وه‌رچه‌رخانه‌كانى توركیا

بۆچوون / بیروڕا :: 24/06/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا، هه‌وڵده‌دات بۆ ده‌ركردنى توركیا له‌ ده‌وڵه‌تى وه‌زیفیى (عبدولوه‌هاب ئه‌لمیسرى) له‌ جێبه‌جێكردنى سیاسه‌تگه‌لێك كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كێشاونى، بۆ هاوبه‌شبوونى له‌ بڕیارگه‌لێكى جیۆسیاسى كه‌ واشنتۆن پیاده‌ى ده‌كات له‌ نێو په‌شێویى گه‌وره‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، كه‌ ده‌وڵه‌تانێكى تێدایه‌ به‌ره‌و دابه‌شبوون و دووباره‌ نه‌خشاندنه‌وه‌ى سنوور ده‌ڕۆن، به‌ ته‌واوى وه‌ك بارودۆخه‌كه‌ى دواى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانى كه‌ سه‌ڵته‌نه‌ى عوسمانیى تێدا رووخا. ده‌بینین هێز ده‌نێرێت بۆ قه‌ته‌ر و عێراق و په‌نا ده‌باته‌ به‌ر توركمانه‌كانى كه‌ركوك و ده‌ست له‌ نه‌ینه‌وا وه‌رده‌دات و به‌شێك له‌ باكورى سوریا داگیرده‌كات و پێشنیار ده‌داته‌ سعودیه‌ بۆ دامه‌زراندنى بنكه‌ى سه‌ربازى (ریاز یه‌كسه‌ر ره‌تیكرده‌وه‌) و به‌شدار ده‌بێت له‌ وتووێژه‌كانى ئاستانه‌ى تایبه‌ت به‌ سوریا و دوژمنایه‌تیى میسر ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى (ئیخوان)ى رووخاندووه‌ و له‌گه‌ڵ (حه‌ماس)ى ئیخوانى-دا هاوپه‌یمانى ده‌به‌ستێت بێ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌ ئیسرائیل-ه‌وه‌ ببڕێت........ 

ئه‌ردۆغان دركى به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ گۆڕان و وه‌رچه‌رخان له‌ ده‌وڵه‌تێكى وه‌زیفى-یه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تێكى كارا، نایه‌ته‌دى ته‌نیا به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ نه‌بێت له‌و بنه‌مایانه‌ى كه‌ مسته‌فا ئه‌تاتورك-ى دامه‌زرێنه‌رى كۆمار جێگیریكردوون، ئه‌مه‌یش له‌ رێى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ میراتیى ئاینیى عوسمانى كه‌ عه‌لمانیه‌ت نه‌یتوانى له‌ناوى ببات، بۆیه‌ زنجیره‌یه‌ك بڕیارى پۆپۆلیستیى په‌یڕه‌وكرد و ئایینداره‌كانى پێ رازیى كرد، له‌وانه‌: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یاساكانى رێگریى له‌ حیجاب له‌ كاره‌ گشتیه‌كان و له‌ زانكۆ و خوێندنگاكاندا و په‌ره‌پێدانى خوێندنى ئایینى و لێدانى دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازیى (پارێزه‌رى  عه‌لمانیه‌ت) و ده‌ركردنى دادوه‌ر و لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان و دوورخستنه‌وه‌ى مامۆستا لیبراڵه‌كان له‌ زانكۆكان و قه‌ده‌غه‌كردنى رۆژنامه‌ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ئه‌وانه‌یان كه‌ نه‌یارى به‌رنامه‌كانین، هه‌موو ئه‌م رێوشوێنانه‌یش به‌ هه‌مواركردنى ده‌ستور و گۆڕینى سیستمى پارله‌مانى بۆ رژێمى سه‌رۆكایه‌تى تاجى له‌سه‌رنا بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست له‌ هه‌موو كاروبارێكى سیاسى و سه‌ربازیى وه‌ربدات به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دامه‌زراوه‌ى یاسادانان و هه‌روه‌ها كۆكردنه‌وه‌ى زۆربه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانیش له‌ ده‌ستى ته‌نیا خۆیدا. 
 
به‌كورتیه‌كه‌ى، ئه‌ردۆغان كوده‌تاى كرد به‌سه‌ر كۆمارى ئه‌تاتورك-دا و به‌ شێوه‌یه‌كى ئۆرگانى ئاوێته‌بوو به‌ نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیه‌كانى عوسمانییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بنكه‌ى جه‌ماوه‌ریى خۆى و حزبه‌كه‌ى هێنده‌ فراوان بكات كه‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى پێ بدرێت بڕیاره‌كانى به‌بێ ناڕازیبوون تێپه‌ڕێنێت. كۆمه‌ڵگه‌ى توركى له‌ سه‌رده‌مى ئه‌ودا وه‌ك داماڵراوى لێهاتووه‌(به‌ ماناى فه‌لسه‌فیى وشه‌كه‌)، به‌مه‌یش ناسنامه‌ خۆرهه‌ڵاتیه‌كه‌ى بۆ گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌. 

ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ سیاسه‌تى ناوخۆییدا، ماناى وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌كیشدا و هه‌روه‌ها له‌ په‌یوه‌ندیى ئه‌نقه‌ره‌یش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌ خۆرئاواییه‌كانیدا (به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا) و پێویستى به‌ به‌ره‌ى تازه‌ هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ ره‌نگه‌ به‌ته‌واوه‌تى له‌گه‌ڵ ئاراسته‌كانى ئه‌مریكادا نه‌یه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێك جار له‌دژیشیه‌تى. بۆ نموونه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى سوریادا، توركیا دژى پڕچه‌ككردنى كورده‌كان و رۆڵپێدانیانه‌ له‌ داهاتووى ئه‌و وڵاته‌ فره‌ تایه‌فه‌ و مه‌زهه‌به‌دا كه‌ عروبه‌ نه‌یتوانیوه‌ پێكیانه‌وه‌ ببه‌ستێت. هه‌روه‌ها له‌ عێراقیشدا له‌گه‌ڵ ئاراسته‌كانى واشنتۆن-دا نایه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مریكیه‌كان پشتگیریى بارزانى ده‌كه‌ن له‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ جیابوونه‌وه‌ى له‌به‌غدا كه‌چى توركه‌كان ئه‌مه‌ به‌ مه‌ترسیى ده‌زانن بۆ سه‌ر یه‌كێتى وڵاته‌كه‌یان و ناچارن هه‌مئاهه‌نگیى له‌گه‌ڵ هه‌ردوو دوژمنه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى واشنتۆن، ئێران و سوریا، بكه‌ن بۆ به‌رگرتن له‌و مه‌ترسیه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ر هه‌رسێ وڵاته‌كه‌یه‌.  

رژێمى توركیا پشتى ده‌به‌ست به‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كانى له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌وروپادا بۆ خۆپارێزیى له‌ مه‌ترسیه‌ ده‌ره‌كییه‌ راستى و خه‌یاڵیه‌كان، له‌ میانه‌ى جه‌نگى سارد-یشدا به‌ره‌ى پێشه‌وه‌ى دامه‌زراند بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت و هه‌موو ئه‌وانه‌ى جێبه‌جێ ده‌كرد كه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا داواى لێده‌كرا، خۆى كردبووه‌ به‌شێك له‌ هاوپه‌یمانى خۆرئاوایى له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌یى و چه‌پ و ئیسلامیه‌كانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، یان با بڵێین له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ وه‌زیفه‌ى جێبه‌جێ ده‌كرد. 

ئێستایش ئامانجه‌كان گۆڕاون، ئه‌مریكیه‌كان له‌ سوریادا ده‌جه‌نگن و كارده‌كه‌ن بۆ دابڕینى ره‌ققه‌ و راده‌ستكردنى به‌ڕێوه‌بردنى به‌ كورده‌كان (له‌گه‌ڵ هه‌ندێك عه‌ره‌بدا). له‌ كۆنگرێس و كۆشكى سپى و (ئیسرائیلیشه‌وه‌) به‌ گوڕ و تینه‌وه‌ كار بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ ده‌كرێت. كه‌چى توركه‌كان دژى ئه‌م ئاراسته‌یه‌ن چونكه‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مى دابه‌شبوونى هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌یه‌. 

ئه‌و گۆڕانكاریه‌ ناوخۆییانه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌یانكات، توركیا ده‌رباز ناكات له‌و سیناریۆیانه‌ى كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا نه‌خشه‌یان بۆ ده‌كێشرێن، ته‌نیا مه‌گه‌ر به‌و ئاشته‌واییه‌ ناوخۆییانه‌ نه‌بێت كه‌ پێشتر هه‌وڵێكى بۆ دا و دواتر رایگرتن، خه‌یاڵپڵاویى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ ئایدیۆلۆژیاى ئیسلامیى په‌یوه‌ستكراو به‌ سه‌ركوتكردنه‌وه‌، گره‌نتیى یه‌كخستنى هه‌موانه‌، له‌مه‌دا ئه‌وه‌ى له‌بیرچووه‌ كه‌ ئایدیۆلۆژیاى عه‌لمانى، دواى نزیكه‌ى سه‌ده‌یه‌ك له‌ حێبه‌جێكردنى به‌زه‌برى هێز، ئینجایش نه‌یتوانى ئه‌وه‌ بكات و شكستى تێدا هێنا. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure