زۆریی كلینیكە تەندروستیەكان زیان بە وڵاتە گەشەسەندووەكان دەگەیەنێت

بۆچوون / بیروڕا :: 17/06/2017

نووسینی: سامویل كارگبۆ*
سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێران: لوقمان محەمەد رەشید

زۆر جار لایەنە كۆمەكبەخشەكانی وەك بانقی نێودەوڵەتی و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، وڵاتە گەشەسەندووەكان هاندەدەن بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە سیستمی تەندروستیی نیشتمانیدا بكەن. بەڵام هەڵەیە ئەگەر پەلەبكرێت لە دروستكردنی كلینیكەكان و نەخۆشخانەكان و جۆرەكانی دیكەی دامەزراوە پزیشكیەكان تەنانەت لە ناوچە دوورەدەستەكانیشدا كە پێدەچێت وەك بەرنامەیەكی ئاشكرای دابینكردنی هەڵمەتی گشتگیری تەندروسی بێت.  

پەتا ئیبۆلا-كەی ئەم دواییەی خۆرئاوای ئەفریقایش ئەوەی دەرخست كە پێویستیەكی زۆر هەیە بۆ بوونی سیستمێكی چاودێریی تەندروستیی بەهێزتر و باشتر و نەرمتر لە وڵاتە گەشەسەندووەكاندا. بەڵام وەختێك دەوڵەتەكان پەلەدەكەن لە دروستكردنی كلینیكەكاندا، زۆر جار پێداویستیەكانی دیكەیان بەهەمان خێرایی لەگەڵدا نابن، هەروەك پێداویستیەكانی دیكەی وەك كەرەستەكان و بەردەوامیپێدان و فەرمانبەرانی پێویست-یان بۆ دابین ناكرێن تا خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستیەكان بە شێوەیەكی كارا پێشكەش بكەن. 
 
لە سەردانە بەردەوامەكانمدا بۆ گوندەكانی سیرالیۆن-ی وڵاتی دایك، ژمارەیەكی زۆر ناوەندی تەندروستیم بینیوە كە دروستكراون بەبێ‌ كەرەستە پێویستەكانی. بۆ نموونە ئەوەی لە ماسانتۆ تازە كراوەتەوە كەرەستەی زۆر كەمی بۆ دابینكراوە و تەنانەت ئاو لە بەلوعەكانیدا نییە. ئەوانەی نزیك ماسیلە و كاتیری دیوارەكانیان درزیان تێبووە و سەربانەكانیان دڵۆپە دەكەن و ژمارەیەكی یەكجار كەم جێگەی هەڵگرتن و پاراستنی كەلوپەلی پزیشكییان هەیە و پێداویستیەكانی وەك سرنج و تۆمارە تەندروستیەكان لەسەر زەوی فڕێدراون و هەڵدراونەتەوە.

ئەم حاڵەتە دەرەنجامی راستەوخۆی بەرنامەی بەشبەشكاری و خێرایی وەبەرهێنانە لە پەیكەرە سەرەكیەكانی چاودێریی تەندروستیدا. لە كۆتایی جەنگی ناوخۆ لە ساڵی 2002 دا، سیرالیۆن كەمتر لە 700 خزمەتگوزاریی  تەندروستیی هەبووە، ئەمەیش بەپێی رێبەری (دەلیل)ی چاودێریی تەندروستیی ساڵی 2004، لە ساڵی 2003 یشدا حكومەت، كە لە تەنگژەی داراییدا بوو، بڕاریدا لەسەر (جێبەجێكردنی لامەركەزی) لە خزمەتگوزارییە گشتیە جیاجیاكان لەسەر ئاستی پارێزگاكان، ئەمەیش كێبڕكێیەكی توندی لەسەر سەرچاوە كەم و سنووردارەكان هێنایەئاراوە.

ئەنجومەنە خۆجێییەكان كە هەوڵیاندا بۆ دەستكەوتنی زۆرترین بەشی كێكەكە، دەستیانكرد بە دروستكردنی پرۆژەی نوێ‌، ئەمەیش بووە هۆی فراوانبوونێكی خێرا و ناڕێكخراو لە سیستمی تەندروستیدا. ئێستا لە سیرالیۆن-دا، كە ژمارەی دانیشتوانەكەی حەوت ملیۆن كەسە، نزیكەی 1300 ناوەندی تەندروستی هەن و وەزارەتی تەندروستی پێڕانەگەیشتووە و نەیتوانیوە پێداویستیەكانی هەموو ئەم ناوەندە تازانە و تێچووی فەرمانبەرانی و خستنەكاریان دابین بكات، چونكە بودجەكەی زیادنەكردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ فراوانكردنەوەی سیستمەكەدا بێتەوە. لە راستیدا كەمێكی كەم (ئەگەر هەیشبێت) لە وڵاتە ئەفریقیەكان كە راگەیەنراوی ئەبوجا-ی ساڵی 2001 یان واژۆكردووە بۆ تەرخانكردنی بڕی 15% ی بودجەكانیان بۆ بواری تەندروستی، توانیویانە ئەم كارە بكەن.

لە ئەیلولی رابردوویشدا سیرالیۆن هەڵسەنگاندنێكی كردووە بۆ دابەشكردنی ناوەندە گشتیە تەندروستیەكان و كارمەندە تەندروستیەكان لە وڵاتەكەدا، لەپێناو ئاراستەكردنی گفتوگۆكان بەرەو ستراتیژیەتی سەرچاوە مرۆییەكان بۆ تەندروستی لە ماوەی نێوان 2017 تا 2021، ئەنجامەكە جێی سەرسوڕمان بوو: چونكە تەنیا 47% ی ناوەندە تەندروستیەكانی وڵات زیاد لە دوو فەرمانبەری تەندروستی بەكاردێنن و ئەمانەیش كرێكار و خۆبەخشەكانیشی تێدایە كە بێ‌ بەرامبەر كاردەكەن. لای لەسەدا حەوت-ی ناوەندە تەندروستیەكان هەر بەهیچ جۆرێك كرێكاری فەرمانبەری بۆ تەرخانكراویان تێدا نەبووە. ئەمەیش بەڵگەی بەڵێنە بۆش و بەتاڵەكانە. 

ئەم حاڵەتە هەر تایبەت نییە بە سیرالیۆن یان ئەفریقا. لە ئیندۆنیزیا حكومەت داهاتی نەوتی خستە وەبەرهێنانی فراوانكردنەوەیەكی زۆر و خێرای خزمەتگوزارییە سەرەكییە كۆمەڵایەتیەكان و لەنێویشیاندا چاودێریی تەندروستی، كەچی ئێستا ژمارەی پێویست پزیشك لەو ناوەندە تەندروستیانەدا نین، بەتایبەت لە ناوچە دوورەكان كە غائیبیان زۆر زۆرە. ژمارەیەك پەرستاریان بۆ دانراوە بەڵام زۆربەیان راهێنانی پیشەیی پێویستیان پێنەكراوە. لەگەڵ ئەوەیشدا هەر لەخۆیانەوە كارەكانیان بەجێدێنن.

جگە لە فەرمانبەران، ناوەندە تەندروستیەكانی ئیندۆنیزیا ژێرخانی پێویستیشیان نییە، وەك: ئاوی پاك و تەوالێت و كارەبا و دەرمان و كەرەستە سەرەكییەكان. حكومەتە خۆجێییە لامەركەزییەكان، كە هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆیان بەسەر كلینیكە دوورەكاندا نییە، ناتوانن سەرپەرشتیی چالاكیەكانیان بكەن. بۆیە ئەوە مایەی سەرسامی نییە كە ئیندۆنیزیا یەكێكە لەو وڵاتانەی بەرزترین رێژەی مردنی دایكانی تێدا تۆمار دەكرێت لە خۆرهەڵاتی ئاسیادا.

زێدەڕۆیی لەو ناوەندە تەندروستیانەی  كە بە باشی كەلوپەلی پێویستیان بۆدابین ناكرێت، نەك هەر كارا و كاریگەرییان نابێت، بەڵكو دەكرێت ببێتە هۆی خراپتر بوونی دۆخەكە، ئەمەیش لەبەر هۆكارگەلێكی وەك خراپیی ناوەندە تەندروستیەكان و لاوازیی سیستمی ناردنی حاڵەتە كتوپڕەكان. ئەوەبوو لە میانەی قەیرانەكەی ئەم دواییەی نەخۆشیی ئیبۆلا-دا، ناوەندە ئاوەداننەكراوەكان بوونە هۆی زۆربوونی ژمارەی مردووەكان لە ناو، نەك تەنیا هەر نەخۆشەكاندا، بەڵكو لە ناو ئەو كارمەندە تەندروستیانەیشدا كە یارمەتیی نەخۆشەكانیان دەدا.  

لەبریی درێژەدان بە هەوڵەكانی بڵاوكردنەوەی بێ‌ بەرنامەییانەی ناوەندەكانی چاودێریی تەندروستی كە كەلوپەل و پێداویستی و ئامێر و كەرەستە پێویستەكانی بۆ دابین ناكرێت، پێویستە سیاسەتداڕێژەران ئاوڕ لە بەرنامەیەكی باشتر بدەنەوە، بە سروشتی حاڵیش ئەو خەڵكەی لە ناوچە دوورەدەستەكان دەژین، پێویستیان بە چاودێریی باشی تەندروستی هەیە، بێ‌ ئەوەی پێویستیان بە هاتووچۆ هەبێت بە رێگە سەخت و مەترسیدارەكاندا كە لە هەندێك كاتەكانی ساڵدا هەر دادەخرێن. بەڵام خزمەتگوزاریەكانی رێنمایی و هۆشیاریدان و كارمەندە تەندروستیەكانی ئەو ناوچانە، دەتوانن بە توانای زیاترەوە ئەو بوارانە پڕ بكەنەوە. بەم دواییانەیش بەهای ئەم بەرنامە و رێبازە لە ئەسیوپیا سەلمێنرا و بە هۆیەوە ئەنجامی تەندروستیی باشی هەبووە. 

لەكاتێكدا كە زۆربەی ناوەندە تەندروستیەكان لە سیرالیۆن بە پارەی لایەنە كۆمەكبەخشەكان دروستكراون، بەڵام حكومەت بەرنامەیەكی پەیڕەو كرد بۆ پەلەكردن لە كاری دروستكردنیاندا. بۆیە هەم حكومەت و هەم لایەنە كۆمەكبەخشەكانیش بەرپرسیارێتیەكی هاوبەشیان دەكەوێتە ئەستۆ بۆ گرتنەبەری رێگەیەك كە وریایی زیاتری تێدابێت لە پێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كوالیتی بەرزدا.

لە میانەی كۆنگرەی تەندروستیی جیهانیی ئەم مانگەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانیشدا، دەبێت بەشداربوان رۆشنایی بخەنەسەر ئەم بەرپرسیارێتیە و دەستبكەن بە چاوخشاندنەوە بە ستراتیژیەتەكانی ئێستادا بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی گشتگیری تەندروستی. لەگەڵ میتۆدێكی پێوەریدا. ئەمەیش كاتێكی زیاتر دەخایەنێت بۆ دروستكردنی هەمان ژمارەی كلینیكەكان، بەڵام گیانی خەڵكانێكی زیاتر رزگار دەكرێن. ئەمە تاقە ئاماژەیەكە كە دەبێت پشتی پێببەسترێت.

* بەڕێوەبەری سیاسەتەكان و نەخشەكێشان لە سیرالیۆن


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە