تیرۆر ته‌نیا هه‌ر به‌ قسه‌ ناوه‌ستێنرێت

بۆچوون / بیروڕا :: 11/06/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ هاووڵاتیه‌كى عه‌ره‌بم زیره‌كیم سنوورداره‌ یان هه‌ر نیمه‌، بۆیه‌ تكا له‌ خوێنه‌ر (خواجه‌یه‌ك) ده‌كه‌م بۆم باس بكات كه‌ ئاخۆ چۆن مه‌سه‌له‌ى ئه‌وه‌ ده‌برێته‌وه‌ كه‌ تیرۆر كریستین ئه‌رچیباڵد-ى كچه‌ كه‌نه‌دى له‌ له‌نده‌ن بكوژێت؟. 


مانگى رابردوو، تیرۆر 22 مرۆڤى بێتاوانى له‌ ئاهه‌نگێكدا له‌ مانچسته‌ر كوشت. له‌ كۆتایى هه‌فته‌ى رابردوویشدا حه‌وت ژن و پیاوى بێتاوانى كوشت و 48 كه‌سى دیكه‌ى بریندار كرد كه‌ زۆربه‌یان برینه‌كانیان زۆر مه‌ترسیدارن.

ره‌نگه‌ هۆكارى تیرۆر له‌ ئه‌وروپاوه‌ بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌وه‌بێت كه‌ ده‌وڵه‌تانى خۆرئاوا په‌یڕه‌وى دیموكراسیه‌تى ئه‌سینایى ده‌كه‌ن و هانى تیرۆر ده‌دات، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامى ده‌دات ده‌زانێت كه‌ ئه‌گه‌ر به‌زیندوویى مایه‌وه‌ ئه‌وا دیموكراسیه‌ته‌كه‌ له‌ مه‌رگ ده‌یپارێزێت و خۆ ئه‌گه‌ر له‌ كرده‌وه‌یه‌كى خۆكوژیشدا تیاچوو ئه‌وا 77 حۆرى له‌ به‌هه‌شت چاوه‌ڕێى ده‌كه‌ن. 

بیركردنه‌وه‌ى له‌مجۆره‌ گه‌وجێتیه‌، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپا دیكتاتۆریه‌تى جیهانى سێیه‌م په‌یڕه‌و بكه‌ن و تیرۆریستان بكوژن و خانووه‌كانیان به‌سه‌ر كه‌سوكاریاندا بڕووخێنن، ره‌نگه‌ تیرۆرسته‌كه‌ دوو جار بیرى بكردایه‌ته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى بێتاوان له‌ شه‌قامه‌كاندا بكوژێت.

له‌ به‌رلین له‌ 19/12/2016 دا 12 كه‌س كوژران و 56 كه‌سى تریش برینداربوون له‌ هێرشێكى تیرۆریستیدا كه‌ (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) به‌رپرسیارێتیه‌كه‌یى له‌ئه‌ستۆگرت.
له‌ به‌لجیكا خه‌ڵكانێكى بێتاوان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى برۆكسل كوژران، هه‌روه‌ها له‌ وێستگه‌ى شه‌مه‌نده‌فه‌رى ناوه‌ڕاستى شاره‌كه‌دا، ژماره‌ى كوژراوه‌كان گه‌یشته‌ 14 كه‌س له‌گه‌ڵ ده‌یان برینداردا. 

له‌ ئینگلته‌ره‌یش له‌ 7/7/2005 دا هێرشى تیرۆریستى كرایه‌ سه‌ر سه‌رنشینانى شه‌مه‌نده‌فه‌ر و پاسه‌كان كه‌ 56 كوژراوى ره‌گه‌زنامه‌ى جیاجیا و زیاتر له‌ 700 برینداریان لێكه‌وته‌وه‌. 

فره‌نسایش به‌شى خۆى له‌ تیرۆردا هه‌بوو و هێرشه‌كه‌ى سه‌ر گۆڤارى ته‌نزئامێزى (شارلى ئیبدۆ) له‌ 7-9/1/2015 دا بووه‌ هۆى كوژرانى 17 مرۆڤ و برینداربوونى 22 ى دیكه‌. دواى ئه‌وه‌یش گه‌وره‌ترین كرده‌وه‌ى تیرۆریستى له‌ مێژووى فره‌نسادا ئه‌وانه‌ى 13-14/11/2015 بوون كه‌ 130 كوژراو و 368 برینداریان لێكه‌وته‌وه‌ و خراپترینیان ئه‌وه‌ى سه‌ر یانه‌ى شه‌وانه‌كه‌ بوو. پاشان ئه‌و هێرشه‌ى كه‌ به‌ ئۆتۆمبێلێكى بارهه‌ڵگر له‌ شارى نیس له‌ 14/7/2016 ئه‌نجامدرا و 86 كه‌سى كوشت كه‌ ژماره‌یه‌كیان عه‌ره‌بى موسڵمان بوون، هه‌روه‌ها 434 كه‌سى دیكه‌یش برینداربوون. 

له‌ هه‌موو وڵاتانى ئه‌وروپاى ناوه‌ڕاست و خۆرئاوادا، كرده‌وه‌ى ترى تیرۆریستى ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ مرۆڤێك و دوان یان پێنج-یان تێدا كوژراون، له‌به‌ر زۆرییان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌وه‌دا باسم نه‌كردوون. ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و ده‌پرسم: چۆن ده‌كرێت مه‌سه‌له‌ى كوشتنى مرۆڤى بێتاوان ببرێته‌وه‌؟ هه‌ندێك جار تیرۆر كه‌سانى كه‌مته‌مه‌ن و ره‌نگه‌ منداڵیش بگرێته‌وه‌.

ده‌شێت 99% ى په‌نابه‌رانى ئه‌وروپا، به‌وانه‌یشه‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕى ناوخۆى سوریا هه‌ڵاتوون، له‌ تیرۆر بێبه‌ریبن. له‌سه‌ر هه‌ندێكیانمان خوێندووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ كاركردنیان له‌و وڵاتانه‌ى كۆچیان بۆكردووه‌، به‌ڵام زۆر به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت هیچ ده‌رباره‌ى ئه‌مانه‌ نابیسترێت، كه‌چى هه‌واڵى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ یه‌كێك له‌ سه‌د كه‌سى تیرۆریست له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ره‌ داماوه‌كاندا دزه‌ى كردووه‌ته‌ ئه‌وروپاوه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى مه‌رگ و وێرانه‌ به‌ ناوى داعش و ئه‌وانى تریانه‌وه‌. 

هه‌موو ده‌وڵه‌تێكى ئه‌وروپى له‌ دواى كرده‌وه‌ى تیرۆریستى، هه‌ڕه‌شه‌ى گرتنه‌به‌رى رێوشوێنى دژ و توند و هه‌ڵوێستى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌كات و دواییش هیچ شتێك ناكات. ته‌نانه‌ت له‌ سوید-ى نموونه‌ى دیموكراسیشدا بانگه‌شه‌ى ده‌ركردنى په‌نابه‌ران سه‌ریهه‌ڵدا كه‌چى هیچ جێبه‌جێ نه‌كرا.

هاووڵاتیى موسڵمان له‌ ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپادا (له‌سه‌ر ناسنامه‌) سه‌ركۆنه‌ ده‌كرێت و جێگه‌ى گومانه‌، كه‌س نایه‌وێت لێى نزیكببێته‌وه‌. ئه‌و باجى تیرۆر له‌گه‌ڵ قوربانیه‌كاندا ده‌دات، تا ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ دۆناڵد تره‌مپ تا ئێستایش هه‌وڵى رێگریى ده‌دات له‌ چوونى هاووڵاتیانى ده‌وڵه‌ته‌ موسڵمانه‌كان بۆ ناو وڵاته‌كه‌ى، ئه‌گه‌رچى دادگاكان فه‌رمانه‌ كارگێڕییه‌كانى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ چونكه‌ پێچه‌وانه‌ى ده‌ق و گیانى ده‌ستورن.

ئه‌ى چاره‌سه‌ر؟ ده‌وڵه‌تانى خۆرئاوا پێویستیان به‌وه‌یه‌ چاكى لێ بكه‌ن به‌لادا له‌به‌رامبه‌ر تیرۆردا، ناڵێم په‌یڕه‌وى دیكتاتۆریه‌ت بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌و رێوشوێنانه‌ پیاده‌ بكه‌ن كه‌ وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ رایده‌گه‌یه‌نن، چونكه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌س نییه‌ كه‌ تێریزا ماى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى بریتانیا باس له‌ رێوشوێنى توند بكات دژى تیرۆر، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌م رێوشوێنانه‌ جێبه‌جێ بكرێن، تا هاووڵاتى بیبینێت و دڵنیابێت، هه‌روه‌ها تیرۆریستیش بیبینێت و وازبێنێت. 

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure