ئەردۆغان لە هەڵە-وە بۆ هەڵە

بۆچوون / بیروڕا :: 03/07/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

توركیای رەجەب تەیب ئەردۆغان وڵاتێكی دیموكراسی نییە. بۆ ئەم قسەیەیشم نموونەی زۆرم هەیە و تەنیا یەكێكیان لێ‌ هەڵدەبژێرم، ئەویش ئەوەیە حكومەتەكەی هەڕەشەی كردووە كە لە دادگادا شكات لە (تویتەر) دەكات لەبەرئەوەی یەكێك لەو كەسانەی كە بیروڕای خۆیانی تێدا دەنووسن هێرش دەكاتە سەر سەرۆك ئەردۆغان و سیاسەتە توندوتیژەكانی. ئەمە دیموكراسیەتی شێوازی (ئەردۆغانیەت)ە. 

لە هەموو ئەوانەی سەرەوە گرنگتر ئەوەبوو ئەردۆغان سەرزەنشتیی چوار دەوڵەتە عەرەبییەكەی كرد كاتێك پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەر-دا پچڕاند و ماوەیەكیان دایە بۆ بەدەنگەوەچوونی هەندێك داواكاریی دیاریكراو ئەگەرنا ئەوا بایكۆتەكەیان زیاد و توندتر دەكەن. ئەردۆغان دەچێتە كارێكەوە كە پەیوەندیی پێوەی نییە. لەكاتێكدا دەوڵەتە عەرەبییەكان ناڕازین لە بوونی سەربازە توركەكان لە قەتەر، كەچی ئەردۆغان بڕیاریدا سەربازی زیاتری بۆ بنێرێت، ئەمە پێش ئەوەی لە قەتەر بپرسێت كە ئاخۆ ئەمەی دەوێت و پێویستی پێیەتی یان نا. هەر بۆ زانیاریی ئەم سەرۆكە بێئاگایە، دەوڵەتە عەرەبییە پەیوەندیدارەكان، لە هەموو هەڵوێستێكیاندا بەرامبەر قەتەر، وتوویانە كە ئەوان گۆڕینی رژێمەكەی قەتەریان ناوێت.

ئەسڵەن قەتەر پێویستی بە توركیا هەر نییە، چونكە ئەو بۆخۆی وڵاتێكە ژمارەی دانیشتوانەكەی كەمە و لەهەمانكاتدا زۆر لە غاز-دا دەوڵەمەندە، تەنانەت لە یەكەمین دە دەوڵەتە دەوڵەمەندەكەی جیهاندایە بۆ وەبەرهێنانی دەرەكی، خوێندوومەتەوە كە دەگاتە 335 ملیار دۆلار، یان سێیەكە تریلیۆن دۆلارێك. ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە ناردنی پێنج هەزار تەن كەرەستەی خۆراكی لە توركیاوە بۆ قەتەر هیچ نییە جگە لە خۆهەڵكێشانێكی توركیا چونكە قەتەر بەبێ‌ ئەردۆغان-یش دەتوانێت كاری خۆی بكات.

ئێستا ئەردۆغان دەڵێت كە هەڵوێستی چواردەوڵەتەكە بەرامبەر بە قەتەر پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە. خۆیی لێبووەتە مامۆستای زانكۆیەكی  لە جۆری زانكۆی هارڤاد. ئەو ئەگەر لە یاسای نێودەوڵەتی تێبگەیشتایە سەد هەزار فەرمانبەری لە كارەكانیان دەرنەدەكرد و 50 هەزار كەسی زیندانی نەدەكرد كە 173 كەسیان رۆژنامەنووس و نزیكەی 50 كەسیان لە چاپەمەنییە كوردیەكاندا كاریان دەكرد.

ئایا خوێنەر ئەوە دەزانێت كە ئەردۆغان، سەرۆكە هەڵبژێردراوە شارەوانیەكانی خۆرهەڵاتی توركیای دەركردووە كە زۆربەی دانیشتوانەكانیان كوردن و لە جێگەی ئەوان فەرمانبەری حكومەتەكەیی داناوە؟ ئامەد كە پایتەختی كوردەكانی خۆرهەڵاتی توركیایە، ئیدارە تازەكەی توركیا تێیدا رێگریی كرد لە تیپێكی شانۆیی لۆكاڵ چونكە ئەكتەرەكانی بە زمانی كوردیی نمایشی رۆڵ-ەكانی خۆیان دەكرد.

لەمەیش و لەوەیش سەیرتر ئەوەیە توركیا بەشدار دەبێت لە لوتكەی بیست-دا كە لە نێوان حەوت بۆ نۆی ئەم مانگە لە هامبۆرگ دەبەسترێت، ئەردۆغانیش داوای كردووە رێگەی ئەوەی پێبدرێت كە لە فێستیڤاڵێكدا لەگەڵ توركەكانی دانیشتووی ئەڵمانیا دیداری هەبێت و قسەیان بۆ بكات (زۆرترین ژمارەی تورك لە جیهاندا، لە ئەڵمانیان). ئەردۆغان ئەوەی لەبیرچووە كە پاسەوانەكانی پەلاماری خۆپیشاندەرە بێچەكەكانیان دا لە دەرەوەی ماڵەكەی باڵیۆزی توركیا لە واشنتۆن كاتێك سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی كردبوو. پاسەوانەكان بەهۆی ئەو رووداوەوە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانیان ئاراستەكراوە، هەندێكیشیان ناویان لەو لیستەدایە كە یاوەریی سەرۆكی توركیا دەكەن بۆ كۆبوونەوە باڵاكەی هامبۆرگ، كۆمێنتی ئەڵمانیایش لەسەر ئەمە ئەوەبوو كە پاسەوانەكان "لە داهاتوویەكی نزیكدا پێ‌ ناخەنە خاكی ئەڵمانیاوە". ئەمەیش مانای ئەوەیە كە رێگەیان پێنادرێت لە ماوەی لوتكەی بیست-دا بچنە ئەڵمانیا. 

ئەوەیش بیری خوێنەر دێنمەوە، ئەڵمانیا رێگریی كرد لە وەزیرەكانی حكومەتی توركیا تا لەگەڵ توركەكانی دانیشتووی ئەڵمانیا فێستیڤاڵگەلێك ساز بكەن بۆ پشتگیریكردن لەو راپرسیەی ئەردۆغان لە 16 ی نیساندا كردی بۆ ئەوەی سەرۆكایەتیی توركیا دەسەڵاتی بەسەر دەزگاكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری-یشدا بشكێت.

سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رۆژ دوای رۆژ دەكەوێتە هەڵەوە چونكە كەسێكی بە پیشە سیاسیی نییە بەڵكو بزنسمانە. هەڵەكانی ئەردۆغان، یان ئەوانەی كە من بە هەڵەیان دەزانم، بە ئەنقەست دەكرێن لەلایەن كەسێكی داڕێژراو و راهاتوو بە سیاسەتەوە و ناكرێت بە نەزان ناوببرێت. وەختێكی زۆر تێپەڕین و ئەردۆغان بەڵێنی پاشەڕۆژێكی باشتری پێدەداین و پشتیوانیی لە فەلەستینیەكانی كەرتی غەززە دەكرد، كەچی ئێستا جگە لە سەركردایەتی (حەماس) كەسیان لێ‌ ناناسێت. 

ئەردۆغان ئەوەی هەڵبژاردووە هاوپەیمانیی لەگەڵ قەتەر و گەلی قەتەردا بكات كە ژمارەیان ناگاتە 300 هەزار كەس، لەبەرامبەر میسردا كە سەد ملیۆن كەسە و هەروەها شانشیی عەرەبستانی سعودیە كە زیاتر لە 22 ملیۆنە و میرنشینە یەكگرتووەكانی عەرەب و بەحرەین. وای بۆدەچم كە دەستی كردووە بە چنینەوەی ئەوەی چاندوویەتی. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە