توركیا... دەوڵەتێك لە حزبدا!

بۆچوون / بیروڕا :: 21/06/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


لە 22 ەمین لووتكەی عەرەبیدا كە ساڵی 2010 لە شاری سرت-ی لیبیا بەسترا، رەجەب تەیب ئەردۆغان وەك میوانی شەرەف بانگكرابوو، جگە لەو، سێلڤیۆ بێرلسكۆنی سەرۆكی پێشووی ئیتالیا-یش هەر لەلایەن موعەمەر قەزافی سەرۆكی كۆچكردووی لیبیاوە، بانگكرابوو. لەو كۆنگرەیەدا  قەزافی سەرۆكایەتیی لووتكەكەی لە حەمەد بن خەلیفە-ی میری قەتەر وەرگرت.
  
سەیرەكە لەوەدایە، دواتر قەزافی كوژرا و بێرلسكۆنی زیندانییكرا و حەمەد (بەناچاری) وازی لە ئەمێریەتیەكەی هێنا بۆ كوڕەكەی، كەچی ئەردۆغان لەو (مەقصەلە) شوومە دەربازی بوو. دەكرێت بگوترێت كە هەر ئەو بەختی هەبوو نەك هاوڕێیانی دیكە. ئەوەبوو دواتر بووە سەرۆكی توركیا كە پێشتر سەرەك وەزیرانی بوو. 
 
لە راستیدا، ئەردۆغان بەڵای سیاسیەكانی توركیایە، لەلایەن نەیارەكانیەوە بە ستەمكارترینی مێژووی نوێی توركیا دادەنرێت، ئەمەیش بەگوێرەی پێدراوەكانی ویستە سیاسیەكانی لەوكاتەوەی كە ئەستێرەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەركەوت هەتا ئەنجامەكانی (بەڵێ‌)ی راپرسیەكەی فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك، هەروەها هەموو ئەو سەركوتكارییەی دژی نەیارەكانی كردوونی لە ماوەی دەسەڵاتیدا وەك سەرەك وەزیران و ئەو كاروكردەوانەی حكومەتەكەی كە پشتی خۆپیشاندانە میلـلییە ناڕەزاییەكانی ساڵی 2013 ی شكاند، بۆ ئەو توندوتیژییە (بێ‌ نموونانەی) بەرامبەر كوردەكان دەیكات كە گەورەترین كەمەنەتەوەن لە توركیادا و داوای مافی نوێنەرایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەدەبیی شایستە بۆخۆیان دەكەن هەتا رێزی ناسنامەیان بگیرێت، بەتایبەت ئەوان كە رێژەی 20% ی ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێكدێنن كە ئاڵای دیموكراسیی هەڵداوە و كەوتووەتە ریزی پێشەوەی ئەو دەوڵەتانەی كە زۆرترین رۆژنامەنووسان و تەنانەت هاووڵاتیانیشی تێدا دەستگیركراوە، ئەمە دوای ئەوەی كە بە (كودەتا شكستخواردووەكە) ناودەبرێت كە بەپێی هەندێك لە خەمڵاندنەكان سەد هەزار كەسی لە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵ راكێشاوەتە گرتووخانەكانەوە!.     

ئەردۆغان كە بە فەرمانی خوا قاچەكانی لە توركیادا چەقاندووە و كەس بە تۆزی رێی راناگات، بە هەموو توانا و تەركیزی خۆیەوە بایدایەوە بەلای دەوڵەتە عەرەبیەكاندا دوای ئەوەی دڵنیابوو لەوەی كە جێگەیەكی لە ئەوروپادا نییە و هەر بەڕاستییش جێگەی نابێتەوە، هەتا كار گەیشتە ئەوەی هەموو كارتەكانی خۆی لەسەر خاكی ئەوان و لە پێناو چاوچنۆكیی سەرۆكایەتییدا بسووتێنێت، بەتایبەت دوای ئەوەی تۆمەتی دژایەتیی ئیسلامی لەگەڵدا بەشكردن بەهۆی رێگریی لە گردبوونەوەی توركەكان لە هەندێك لەو دەوڵەتانەی ئەوروپا كە تێیدان و رێگرتن لە نوێنەرە حزبیەكانیان كە دەیانویست لەگەڵیاندا كۆببنەوە و هانیانبدەن بۆ دەنگدان لە بەرژەوەندیی چاكسازییە دەستوریەكەی مانگی نیسانی رابردوو. 

چاوچنۆكیی زەعامەت لە خەیاڵی ئەم سەرۆكە (ساڵح)ەدا سنووری نییە و تەنانەت رەنگە لەمەدا لە نموونەی نەبێت، مەگەر شێتیەكەی قەتەر كە لە چەندین رووی زۆر و جیاجیاوە لەیەكدەچن، چونكە ئەردۆغان ئێران بە ماڵی دووەمی خۆی دەزانێت و بەلای قەتەر-یشەوە پەیوەندیی لەگەڵ ئێراندا ئەركە. هەردوو دەوڵەتەكە بنكەی ئەمریكییان لە وڵاتەكانیاندا هەیە، شەڕی تیرۆر دەكەن، لە بەرامبەریشدا راپۆرتە سیخوڕیەكان باس لە پەیوەندیی هەردوو دەوڵەتەكە بە تیرۆرەوە دەكەن. هەردووكیان پشتیوانیی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە دەكەن و لەهەمانكاتدا پەیوەندیی باشیشیان بە ئیسرائل-ەوە هەیە! هەدوو دەوڵەتی هاوجۆر ئاڵای دوژمنایەتیی میسر-یان هەڵكردووە، ئەو دەوڵەتە گرنگە عەرەبییە، هەوڵی رووخاندنی دەدەن. توركیا و قەتەر هەروەها لەوەیشدا هاوبەشن كە یاریی بە كارتە مەترسیدارەكە (گروپی ئیخوان)ی تیرۆریست دەكەن. بۆ ئەم مەبەستەیش زەمینەیان بۆ كەناڵەكانیان رەخساندووە كە پشتگیر و سەرچاوەی گرنگی بڵاوكردنەوەی ئاژاوەن، ئەمەیش وەك ئاڵنگاریەكی ئاشكرای ئیرادەی عەرەب كە بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ ساڕێژكردنی ئەو برینانەی كە هەركاتێك قەتماغەیان بەست، فیشەكەشێتە (یارییەئاگرینە)كانی ئیخوانە (پشتیوانكراوەكان) دەیانكولێننەوە. 

لە كۆتاییدا رەنگە خراپ نەبێت ئەوە بیربێنینەوە كە تاقە جیاوازیی نێوان توركیا و قەتەر لە تێڕوانینی دەوڵەتەكانی كەنداوەوە و لە پێش هەمووشیانەوە سعودیە و ئیمارات، رەنگە ئەوەبێت كە توركیا ئەگەرچی گەورەترین بازاڕی وەبەرهێنان و ئاڵووێری بازرگانییانە، بەڵام دراوسێیەكی نزیك و ئەو برا-یە نییە كە خوێن و جوگرافیا و مێژوو و چارەنووسی هاوبەش كۆیان بكاتەوە، وەك قەتەر. ئەو قەتەرەی كە بە هۆی زێدەڕەوی و سەركێشیە قورسەكانیەوە، پەیوەندیەكانیان لەگەڵدا پچڕاندووە.     

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە