ژیانی ئەنیشتاین-ی بلیمەت لە درامایەكی تەلەفزیۆنیدا

بۆچوون / بیروڕا :: 28/06/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


پێشتر زنجیرەی (بلیمەت... ئەنیشتاین) پێشكەشكرا كە بە كارە یەكەمینەكانی زنجیرەكانی كەناڵی (ناشیۆناڵ جیۆگرافیك)ی درامی دادەنرێت. هەڵمەتێكی فراوانی ریكلامی لە چەندین دەوڵەتی ئەوروپیدا بۆ كرا، ئەو هەڵمەتانە گەیشتنە ئەوەی كە تابلۆی ریكلامەكانی لە شەقامی شارەكانی ئەوروپادا دانران. كەناڵی ناشیوناڵ جیۆگرافیك كە ئەمڕۆ گۆڕانكاریی لە جۆرایەتیی بەرنامەكانیدا كردووە و ئەزمووندارە لە بەرهەمهێنانی بەرنامەی درێژی دۆكیۆمێنتەری و پاشان درامیدا، ویستی بەهۆی هەڵمەتی ریكلامەوە سەرنجی جاماوەر بۆ بەرنامەڕێژییە تازەكەی رابكێشێت، ئەمەیش وەك هەوڵێك بۆ گۆڕینی ئەو شێوازە باوەی كە دەربارەی  كەناڵەكە لای زۆر كەس هەیە و هەروەها لەسەر جۆرایەتیی بەرنامەكانیشی. 

كەناڵی (ناشیوناڵ جیۆگرافیك) پارەیەكی زۆری لە بەرهەمهینانی یەكەم زنجیرەی درێژیدا خەرجكرد، سەردەمەكانی سەدەی نۆزدەی هێنایەوە، بەتایبەت یەكەم پەنجا ساڵی سەدەی بیستەم، واتا ئەو سەردەمەی كە زانای جیهانی و لەدایكبووی ئەڵمانی ئەلبێرت ئەنیشتاین-ی تێدا ژیاوە. هەروەها پەنای بردە بەر كۆمەڵێك ئەكتەری بریتانی و جێفری راشGeoffrey Rush ئەكتەری ئوستراڵی كە رۆڵی ئەلبێرت ئەنیشتاین-ی لە سەردەمەكانی چوونە تەمەنیەوە گێڕا و جۆنی فلین Johnny Flynn ئەكتەری بریتانییش رۆڵی ئەم زانا ناودارەی لە تەمەنی لاوێتییدا، گێڕا.    

ئەڵقەی یەكەمی لە سەرەتای گرێی 30یەكانی سەدەی رابردووەوە دەست پێدەكات، هاوكات لەگەڵ هەڵكشانی بزووتنەوە نازیەكان لە ئەڵمانیا كە سەرەنجام دەبێتە هۆی كۆچی ئەنیشتاین بەرەو ویلایەتە یەكگرتووەكان و بەسەربردنی دوا ساڵەكانی ژیانی لەوێ‌. لە مۆنتاژێكی هاوسەنگیشدا، ئەڵقەی یەكەم ماوەی گەنجێتیی ئەم زانا ناودارە دەگێڕێتەوە و پاشان دەچێتە سەر نێوان گەنجێتی و ماوەی ژیانی زەحمەت و قورسیی پێش كۆچكردنەكەی (رۆیشتنەكەی). 
ئەم داڕشتنە درامیە لە ئەڵقەی دووەمدا دیار نامێنێت و ئیتر لە هەرچوار ئەڵقەكەی دواییدا، زنجیرەكە تەركیز دەخاتە سەر خوێندنی زانكۆیی ئەنیشتاین و سەرەتای كرانەوەی بەهرەی زانستیانەی و پەیوەندیەكانی بە ژنانەوە..چونكە ئەم خوێندكارە هەوڵدەر و كۆششكارە سەرەڕای خشتەی رۆژانەی چڕ و پڕ و سەرقاڵیی بەردەوامیەوە، بەڵام كاتێكیشی تەرخان دەكرد بۆ ئەو كچانەی كە بە زیرەكیەكەی و كۆششەكەی سەرسامبوون و هەروەها بە مكوڕبوونەكەیشی لەسەر  بەدیهێنانی ئامانجە زانستیەكانی.  

دوای سەرەتایەكی تاڕادەیەك ورووژێنەر، لە چوار ئەڵقەكانی دواییدا، زنجیرەكە پێچ و بادانەوەیەكی روون وەردەگرێت و لەسەر وردەكاریی ئەو ژیانی خێزانییە چڕ دەبێتەوە كە ئەنیشتاین-ی تێدا بووە. لەدایكبووی خێزانێكی جوولەكە، لە باوكێكی زۆردار و خۆسەپێن كە وایدەبینی تەنیا بڕوانامەی زانكۆ كار و ژیانێكی ئارام بۆ كوڕەكەی فەراهەم دەكات. پەرۆشیەكی ئەوتۆی بۆ ئەزموونەكان و هۆگری و شەیدایی كوڕەكەی نەبوو كە هەندێك جار لە چوارچێوەی كاری زانكۆییدا پەسەند و قبوڵكراو نەبوون. 

ئەنیشتاین دەكەوێتە داوی خۆشەویستیی كچێكەوە، بەڵام پەیوەندیەكەی تری لەگەڵ خوێندكارێكی سەركەوتوو (زیرەك)دا، تا ئاستێكی زۆر ساڵانی گەنجێتیی ئاراستە دەكات و كچەكە لێی دووگیان دەبێت و هاوسەگیریی دەكەن و پێكەوە دەچن بۆ سویسرا.  

لەبەر ئەوەیش كە چوونەناو وردەكاریە ئاڵۆزەكانی تیۆر و بیردۆزە زانستیەكانی ئەنیشتاین، لەوانەیە سەركێشییەكی گەورەی هەر كارێكی درامی بێت، بۆیە زنجیرەكە وای بەباش زانیوە كە زۆر لەسەر ئەم وردەكاریانە نەوەستێت و تەنیا بەو ناونیشانە گەورانە وازبێنێت كە هەموومان تێیدەگەین. هەروەك زنجیرەكە هەندێك بنەما زانستیەكانیش شیدەكاتەوە وەك ئەوەی وانەیەكی لاساری خوێندن پێشكەش بكات و هەردەبێت هەبێت لە ناو درامایەكدا كە ژیانی یەكێك لە بەناوبانگترین زاناكانی دوو سەدەی رابردوو پێشكەش دەكات و لە هەمووشیان زیاتر دەستكەوتی زانستیی بۆ مرۆڤ هەبووە. 

زنجیرەكە پشتی بە دوو ئەكتەری بریتانی بەستووە بۆ بینینی زۆربەی رۆڵ-ەكانی ناو زنجیرەكە، بەڵام وایلێكردوون شێوەزاریان بەجۆرێك بگۆڕن كە بە زمانێكی ئینگلیزیی شێوازی ئاخاوتنی ئەڵمانی بدوێن و قسە بكەن. ئەم حاڵەتە لە پیشەسازیی درامادا و دەربارەی ئەو كەسێتیانەی كە زمانی دایكیان ئینگلیزی نییە، بەڵام (لەبەر بازاڕگەرمی) زمانی ئینگلیزیی هەڵدەبژێرن چونكە زمانێكی باو و زۆر بەربڵاوە، بووەتە هۆی ئەوەی رەخنەی زۆریان لێ‌ بگیرێت، چونكە ئەوە بێ ماناییە ئەكتەرگەلێك ببینین كە ناو و ناوبانگێكی زۆریان لە زنجیرەكان و فیلمە ئەمریكی و بریتانیەكاندا پەیداكردووە، بەڵام بیانبینینەوە كە بەزمانێكی قورس و گیر قسەدەكەن و دەدوێن.   

دەبوو دروستكەرانی زنجیرەكە (ئەگەر هەر مكوڕبوون لەسەر ئەوەی زمانی زنجیرەكە ئینگلیزی بێت) بە دوای ئەكتەری بەهرەمەندانی ئەوروپیدا بگەڕێن كە زمانی ئینگلیزی دەزانن و گیری و قورسیەكی سروشتی و ئاسایی نادروستكراویان لە قسەكردندا هەیە، یاخود ئەكتەرانێكیان بدۆزیایەتەوە كە بێ‌ گرێ‌ و گۆڵ بە ئینگلیزیی دەدوێن، وەك چۆن لە هەندێك لە زنجیرەكاندا هەیە.  

زنجیرەكە نزیكایەتیەكی گشتیی هەڵبژاردووە و تەركیزی نەكردووە و نەچووەتە قوڵایی ژیانی زانا بەناوبانگەكەوە، تەنانەت هەندێك دیمەنی وەك بەرنامە دۆكیۆمێنتەریەكانی ناشیۆناڵ جیۆگرافیك وان كە فیلمەكانی هەندێك رووداوی مێژوو دەگێڕنەوە، لایەنی ستەمكار دەنگێكی فێركاریی هەیە بەسەر دراماكەدا و رەوانیی گواستنەوەی نێوان قۆناغە مێژوویی و دەروونیەكان كە زنجیرەكە لەسەر ژیانی كەسێتیەكەی پێشكەشی كردووە. بەڵام ئاستی زنجیرەكە تۆزێك باشتر دەبێت كاتێك ئەنیشتاین لە قۆناغی پێگەیشتن و پیریەتیەكەیدا پێشكەش دەكات، بەتایبەت كاتی بەریەككەوتنی لەگەڵ بیری نازیەتدا، وەك ئەو دیمەنەی كە تێدا ئەنیشتاین دەكەوێتە خۆپیشاندانێكی خۆنواندنی(خۆدەرخستنی) نازیەكانەوە لە شەقامێكی ئەو شارەی ئەڵمانیادا كە ئەمیشی تێدا دەژی و بەشێوەیەكی دڕندانە لەلایەن یەكێك لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكەوە سووكایەتی پێدەكرێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە