كورد و خەونی دەوڵەت

بۆچوون / بیروڕا :: 26/06/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


كورد مافی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە نەك تەنیا هەر لە باكوری عێراق بەڵكو دەوڵەتێك كە كەمایەتیە كوردیەكان لە توركیا و سوریا و ئێرانیش لەخۆبگرێت. ئەوان ماوەی سەد ساڵ و زیاتریشە دەچەوسێنرێنەوە و رەنگە ئەم كاتەی ئێستا لە بەرژەوەندیی ئەواندا بێت، چونكە عەرەب خۆبەخۆ یەكتر دەكوژن و سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان و عەلی خامنەیی رابەر-یش توندڕەون.

چەند دەیەیەكە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی دەناسم، ئومێدەوارم ئیرادەی یەكەمیان بە بەهێزی بمێنێتەوە و دووەمیشیان تەندروستیی باش ببێت. رۆژێك لەگەڵ مەسعود-ی برا، لە سەلاحەدین دانیشتبووم و دوایی سەردانی مام جەلال-م كرد لە بەنداوی دوكان كە بەرهەم ساڵح-ی سەرەك وەزیرانەكەیی ئەو رۆژانەیشی لەلابوو. لە كردنەوەی پارلەمانی كوردی-دا خاتوو دانیاڵ میتەران-ی هاوسەری سەرۆكی پێشووی فرەنسا-یشمان لەگەڵ بوو. 
مەسعود بارزانی-ی برا داوای راپرسیەكی ناپابەند بە سەربەخۆیی دەكات لە 25/9/2017 دا، لەگەڵ ئەوەی دەزانم كە هەموو كوردێكی ناوچەكە دەیەوێت لە دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردیدا بژی، بەڵام ئەوەیش دەزانم كە راپرسیەكە بۆ ئەو دەوڵەتە نییە بەڵكو رێگەی بۆ خۆشدەكات. 
ئەو ناوچانەی كە كوردی تێدا دەژین، هەموویان هەر كوردنشین نین، چونكە لە توركیا تورك-یش لە خۆرهەڵاتی وڵاتەكە هەیە، لە سوریایش هەندێك مەسیحی لەگەڵ كورد و لە باكوری خۆرهەڵاتی وڵاتەكە هەن، لە عێراقیش ئاشوریەكان و توركمان و عەرەب لە باكوری وڵات هەن، هەروەها ناوچەی كوردەكان لە ئێرانیش گروپگەلی ئێرانیی ناكوردی لێیە.

كورد نزیكەی 30 ملیۆن كەسێكن، ئەمەیش مانای وایە قەبارەیان لە چەندین دەوڵەتی دیكەی ناوچەكە گەورەترە. هەمیشە پشتیوانیی كوردم لە روانگە مرۆییەكەوە كردووە و ئەمڕۆیش پشتگیرییان دەكەم لەبەر هۆكارێكی دیكە، ئەویش سەركەوتنیانە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش-دا. ناوچەكەیان لە باكوری عێراق وایلێهاتووە كە كەركوك-یشی لەخۆگرتووە، ئەو شارەی بە نەوت دەوڵەمەندە و ئێستا كوردەكان لە رێی توركیاوە نەوتەكەی هەناردە دەكەن.

بێگومان ویلایەتە یەكگرتووەكان دەچێتە لای دەوڵەتانی عەرەبی دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی، لەبەربوونی سەربازی ئەمریكایش لە عێراق، كە هاوكاریی شەڕی دژی داعش دەكەن، پێدەچێت ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ بچێتە پاڵ حەیدەر عەبادی-ی سەرەك وەزیران لە دژی كورد. 
توركیایش بێگومان دژی كوردە و لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكیدا لەسەر ئەوە تێكچوون كە چەكی داوە بە كوردەكان بۆ شەڕی دژی داعش. لە ناو توركیایشدا رووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەكانی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان هەیە، هەندێك كردەوەی تیرۆریستی ئەوان هەیە كە من سەركۆنەی دەكەم، هەروەها سەركوتكردێكی فەرمیانەی توكیاش هەیە كە ئەویش هەر سەركۆنە دەكەم.

یەكێتی ئەوروپا هەڵوێستی دژی راپرسیەكەیە، نەخوازە سەربەخۆیی، وەزیرانی دەرەوەی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا بەم دواییە بەیاننامەیەكیان دەركرد و تێدا هاتووە"دەكرێت واز لە هەنگاونانی تاكلایەن بهێنرێت و هەموو پرسیارەكان دەبێت بە لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن". وەزیرەكان لە بەیاننامەكەیاندا ئاماژەیان بە راپرسیەكە نەداوە، بەڵكو داوایان لە كوردەكانی باكوری عێراق كردووە، بە دوای (زەمینەیەكی هاوبەش)دا بگەڕێن و هانیانداون بۆ بیركردنەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان. 

ئەگەر راپرسی بۆ سەربەخۆیی نەبێت، كە پێدەچێت وابێت، سەرەڕای لایەنگریی تایبەتم بۆ كوردەكان، كەواتە سوودی چییە؟.

یەكەم: كۆنترۆڵی كوردەكان دەسەپێنێت بەسەر ئەو ناوچانەدا كە داعش-یان لێدەركراوە.

دووەم: هەڵوێستێكی بەهێزتریان دەداتێ‌ بۆ دانوستان لە داهاتوودا كە تكادەكەم هۆشیار و بەئاگابن و لەگەڵ مندا ئەوەیان بیربێتەوە كە چۆن لەگەڵ نوری مالیكی-دا رێككەوتن بۆ پشتگیریی لە سەرۆكایەتیەكەی جاری دووەمی لە ساڵی 2010 دا كە چەقۆیەك بوو لە سنگ و پشت-یشەوە و هیچ شتێك لەوانە جێبەجێ‌ نەكرا كە لەسەری رێككەوتبوون. 

سێیەم: تكادەكەم كوردەكان ریزەكانیان یەكخەن، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتەكەی برامان مەسعود بارزانی، سەركردایەتی هەڵمەتی راپرسیەكە دەكات بەڵام هەندێك ناكۆكی و نەیارێتیی هەیە. 

چوارەم: پێویستە كورد ئەنجامی راپرسیەكە بقۆزێتەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی كە پشتگیریی مەسەلەكەیان بكات. دەكرێت لەمەدا سوود لە ئەزموونەكەی ئەرمەن وەربگرن كە قەناعەتیان بە هەموو جیهان كرد بەوەی كوشتاری ئەرمەنەكان بووە و كراوە و روویداوە. دەبێت كوردەكانیش قەناعەت بە جیهان بێنن كە مافی ئەوەیان هەیە لە ناو وڵاتێكی سەربەخۆدا بژین كە بەناوی خۆیانەوەبێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure