قەیرانەكەی كەنداو لە جێی خۆیدا چەقیوە

بۆچوون / بیروڕا :: 13/06/2017

سەرچاوە: رەئی ئەلیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


لە دوو رۆژی رابردوودا، قەیرانەكەی كەنداو چووە قۆناغێكی (متبوونەوە)، نێوبژیوانیەكەی كوەیت وەك لەكاركەوتووی لێ‌ هاتووە و ئەگەری دەستوەردانی سەربازیی، بەشێوەیەكی كاتی پاشەكشەی كردووە و رێوشوێنەكانی گەمارۆ ئابووریەكەی سعودیە و ئیمارات و بەحرەین-یش دژی قەتەر، ئەنجامی پێچەوانەی لێ‌ كەوتووەتەوە و چووەتە بەرژەوەندیی قەتەرەوە و خستوویەتیە خانەی قوربانی و لایەنی لێدراوەوە، ئەمەیش بووە هۆی هاوسۆزییەكی میللیی عەرەبی لەگەڵیدا، بە تایبەت لەسەر پێگەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان. 
 جموجووڵەكانی قەتەر لە هەردوو رووی دیپلۆماسی و میدیاییدا و بە هەردوو ئاراستەی عەرەبی و نێودەوڵەتی، توانیی سەرسامیەكە هەڵمژێت و كێشەكە لە بەرژەوەندیی خۆی ئاراستە بكات، چونكە رێی هێوربوونەوەی گرت نەك هەڵكشان، هەروەها خۆی خستە سەنگەری قوربانی و بەرگریی لەخۆكردنەوە و دەركەوتنی وەك لایەنێكی بە پەرۆش بۆ هاوكاریی ئەرێییانەی لەگەڵ ناوبژیوانیی كوەیت بۆ گەیشتن بە دەرچەیەكی پەسەند لە پێناو ئابڵۆقەدانی قەیرانەكە و كۆكردنەوەی كلكەكانی. 
هەڵەی گەورەی دەوڵەتەكانی هاوپەیمانیە چوارقۆڵیەكەی سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر ئەوەبوو كە رێوشوێنی (سزادان)یان پەیڕەوكرد، ئەمەیش زیانێكی زۆری دەروونی و كردەكیی بە گەلی قەتەر گەیاند، بەتایبەت لەم مانگی رەمەزانەدا، وەك بڕیاری دەركردنی هاووڵاتیانی قەتەر لە وڵاتەكانیان و مۆڵەتدانی تەنیا 14 رۆژ بۆ رۆیشتنیان، بێ‌ رەچاوكردنی دەرهاویشتەكانی ئەم بڕیارانە، چونكە جیاوازیی زۆر هەیە لەنێوان دەركردنی خاووخێزان و دەركردنی باڵیۆزەكاندا، باڵیۆز دەتوانێت لە ماوەی چەند كاتژمێرێك یان لە رۆژێكدا وڵاتەكە جێبهێڵێت، بەڵام خێزان ئەمەی بۆ ناكرێت، بەتایبەت ئەگەر هاوسەگیریی هاوبەش و بەرژەوەندیی دارایی و وەبەرهێنان لەبەرچاوبگرێن لە وڵاتێكدا كە بڕیار بوو برا بێت.  
لەبەرامبەردا قەتەر زۆر زیرەكتر بوو، هەمان ئەو رەفتارەی لەگەڵ هاووڵاتیانی چوار دەوڵەتەكەدا نەكرد، رێزی گرتن و پێشوازیی مانەوەی لێكردن و ئازادی كردن لەوەدا كە دەمێننەوە یان دەڕۆن. رەنگە پاشگەزبوونەوەی دواتری دەسەڵاتدارانی سعودیە و ئیمارات و بەحرەین، لە دوای باگەوازی بەهاناوەچوون بەرامبەر ئەو هەڵسوكەوتە توندەی كە دەبێتە هۆی لەیەكتركردنی ئەندامانی یەك خێزان، دانپێدانانێكی راشكاوانە بێت بەو هەڵەیەدا، ئەوەبوو بە پەلە كەوتنەخۆیان بۆ راستكردنەوەی هەندێك لایەنی نامرۆڤانەی بڕیارەكەیان. هەموو گەمارۆدانێك و دابڕانێك، كارێكی نامرۆڤانەیە ئیتر قوربانیەكانی خەڵكی دەوڵەمەند بن یان هەژار. 
باوەڕناكەین ئەم باری (متبوونە) زۆر درێژە بكێشێت، بەدووریشی نازانین كە لە رۆژانی كەمی داهاتوودا پەرەسەندنی مەترسیدارتر رووبدات. بۆ ئەمە سێ‌ قوتابخانە هەن كە هەریەكەیان تێڕوانین و دیدگای تایبەت بەخۆیی هەیە دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانەكەدا:
یەكەم: ئاشتی، ئەمانە بڕوایان بە سیاسەتی نەفەسدرێژیی و سەپاندنی سزای شێنەیی بەسەر دەوڵەتی قەتەردا هەیە، هەندێكیان پێیانوایە كە هاوسۆزیی میللی بەهۆی گەمارۆوە تەمەن و كاریگەریەكەی كورتە. لەمەیشدا ئاماژە بە ئەزموونەكانی عێراق و ئێران و سوریا و فەلەستین دەدەن. 
دووەم: ناوەند، داوای چڕكردنەوەی گوشارە ئابووریەكان دەكەن بۆ خنكاندنی دەوڵەتی قەتەر و چوون بەرەو قۆناغی بلۆككردنی سەرمایە و پارە دانراوەكانی قەتەر لە دەوڵەتانی كەنداو و لە بانق و لە بازاڕە نێودەوڵەتیەكاندا بە پاساوی ئەوەی كە قەتەر پشتیوانیی لە تیرۆردەكات. تیۆریستەكانی ئەم قوتابخانەیە دەڵێن دەركردنی بڕیارێكی لەمجۆرە و بە پشتیوانیی ئەمریكا دەبێتە خۆی ئیفلیجبوونێك نەك تەنیا هەر لە ئابوریی قەتەردا بەڵكو لە هێزە نەرمە داراییەكەیشیدا كە بەكاریدێنێت بۆ پشتیوانیی میدیا و سیاسەتی خۆی.
سێیەم: باس لە بژاردەی سەربازیی دەكات و رەخنەی ئەوە لە چوار حكومەتەكە دەگرێت كە دەرفەتی زێڕینی دوورۆژەی سەرەتای قەیرانەكەیان لەدەستداوە، واتا پێش ئەوەی قەتەر بەرەو توركیا و ئێران بجووڵێت. ئەمانە لەو باوەڕەدان لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی سێ‌ رۆژ لەمەوبەری لەگەڵ هاوتا رۆمانیەكەی، خوێندنەوە بووە نەك تەنیا كۆمێنتێك، چونكە باسی لەوەكرد كە قەتەر مێژوویەكی درێژی لە پشتگیریكردنی تیرۆردا هەیە و لە بەرزترین ئاستیشیدا. ئەم قسەیە دەرپۆشێك بوو بۆ بژاردەیەكی لەمجۆرە و تا ئێستایش ئەو كاریگەرییەی هەر ماوە، هەروەك زەمینەیش بۆ گۆڕینی رژێمەكە خۆش دەكات. 
ئەمانەی قوتابخانەی سێیەم، فۆكەسیان لەسەر دوو شتی سەرەكییە، ئەوانیش كەرتبوونی بنەماڵەی دەسەڵاتدارە، كە لەمكاتەدا هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەمە نییە، یاخود چەكداركردنی هەندێل لەو خێڵانەی كە لەدژیانن. بۆ ئەمەیش ئاماژە بە ناوی خێڵی (بەنی موڕە) دەكرێت وەك هێمایەك بۆ رۆڵیان لە هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی ساڵی 1996 كە بە هاندانی سعودیە و ئیمارات ئەنجامدرا بۆ لابردنی حەمەد بن خەلیفە-ی میری پێشوو و گێڕانەوەی باوكی بۆ دەسەڵات.
یەكێك لە (حەكیم)ەكانی خێڵی بەنی موڕە دەڵێت (ناكرێت دوو جار دەستمان بە ئاگر بسووتێت)، چونكە ئەمیری باوك سێخ حەمەد بن خەلیفە توند بوو لە رەفتاركردنی لەگەڵ ئەو ئەندامانەی خێڵەكەیان كە گلابوونە هەوڵی كودەتاكەوە، ئەوەبوو ژمارەیەكی زۆریانی بە خێزانەوە دەركرد بۆ سعودیە و بە یەكجار رەگەزنامەی لە حەوت هەزار كەسیان سەندەوە بە بیانووی ئەوەی كە رەگەزنامەی دیكەیان هەیە و بەزۆرییش سعودی، ئەمەیس پێچەوانەی یاسای قەتەرە. هەروەك سەدان كەسیشی لێ‌ خستنە بەندیخانەكانەوە. ئەو (حەكیم)ە دەڵێت ئەوانەی لە كودەتاكەوە گلابوون مامەڵەیەكی گونجاویان لەو كەسانەوە لەگەڵدا نەكرا كە پشتگیرییان دەكردن و دەستبەرداریان بوون و بە تەنیا جێانهێشتن و باجی تەنیایی خۆیان دا.
حكومەتی قەتەر ئەو دە مەرجەی رەتكردەوە كە نەیارەكانی داوایان لێی كردبوو بە خێرایی و بەبێ‌ كەموكورتی جێبەجێیان بكات، پوخنەی مەرجەكانیش پچڕانی پەیوەندیەكانی بووە بە بزووتنەوەی (ئیخوان موسلمین) ەوە و دوورخستنەوەی سەركردەكانیان لە قەتەر و داخستنی وێستگەی ئەلجزیرە و بەجدیی شەڕكردن دژی تیرۆر و چوونەڕیزی ناتۆی عەرەبی-ئیسلامی-یەوە بە شێوەیەكی چالاك لە دژی ئێران.   
شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان وەزیری دەرەوەی قەتەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەپاریس-ەوە رایگەیاند بە هیچ جۆرێك هیچ گفتوگۆیەك سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكیی قەتەر قابیلی قبووڵ نییە، چونكە ئەوانە مەسەلەی سەروەریین و سازشیان لەسەر ناكرێت، هەمان شت دەربارەی كەناڵی ئەلجزیرەیش.
راپۆرتە هەواڵدەریەكان دەڵێن، دەوڵەتی ئیمارات و شێخ محەمەد بن زاید جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئیمارات، هیچ نەرمییەكیان نەنواندووە بەرامبەر نێوەندگیریەكەی كوەیت. تەنانەت هەندێك دەڵێن هەوڵەكەی كوەیت شكستیهێناوە. هەمان شت دەربارەی ئەمیر محەمەد بن سەلمان-ی هاوپەیمانە سعودیەكەیشی دەوترێت. چونكە هەردووكیان چارەسەری ناوەند رەتدەكەنەوە و چارەسەرێكی ریشەیی بەباش دەزانن. 
ئێستا ئیتر لە چاوەڕوانیی هەنگاوی داهاتووداین كە گوایە ئەم بەستەڵەكە دەشكێنێت، هاوپەیمانێتیی سعودی و میسری و ئیماراتی و بەحرەینی مكوڕە لەسەر خۆبەدەستەوەدانی قەتەر و مل پێكەچكردنی، قەتەریش دەڵێت چۆك دانادات و خۆبەدەستەوە نادات... ئەمەیش هەڵكشان و پەرەسەندنی دۆخەكەیە رەنگە تا ئاستی جەنگ، بژاردەی سێیەمیش نییە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە