راپرسی و فەتوا

بۆچوون / بیروڕا :: 15/06/2017

پرسیار: راپرسییەكەی مانگی (9) فەرقی چییە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی زەمانی سەدامدا؟
وەڵام: داوەشێ‌ی بۆ خۆت و پرسیارت.. ئینتخاباتەكانی ئەوسا زۆرەملێ‌ بوو، ئەمەی مانگی (9) تەنیا تەكلیفی برادەرانی سەرەوەیە.
پرسیار: ئایا ئەتوانی رۆژی راپرسییەكە لەبەردەمی سنوقەكەدا رەسم بگریت؟
وەڵام: ئەگەر لەبەرخاتری (لایك) و ئەمانەیە كارێكی جائیزە، ئەگەرنا حەرامە.
پرسیار: رۆژی راپرسییەكە ئینسان چی لەگەڵ خۆیدا ببات خێری زیاترە؟
وەڵام: هەموو شتێك موباحە ئیللا ئەقڵ و مەنتیق نەبێ‌ كە ئەو رۆژە مەكروهن
پرسیار: كەمپین كردن بۆ راپرسییەكە حەڵاڵە یان حەرام؟
وەڵام: ئەگەر بۆ گەوجاندنی جەماوەر بێ‌ جیهادی عەینی یە بەڵام ئەگەر هەقیقەتی مەبەست بێ‌ ئەوا لە (زیناكردن) بەم مانگی رەمەزانە حەرامترە.
پرسیار: ئینسان ئەو رۆژە چ نەوعە جل و بەرگێك لەبەر بكات خێری زیاترە؟
وەڵام: هەموو نەوعێك باشە بەتایبەت زەرد و سەوزی كاڵ و شینی عاسمانی بەڵام كراسی مۆر رەئییەكەت باتڵ ئەكات.
پرسیار: ئایا ئەتوانین بیلامانێ‌ هەر بە سپێتی وەرەقەكەی تێ‌بخەین؟
وەڵام: ئەگەر لە دەڤەری ئەملا بیت زۆر گوناح نییە بەڵام لەولا بە گوناحی كەبیرە حساب ئەكرێ‌.
پرسیار: بەپێ‌ی شەرع وەرەقەكە لوول بكەیت باشە یان هەر وا بە پانی؟
وەڵام: ئەگەر بە نەخێر جواب ئەدەیتەوە لوولی بكە با كەس نەیبینێ‌ بەڵام ئەگەر جوابەكەی بەڵێ‌یە هەر وا بە پانی ئەجری زیاترە و ئەڵڵاهو ئەعلەم 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure