شیعر وەك چەكێكی سیاسی دەگەڕێتەوە

بۆچوون / بیروڕا :: 16/07/2017

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

زور كەس پێیانوابوو كە وەختێك سیاسەت رۆدەچێتە شیعرەوە، بارگرانییەكی دەداتێ‌ كە تەحەمولی ناكات. لەوەیش زیاتر فەیلەسوفێكی وەك جی. ئێڵ. ئۆستن لە كتێبەكەیدا (چۆنیەتی كاری شتەكان بە وشە) دەگاتە ئەوەی بڵێت شیعر تەنانەت لەگەڵ جدییەتیشدا نایەتەوە و خەمەكانی سیاسەت كورتمەودا و زۆربەیان كاتیین، بۆیە ئەو شیعرانەی كە تێهەڵكێشی سیاسەتن شیعری سەردەمەكەی خۆیانن.
  
لە بریتانیا شیعر وەك بەرجەستەییەك گەڕایەوە و لە كارە شیعرییەكانی شاعیری رۆمانتیكی ئینگلیز پێرسی شیللی-دا سەرلەنوێ‌ وەك چەكێكی سیاسی هاتەوە مەیدان. پێش چەند رۆژێكیش جێرمی كۆربین سەركردەی پارتی كرێكاران لە فێستیڤاڵێكی گەورەدا چەند دێڕە شیعرێكی شیللی-ی هێنایەوە بۆ گڕدانی جۆشوخرۆشی جەماوەر. ئەمە جگە لەوەی كە دروشمی پارتی كرێكاران لە دوا هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەیدا، لە دوا دێڕی هەمان ئەو شیعرەی شیللی-یەوە وەرگیراوە كە دەڵێت:"ئێوە زۆر و ئەوان كەمن".

كەس نازانێت، شیعر ئەو توانا هەڵاوێركارییە دەگمەنەی ژیان لە كوێوە دێنێت، ئەوەتا مەحمود دەروێش مرد و دۆزی فەلەستین لە داڵانەكانی سیاسەت و جەنگی ئیمپراتۆریەتەكاندا ون بوو، بەڵام (تۆماریكە من عەرەبم) و (نیشتمانم جانتا نییە)ی بۆ زڕاندنی خەونی داگیركەران هەر دەمێننەوە.
پابلۆ نیرۆدا-یش مرد و دەوڵەتی كرێكاریی لە چیلـلی-ی دوای سلڤادۆر ئەلێندی دانەمەزرا، بەڵام (سروود بۆ دایكانی شەهیدان) وەك ئیلهانبەخشی هەموو نەیارانی فاشییەت لە جیهاندا هەر مایەوە.  
جیهان، ئەبولقاسم ئەلشابی-ی و تونس-ەكەییان لە بیرچووەوە، بەڵام هەموو عاشقانی ئازادیی لەگەڵیدا شیعرەكەی دەڵێنەوە(ئەگەر گەلێك رۆژێ‌ ژیانی ویست).

ئەوەی مایە گاڵتەجاڕییە، ئەوانەی كە زۆرباش و زۆر زیاتر ئەم توانا گەورەییەی شیعر دەزانن و درك بە گاریگەریی وشە و ئیدانەكردنی ستەمكار دەكەن، ئەوانە خودی كەسە خۆسەپێن و ستەمكارەكانن، ئەوان بە جیاوازیی دەوڵەتەكانیان و دارودەستەكانیانەوە، وەك دڵێكی یەك پیاو كۆك و دەستەجەمعن لە رووبەڕووبوونەوەی شیعر و راوەدوونانی شاعیراندا. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure