خەوشی پەیوەندیی كورد و عەرەب

بۆچوون / بیروڕا :: 22/06/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


وتارەكەی هاوڕێ حازم ساغیە كە بە ناونیشانی (نووسەرانی كورد و رووناكبیرەكانیان: بۆچی؟) بڵاوی كردەوە، وتارێكی گرنگ و هەستیارە لەم چركەساتە یەكلاییكەرەوەیەی ئێستای كورد-دا. ئەمەیش لەبەر چەندین هۆكار، لە گرنگترینیان ئەوەیە كە وتارەكە نووسراوی نووسەرێكی عەرەبیی دیموكراتخواز و خاوەن هەڵوێستی لایەنگریی دۆزی كوردە لە هەر چوارپارچەی كوردستاندا. هەروەها ئەوەیش كە پرسی كورد رەنگە بە تاقیكردنەوەیەكی تاڵدا تێپەڕیبێت و كاریگەریەكی پێچەوانە و پاشەكشەی بەزیانی گەورەی نەتەوەیی بۆ كورد هەبووبێت، وەك ئەوەی (بە سوپاسەوە نووسەریش ئاماژەی پێداوە) لەگەڵ كۆماری مهاباد روویدا كە رووخا و قازی محەمەد-ی سەرۆكی لەسەر دەستی شای ئەوسای ئێران ئیعدام كرا، ئەمەیش دەرەنجامی پاشەكشەی روسیا و راگرتنی پشتیوانیەكانی بوو بۆ كۆمارەكە. هەروەها رێككەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975 و پێش ئەویش تێكچوونی رێككەوتننامەی 11 ی ئازاری 1970 لە نێوان مەلا مستەفا بارزانی و دەوڵەتی عێراق بە سەرۆكایەتی ئەحمەد حەسەن ئەلبەكر. 
  
ئێستا لەكاتێكدا كە كورد بە هەموو هێزە مەدەنی و سەربازی و هەموو رەوتەكانیانەوە رێككەوتنێكیان لەگەڵ هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكاندا هەیە، كەچی ئاوڕێك نادەنەوە بۆ مەترسیەكانی پاشگەزبوونەوەی هاوپەیمانێتیەكانی ئێستا و روودانی گۆڕانكاریی دراماتیكی زیانبەخش بە خۆیان و بە مەسەلەكەیان لە كاتێكدا ئەگەر پشتگیریی نێودەوڵەتییان لێ‌ راگیرا. بەتایبەت كە بەڵێننامەیەكی نێودەوڵەتی لە نیوان كورد و ئەو دەوڵەتانەدا نییە كە هاوكارییانە لە جەنگی دژی داعشدا. ئەمەیش ئەوەیە كە رووناكبیران و سیاسیەكانی كورد كەم ئاگایان لێیەتی. 

بەڵام مامۆستا ساغیە لەبیری چووە كە وتە و دەربڕیەكانی رۆشنبیرانی كورد بێنێتەوە بۆ ئەوەی وتارەكەیی پێ‌ بەهێز بكات و پەنای بردووەتە بەر گشتاندن. بۆ زانیاریی، رووناكبیرانی كورد هەن كە هەڵوێستی رەخنەگرانەیان هەیە لەبەرامبەر ئەوەی كە لە گۆڕەپانی كوردیدا دەگوزەرێت و هەمان ئەو ترسەیان هەیە  كە نووسەری هانداوە بۆ ئەوەی هەڵوێستی لەمجۆرە دەربڕێت. 

بەگشتی، هەردەبێت دانپیانانێكی كوردی هەبێت بە بوونی كەموكورتی و هەڵە لە پەیوەندیی كوردی-عەرەبی-دا. چونكە كورد زۆرجار دەكەونە بەر هەڵوێستی هێزانێك كە لەسەر بەرەی عەلمانی یان دیموكراتی حساب دەكرێن و ناوبەناو كەسانێكی سەر بەو بەرەیە دەریدەبڕن. ئەمە هەڵوێستێكی شۆڤێنیانەیە كە رەنگە نوێنەرایەتی و نمایندەیی شۆڤێنیی خۆسەپێنی ستەمكارییە زانراوەكە بێت. ئەمەیش لای كوردی سیاسی و هەروەها رووناكبیریش، كاردانەوەی دەبێت كە رەنگە كاردانەوەكە لە كارەكە بەهێزتر بێت و بگۆڕێت بۆ دەمارگیریی كورد و ببێتە نێچیری هێزە نێودەوڵەتیەكان كە هیچ بەرژەوەندییان لەگەڵ كورددا نییە، تەنیا مەگەر بە شێوەیەكی كاتی و لە دۆخێكی نائاساییدا. ئەم بەرژەوەندیەیش هەر لەگەڵ تەواوبوونی سوودە كاتییە سنووردارەكەیدا، ئەویش تەواو دەبێت. 
 
بەڵام بابەتی رقلەخۆبوونەوە لەبەردەم خۆرئاوا و خۆخۆشویستن لەبەردەم عەرەب-دا، بڕوا ناكەم ئەم لێكدانەوەیە زۆر ورد بێت، چونكە بابەتەكە كاردانەوەیە نەك كار (پەرچەكردارە نەك كردار). كاردانەوەیش مانای خۆشویستنی خۆرئاوا و رقبوونەوەلەخۆ ناگەیەنێت یاخود ئەنجامێكی لەوجۆرە بێت. بەڵام ئەو باروودۆخەی كورد هەیەتی و هەڵوێستی هێزە ئیقلیمیەكان لە بەرامبەری و نەبوونی سازانی كوردی-كوردی... هەموو ئەمانە وایانلێدەكات پشت لە خۆرهەڵات وەرگێڕن و روو بكەنە خۆرئاوا، ئەگەر دەربڕینەكە راست بێت. دەشێت ئاگاداركردنەوەی كورد لە زیادەڕۆیی رۆڵی خۆرئاوا لە رزگاركردنی كورد-دا، زۆر گرنگ بێت لەمكاتەدا، بەتایبەت كە ئەوان یەكگرتوو نین و تەنانەت لەسەر هێڵە گشتیە هاوبەشەكانیش هاوڕا نین، بەڵكو ناتەبا و دابەشبووی بەرە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكانن.    

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure