە لە ناوچەكەدا. ئەو پەشێویەی كە لە كۆتاییدا دەڕژێتە خزمەتی هێزگەلێكی غەیرە عەرەبی لە ناوچەكەدا.

سەرەڕای جیاوازیی دەوڵەتەكان و قەبارە و سەردەمەكان، لێرەدا وانەیەكیش هەیە كە پێویستە لێوەی فێرببین. ئایا داگیركردنی كوەیت بەرهەمێك لە بەرهەمەكانی پەڕینەوەی خاوەن مۆر-ەكەی عێراق نەبوو لە قۆناغی خەونەكانەوە بۆ قۆناغی خەیاڵپڵاویەكان؟ ئایا سەدام حسێن لەو باوەڕەدا نەبوو كە دەتوانێت پێوەرەكان بگۆڕێت و واینەدەزانی كە ناوچەكە بەهۆی كارەكەی ئەوەوە سەقامگیر دەبێت؟ و جیهانیش ناچاردەبێت لەگەڵ بەهێزەكەدا هەڵبكات و بگونجێت؟. دەرەنجامەكەیش ئەوە پێویستی بە لێكدانەوە و لەسەروتن نییە.  

ئەوێ‌ رۆژێ‌ موعەمەر قەزافی لە ناوچەی خەونەكانەوە پەڕییەوە بۆ تەڵەی وەهمەكان. بە نهێنی پارەكانی خۆیی نارد بۆ گروپگەلێكی چەكدار بۆ زیاتر لە كیشوەرێك. هەندێك جار دەستی لەوەیش نەدەپاراست كە باڵیۆزخانەكانی لیبیا بەكاربێنێت بۆ ناردنی تەقەمەنی. تەنگی بە دەوڵەتانی نزیك و دوور هەڵچنی. پێشوازیی لە تۆنی بلێر سەرەك وەزیرانی بریتانیا كرد و بەجۆرێك لەگەڵیدا دانیشت كە پێڵاوەكانی لەبەرامبەر دەموچاوی میوانەكەدا بێت. ئێستا قەزافی كوا؟ ئەی بلێر لە كوێیە؟ لیبیا كوانێ‌ و بریتانیا لە كوێدایە؟
رۆژێكی تر سەرهەنگ بەوە دڵخۆشبوو كە سیلڤیۆ بێرلسكۆنی پێشخۆیی خستووە و دەستی ماچ كردووە. بێرلسكۆنی لە كوێیە و قەزافی كوا؟ ئەی ئیتالیا لەكوێدایە و لیبیایش لە كوێ‌؟.
پێویستە فەرمانڕەوا ئاگاداری هەڵمپێو (ئامێری هەڵمكەر) (ماستاو)ی ستایشكاران بێت. ئەوە ژەهرێكی رووتە. دەیەوێت درێژە بدات بە مانەوەی خۆی لەپاڵ خاوەن مۆر-ەكەدا. پاڵیدەنێ‌ و هانیدەدات بۆ تەڵەی خەیاڵپڵاوی و لێرەیشەوە كارەساتەكە دەست پێدەكات. چەند قورس و زەحمەتە كە خەیاڵپڵاویی كۆنترۆڵی خاوەن مۆرەكان بكات. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure