چەكوشی پارلەمان

بۆچوون / بیروڕا :: 15/06/2017

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

بوونی چەكوش لە پارلەمانەكانی جیهاندا نەریتێكی كۆنە، لەكاتی كۆتاییهێنان بە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسایەك سەرۆكی دانیشتنەكە بەكاریدێنێت بۆ ئەوەی مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی بدرێت لە رژنامەی فەرمیدا. لەكاتی ئاژاوە و شەڕە دەمێی نێوان ئەندامانیشدا، سەرۆك ناچاردەبێت چەكوشەكە بەكاربێنێت بۆ پاراستنی بێدەنگی و راگرتنی ئارامیی دانیشتنەكە، بۆ ئەوەی نەبێتە گاڵتەجاڕی و بە خێرایی بروسكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە بڵاونەبێتەوە و نەبێتە دیمەنێكی وێنەگیراو و  نەگاتە خەڵكی بۆ ئەوەی گاڵتە بە نوێنەرەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بكەن. 

ئەو چەكوشە لە ژیانی سیاسیی عێراقیشدا بوونی هەبووە، ئەوكاتەی كە عەقیدی كۆچكردوو فازل عەباس مەهداوی سەرۆكی دادگای گەل بەكاریدەهێنا، ناوبانگێكی زۆری پەیداكرد. چەكوشەكەی مەهداوی زۆری لە عێراقییەكان هاندا كە گۆرانیی (ئیعدامی بكە و مەڵێ‌ كاتم نییە) بڵێنەوە بە دەركردنی بڕیاری ئیعدام بۆ ئەو كەسانەی تۆماتبار بوون بە پیلانگێڕیی لە دژی كۆمار. 

لە پارلەمانی عێراقدا، زۆر جار دەنگی چەكوشەكە ناتوانێت ئەندامەكان ناچار بكات بۆ ئەوەی پابەندی بێدەنگی بن، چونكە نوێنەرەكان سوورن لەسەر ئەوەی دانیشتنەكە بگۆڕن بۆ گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕی تۆمەت و جوێن و دواییش گەیشتنی بە دەبەی ئاو و پێڵاو گرتنەیەكتر. لە دۆخی ئاژاوەییدا ماسولكەكانی نەیارانی یەكتر دەردەكەون وەك بەرگریكردنێك لە هەڵوێستەكایان بە شێوازێكی دیموكراسیانە. 

لە ماوەی خولەكانی پێشووی پارلەماندا، ئەوە بۆ ئەیاد سامەڕایی سەرۆكی پێشووترینی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامی تۆماركرا كە لە نێوان سەرۆكەكانی دیكەی دەسەڵاتی یاساداناندا تاكە كەس بووە، تاڕادەیەك وازی لە چەكوشەكە هێناوە. كەچی مەحمود مەشهەدانی-ی دوای ئەو، دەنگی بەرزدەكردەوە و تەعلیقی دەدا بۆ پاراستنی بێدەنگیی دانیشتنەكە. ئوسامە نوجیفی-یش لەیەكەم رۆژی وەرگرتنی سەرۆكایەتی ئەنجومەن و لە خولی یاسادانانی پێشووەوە و هەر لە ساڵی یەكەمی وەرگرتنی پۆستەكەیەوە، دەستبەرداری چەكەش بوو، بەڵام خراپیی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی، خۆیی خستیە نێوان چەكوش و سندان-ەوە. 

لەناو یەكەكانی سوپایشدا (بوق-كەڕەنا) بەكاردەهێنرێت و ئەفسەرێك كە پێیدەڵێن (بوقچی) رادەسپێردرێت بۆ ئەوەی رێنمایی بدات لەسەر ریتمی جۆراوجۆر، هەر لەگەڵ سەربازی ناو سەربازگەكەیش گوێی لە ئاوازەكە بوو یەكسەر رێنماییە داواكراوەكە جێبەجێ‌ دەكات، ئەوەی سەرپێچییش بكات ئەوا سزای بەندكردن دەدرێت و قژی سفر دەكرێت. سەلیم جبوری-ی سەرۆكی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران، دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمدایە كە داوا لە وەزارەتی بەرگریی بكات بۆ ئەوەی خزمەتی ئەفسەرێكی (بوقچی)ی بۆ بگوازنەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و دەستپێشخەریی بكات بۆ شاردنەوەی ئەو دەنگانەی كە داوای ئاشكراكردنی ئەنجامەكانی ئەو لیژنەی لێكۆڵینەوانە دەكەن كە پێكهێنران بۆ زانینی هەلومەرجەكانی رووداوەكان، لە ناویشیاندا دۆسیەی كەوتنی موسڵ.  

لە یادی سێیەم ساڵەی كۆنترۆڵكردنی شاری موسڵ لەلایەن داعش-ەوە و تۆماركردنی كارەساتی حوزەیران لە مێژووی عێراقدا بۆ ئەوەی بچێتە پاڵ كارەسات و قەیرانەكانی دیكە، (ئەمیشم چوو و ئەویشم چوو)، قسەكردن دەربارەی كەوتنی موسڵ وایلێهاتووە كە پێویستی بە شارەزایی (فەتاح فاڵ)ێكی لێزان بێت بۆ دۆزینەوەی نهێنیەكان.

ئەو لیژنە پارلەمانیەی كە بۆ لێكۆڵینەوە لەم دۆسیەیە پێكهێنرابوو، ئەنجامەكانی داوەتە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەویش لایخۆیەوە رادەستی داواكاری گشتیی كردووە بۆ ئەوەی بەردێكی بخاتەسەر. چووە خەوێكی قووڵەوە، بە مانایەكی تر چووەتە(حەوتەم خەویەوە)، ئیتر دەنگی بوقچی چەند بەرزیش بێت، خەبەری نابێتەوە.  

گەلی عێراق مافی خۆیەتی چارەنووسی دۆسیەی موسڵ بزانێت. ئایا بووە بەژێر پێكهاتنی نێوان هێزە جێبەجێكارەكانەوە؟ ئایا بەرژەوەندیی نیشتمانی وادەخوازێت كە نەچیتە قووڵایی پرسە ئاڵۆزەكانەوە كە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی؟. سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت وەڵامی پرسیاری عێراقییەكان بداتەوە. دۆسیەكە پێویستی بەوە نییە پەنای بۆ ببرێتە بەر خزمەتگوزاریی فەتاح فاڵ، راستییەكە وەك دەنگی بوقی ئەفسەرە بوقچی-یەكە روون و ئاشكرایە.  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure