موسڵ ئازادكرا... ئایا خۆشحاڵبین؟

بۆچوون / بیروڕا :: 15/07/2017

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


نەمزانی حەیدەر عەبادی سەرەك وەزیرانی عێراق مەبەستی چی بوو كاتێك دوای راگەیاندنی ئازادیی موسڵ وتی:"جیهان لەوباوەڕەدا نەبوو كە عێراق بەم خێراییە داعش لەناو دەبات". چونكە رێكخراوە تیرۆریستەكە سێ‌ ساڵی رەبەق دەستی بەسەر شارەكەدا گرتبوو، هەر خودی عەبادی-یش لەكاتی دەستپێكردنی شەڕی (ئازادكردن)ی شارەكەدا، پێش نۆ مانگ، رایگەیاند كە ساڵی 2016 دەبێتە "ساڵی رزگاربوون لە تیرۆر و لە رێكخراوی داعش-یش"، واتا ئەو پێیوابوو كە شەڕی تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنی دووەم گەورەترین شاری عێراق لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە، زیاتر لە سێ‌ مانگ ناخایەنێت. بەڵام شەڕەكە درێژەی كێشا و ئاڵۆزبوو و پارە و رۆحێكی زۆری ویست و كەلێنی ناكۆكییە سیاسی و ترسە تایەفیەكان و دەستوەردانە دەرەكییەكانیشی فراوانتر كرد. 

لەوەیش ژیرانەتر، داعش لە ماوەی چەند هەفتەیەكی دیاریكراو و بە چەند سەد چەكدارێكەوە لە حوزەیرانی 2014 دا شارەكەی گرت، ئەمەیش دوای پاشەكشەی زیاتر لە 40 هەزار سەربازی عێراقی بە بەردەمیاندا بەبێ‌ شەڕكردنێكی ئەوتۆ و بە شێوەیەك كە چەندین پرسیار و تۆمەتی ورووژاند دەربارەی پیلانگێڕی و بێنەوبەرەیەكی سیاسی كە بووە هۆی (بەدەستەوەدان)ی شارەكە و جێهێشتنی جبەخانەی گەورەی چەك و تەقەمەنیی سەربازیی  بۆ ئەوەی چەكدارانی رێكخراوەكە دەست بگرن بەسەریدا و بەكاریبێنن بۆ فروانكردنی ناوچەی (دەوڵەتی خەلافەت) ە دانپێدانەنراوەكەی كە لەوێ‌ رایانگەیاند. كاتی خۆی زۆر قسەكرا لەسەر ئەوەی كە لایەنگەلێكی سیاسی ویستی (تەمێی) ناوچە سوننیەكان بكات بەوەی كە پشتی تێبكەن و بكەوێتە دەستی داعش، پاشان دەستی میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی)ی لێ‌ واڵابكەن بۆ بەشداربوونیان لە پرۆسە سەربازیەكان لە ناوچە سوننیەكاندا.

ئەوەی لە موسڵ روویدا، رەنگدانەوەی لایەنێكی ترسناكی ئەو چیرۆكی دابڕان و كەلێنەیە كە عێراقی تێكەوت لەگەڵ دەركەوتنی دێوی تایەفیدا، هەروەها تەقینەوەی ناكۆكییە سیاسی و ناوچەییەكان. لە ناو دۆخێكی لەمجۆرەدا، ئەو پاساوانە زۆرن كە مایەی دوودڵی و نیگەرانین و ئەوانەیش كەمن كە شیاوی خۆشحاڵی و ئاهەنگگێڕانن دوای دەرپەڕاندنی داعش لە شارەكە. تەماشاكردنێكی دیمەنە وێران و كاولبووەكان، رامانێك لە وێنەی دەربەدەرەكان و بیركردنەوەیەك لە قەبارەی یەكڕاكێشانە سیاسەكان و ترسە تایەفیەكان، بەسن بۆ ئەوەی قەبارەی ئەو  ئاڵنگاریانە بزانرێت كە لە قۆناغی داهاتوودا رووبەڕووی عێراق دەبنەوە.

عەباد لە وتەكەیدا كە كۆتایی شەڕی ئازادكردنی موسڵ و دەركردنی داعشی تێیدا راگەیاند، ئاماژەی بەوەدا حكومەتەكەی بایەخێكی گەورە دەدات بە گێڕانەوەی خزمەتگوزاریەكان و چاككردنەوەی ژێرخانە وێرانەكەی. بێگومان ئەم شەڕە ئاسان نابێت، چونكە بەگوێرەی روونكردنەوەی ئەندامانی لیژنەی وەبەرهێنان و ئابوریی لە پارلەمانی عێراق، دەوڵەت پێویستی بە نزیكەی 30 ملیار دۆلارە بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە داعش-یان لێدەركراوە. هەروەها وەزیری پلاندانانی عێراق-یش لە لێدوانەكانیدا باسی لەوە كردبوو كە پلانی دووبارە ئاوەدانكردنەوە بە دوو قۆناغ دەبێت: یەكەمیان لە 2018 وە درێژ دەبێتەوە هەتا 2022 و دووەمیش لە 2023 وە بۆ 2028، كۆی گشتیی تێچوونەكەیش دەگاتە سەد ملیار دۆلار. 

 عێراق لەوەدەچێت پشتی بەستبێت بە پشتیوانییە نێودەوڵەتیەكان و بە قەرزەكان و بە بەستنی زنجیرە كۆنگرەكانی دەوڵەتانی كۆمەكبەخش لەپێناو كۆكردنەوەی پارە بۆ دووبارە ئاوادانكردنەوە، ئەم كارە پێناچێت هێدە گەشبینانە بێت، بە ئاوڕدانەوە لە ئەزموونە زۆرەكانی پێشوو لەگەڵ كۆنگرەكانی دەوڵەتە كۆمەكبەخشەكان و ئاستی پابەندبوون بە بەڵێنەكانەوە كە دەیدەن. چونكە دەوڵەتە كۆمەكبەخشەكان هەست بە ماندووێتی دەكەن لەبەردەم ژمارەی قەیرانەكان و قەبارەی وێرانكارییەكان لە ناوچەكانی (جەنگی تیرۆر)دا. رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانیش سكاڵا لەو گەندەڵییانە دەكەن كە پارەی دەوڵەتە كۆمەكدەرەكان و هەروەها ئەو قەرزانەی تێدا بەهەدەردراون كە وا پێویست دەكات بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوە تەرخان بكرێن.  جگە لەمەیش زۆریی بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆر مانای ئەوە دەگەیەنێت كە چاوەكان لە عێراقەوە دەچنە سەر بەرەكانی سوریا و لیبیا و هەروەها ئەفغانستانیش كە دەگوترێت داعش نەخشەی ئەوەی هەیە كار و كردەوەكانی خۆیی بۆ بگوازێتەوە و دۆخە هەمیشە ئاڵۆز و پەشێوەكەی ئەوێ‌ بقۆزێتەوە. 

   لە هەموو حاڵەتەكاندا، راگوێزراوەكان كە ژمارەیان بە زیاتر لە نیوەی خەڵكی ئەو ناوچانەی عێراق مەزەندە دەكرێن كە داعش-یان لێدەركراوە، قەناعەتیان بەو قسانە نییە كە دەربارەی پلانی پێنج ساڵە یان دە ساڵە دەكرێن، چونكە ئەوان دەیانەوێت بچنەوە ماڵەكانیان و پێشبینیی ئەوە دەكەن دەوڵەت پەلە بكات لە بنایاتنانەوەی ژێرخانی داڕماو و چاككردنەوەی خوێندنگەكان و نەخۆشخانەكان بۆ ئەوەی بتوانن ژیانی خۆیان لە شارەكەیاندا دەست پێبكەنەوە.  

هاوتەریبی ئەمە، لێرەدا ئاڵنگاریی گەورە لە چۆنیەتیی چاككردنەوەی دەروونەكان و پێكهاتە  كۆمەڵایەتیەكان و كۆنترۆڵكردنی تایەفەگەریدایە، چونكە ئەوە هیچ بەهێنی نەماوەتەوە كە سوننە هەست بە پەراوێزخراویی و بە نیگەرانی دەكات لە سای پەرەسەندنی میلیشیا شیعییە پشتگیریكراوەكان لەلایەن ئێرانەوە. هەروەها نیگەرانیی كەمایەتیی سوننەی عەرەب زیاتر دەبێت لەگەڵ ئاراستەی كورد بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەیان بۆ سەربەخۆیی لە ئەیلولی داهاتوودا، چونكە سەربەخۆیی كوردستان دەبێتە سەرەتای دابەشبوونی عێراق و دەبێتە هۆی ئەوەی كە سوننەی عەرەب ببێتە كەمایەتیەكی وا كە هەست بە هەڕەشە و سكاڵا لە پەراوێزخستنی خۆی بكات، ئەمەیش دەبێتە زەوییەكی بەپیت و لەبار بۆ گەشەی توندڕەوی و گەڕانەوەی تیرۆر. ئەو شەڕەی كە لە نائومێدیی زۆر و تێكشاندن و هەستكردن بە ترس و رقلێبوونەوەوە لەدایكدەبێت، مەترسیدارترە و زەمینە لەبار دەكات بۆ گەڕانەوەی رێكخراوەكانی تیرۆر. 

هەندێك هەن وایدەبینن كە تاقیكردنەوەی راستەقینەی حكومەتی عێراق لە چۆنیەتی مامەڵەكردنیایەتی لەگەڵ قۆناغی دوای داعش و چۆن دۆسیەی دووبارە بنیاتنانەوە چارەسەر دەكات، لەناویشیاندا ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان، ئیتر ئەمە لە پارێزگای نەینەوا و سەنتەری موسڵدا بێت یان لە پارێزگا و ناوچەكانی تردا. چونكە عێراق بۆ ئەوەی ببێتە قەڵایەكی بەهێزی دژی گەڕانەوەی تیرۆر و داعشەكان، پێویستی بەوەیە كە بچێتە شەڕە گەورەكەیەوە بۆ ریشەكێشكردنی ئەو گیانی تایەفیەی كە بووەتە ناونیشانی كۆی كێشەكانی و هەڕەشەیەكی راستەقینە لەسەر داهاتووی.  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure