توركیا لە (قۆناغی دروستبووندایە)

بۆچوون / بیروڕا :: 22/07/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


پێش چەند رۆژێك، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ئاهەنگی سەركەوتنی خۆیی بەسەر كودەتاكەدا گێڕا و ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی لێ‌ دوورخستەوە كە بە هەموو هێزێكیەوە لایەنگری بوو و لەگەڵیدا دژی كودەتاكە وەستایەوە، بەمەیش ئەردۆغان جیاوازی و لێكتراتزانی نێوان عەلمانیەكان و ئیسلامیەكانی چەسپاند. ئاهەنگەكان بە دروشم و هەلهەلە و لەڕێی میدیاوە نەبوون، بەڵكو نمایشێكی هێز و تۆقاندنی هەموان بوو تەنانەت بە لایەنگرەكانی خۆیشیەوە. ئەوەیشی جەختكردەوە كە كۆماری ئەتاتورك بووەتە كۆماری خۆی لە دوای ئەو گۆڕانكاریانەی لە هەموو دامەزراوەكاندا كردنی و لە دوای لێدانی سەنگ و قورسایی دەوڵەتەكە و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراندنی رێكخراوگەلی دیكە بۆ جێگرتنەوەی ئەوان و لایەنگریی خۆی. كار گەیشتووەتە ئاستێك سەربازەكانیش خراونەتە ژێر فەرمانی دەسەڵاتی سیاسیەوە و خوێندكارانی پەیمانگا ئاینییەكانیش وەك جاران نەماون و ئێستا دەتوانن بچنە ریزی دامەزراوە سەربازیەكانەوە. هەموو ئەم بڕیارانە بە مەرسوومی سەرۆكایەتی دەركراون و بە توندی جێبەجێدەكرێن بۆ گۆڕینی بڕوای سوپا. 

بەشێوە وادەردەكەوێت كە بڕیارەكانی ئەردۆغان بۆ چەسپاندن و پتەوكردنی عورفەكان بێت لە دەوڵەتە دیموكراتیەكاندا كە تێیاندا سوپا پابەندی دەسەڵاتی سیاسیە و بڕیارەكانی جێبەجێ‌ دەكات، بەڵام سیاسەتمەداران و بڕیارەكانیان لە وڵاتە دیموكراسیەكاندا ملكەچی چاودێریی پارلەمان و میدیا و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكانن و هیچ بڕیارێك وەرناگیرێت هەتا گفتوگۆی زۆری لەسەر نەكرێت، بەتایبەت ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە جەنگەوە هەیە. بەڵام لە توركیا ئەردۆغان هەموو دەسەڵاتەكانی لە دەستی خۆیدا قۆرغ كردووە. كۆنترۆڵی پارلەمانی كردووە. لە پارتەكان و سەندیكاكانی داوە. دەیان رۆژنامەی راگرتووە و كاربەدەستانی حزبەكەی خۆیی داناوە بۆ بەڕێوەبردنیان. دەیان هەزار نەیار و ئۆپۆزیسیۆنی خستووەتە زیندانەوە. لەبەردەم هیچ دەستەیەكی چاودێردا بەرپرس نییە. هەموو هێزە ئەمنیەكانی خستووەتە ژێر فەرمانی خۆیەوە و لە سەركوتكردنی ئۆپۆزیسیۆندا بەكاریاندێنێت. واتا توركیای گۆڕیوە بۆ دەوڵەتێكی پۆلیسی و كارێكی كردووە كە چیدی بە كەڵكی ئەوە نەماوە بچێتە (بەهەشت)ی یەكێتی ئەوروپاوە، چونكە بڕیارەكان و مەرسومەكانی لەگەڵ ئەو پێوەرانەدا نایەنەوە كە تایبەتن بە ئەندامەكانی یەكێتیەكەوە. 

رێنمایی و ئاراستە ئیسلامیەكانی ئەردۆغان، پێشتر، بەلای برۆكسل-ەوە پەسەند بوون و دەكرا گشتگیر بكرێن بەسەر ئەو ناوچانەی (كە دیموكراسی تێیاندا زەحمەتە)، بەتایبەت كاتێك كە سەرەك وەزیران بوو و لەگەڵ كوردەكان كەوتبووە گفتوگۆ و رێگەی پێدان نوێنەرەكانیان بگەیەننە پارلەمان، ئەوانە هەنگاوگەلێك بوون كە لەسەردەمی دەسەڵاتی عەسكەردا مەحاڵ بوون. بەڵام كاتێك حزبەكانیانی بە تیرۆریست دانا و هەندێك لە پارلەمانتارەكانیانی خستە زیندانەوە، هەوەها دوای گۆڕانكارییە یەك بەدوای یەكەكان لەوكاتەوەی كە پارتی (داد و گەشەپێدان) بەرنامە سیاسیەكانی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوەدا جێبەجێدەكات، ئیتر توركیا لە دیدی بەرلین-دا وەك ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی رۆژانی شیوعیی لێهات و لە دیدی ئەنقەرەدا بووە (نازی) وەك خودی ئەردۆغان وتی.

ناكۆكیەكانی ئەنقەرە و بەرلین درێژەیان كێشا تا گەیشتنە پەیمانی ئەتڵەسی و ئەڵمانیا سەربازەكانی خۆیی لە بنكەی ئەنچەرلیك كشاندەوە. ئەنقەرە-یش ئەو پەرۆشیەی جارانی بۆ ئەندامێتیی لە یەكێتی ئەوروپادا نەما، چونكە كۆتوبەند دەخاتە سەر جموجووڵەكانی حكومەتەكەی لە ناوخۆ و دەرەوەیدا. 

ئەردۆغان لە بۆنەی ئاهەنگەكانی خۆی بە بۆنەی راماڵینی كودەتاچییەكانەوە، لە زە گاردیان-دا نووسیویەتی"دووڕوویی و ریایی ئەوروپیەكان گەلی توركیایان بێزاركرد، ئەو گەلەی كە قوربانیی بە هەموو شتێك دا بۆ بەرگریی لە ئازادیی خۆی". لە دیدارێكی لەگەڵ بی بی سی-یشدا جەختی لەوەكردەوە كە بەلای توركیاوە یەكێتی ئەوروپا ئەو "گرنگییە"ی نەماوە.

توركیا وا خۆی دەبینێتەوە كە سەركردە و پێشڕەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێز دەنێرێت بۆ عێراق و سوریا و قەتەر، وەك هێزێكی ئیقلیمی رەفتار دەكات، بە ناوی هەموانەوە لەگەڵ واشنتۆن و بەرلین و مۆسكۆ قسە دەكات، هاوپەیمانیی دەبەستێت، پشتیوانی لە گروپە چەكدارەكان دەكات بۆ قایمكردنی نفوسی خۆی. كەچی ئەوروپا وەك دەوڵەتێك دەیبینێت كە لە دۆخ و قۆناغی پێكهاتن و دروستبوون-دا بێت وەك باقی دەوڵەتانی ناوچەكە. ستەم بەڕێوەی دەبات و لەبەردەم جەنگی ناوخۆ و دابەشبووندایە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure