سعودیه‌ و تیرۆر

بۆچوون / بیروڕا :: 08/06/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
دوور له‌ دروشم و ره‌چاوكردنه‌ تایه‌فییه‌كان، ده‌كرێت بوترێت كه‌ حكومه‌تى سعودیه‌ شه‌ڕى تیرۆرى ئه‌لقاعیده‌ و داعش ده‌كات، ئه‌مه‌یش له‌ زنجیره‌یه‌كى درێژى هه‌ڵوێست و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ته‌قینه‌وه‌ و دادگاییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام (ئاگادارى) ته‌نیا له‌سه‌ر خاكى خۆى له‌ دژیه‌تى و به‌تایبه‌ت كاتێك ئاڵۆسكا و به‌و ئاراسته‌یه‌ رۆیشت كه‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بازرگانى و دارایى و سیاسیه‌كانى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى بگه‌یه‌نێت. ئه‌گه‌رنا له‌ دوو ئاستدا پشتگیریى ده‌كات. ئاستى یه‌كه‌م: له‌و ئاسانكارییه‌ لۆجستیانه‌دایه‌ كه‌ پێشكه‌ش به‌ شانه‌ و تاكه‌ كه‌سه‌كانى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى چالاكییه‌ تیرۆریستیه‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوور ئه‌نجام بده‌ن. له‌و وڵاتانه‌ى كه‌ (ناحه‌زن) به‌لاى خودى سعودییه‌كانه‌وه‌. ئه‌مه‌یش له‌وه‌دا به‌ده‌ركه‌وت كه‌ سعودیه‌ به‌رگریى ده‌كات له‌و كه‌سانه‌ى ره‌گه‌زنامه‌ى سعودیه‌یان هه‌یه‌ و له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانى دیكه‌وه‌ ده‌ستگیرده‌كرێن (گوانتانامۆ. عێراق. پاكستان. لوبنان....) به‌ هه‌موو رێگه‌یه‌كى دیپلۆماتى و دارایى و هه‌واڵگریى هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى بیانگێڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌تا له‌ كتێبێكى به‌ڵگه‌نامه‌ییدا به‌ ناونیشانى (شه‌ڕكه‌رى مه‌ككه‌/مقاتل مكه‌) به‌ڵگه‌نامه‌ى سه‌لمێنراو هه‌ن ده‌رباره‌ى ئه‌و شێوازانه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى سعودیه‌ په‌یڕه‌وى ده‌كه‌ن (به‌هۆى مه‌شایخ و ده‌زگاى ئه‌منه‌وه‌) بۆ ئه‌وه‌ى قه‌ناعه‌ت به‌ لاوانى سعودیه‌ بكه‌ن، ئه‌وانه‌یان كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریى بیرى باوى جیهادییه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى شان به‌شانى ئه‌لقاعیده‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى خاكى سعودیه‌ بجه‌نگن. ته‌نانه‌ت ئاسانكاریى گواستنه‌وه‌ و چاودێریى خێزانه‌كانیشیان له‌ ئه‌ستۆده‌گرن. 

ئاستى دووه‌میش: خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌ پشتگیریى دارایى ده‌ستبڵاوانه‌ى ده‌سته‌ چالاكه‌ ئاینییه‌كان، كه‌ هه‌ندێكیان په‌یوه‌ستن به‌ بنه‌ماڵه‌ى فه‌رمانڕه‌وا یان ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، بۆ رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان كه‌ له‌ چه‌ندین گۆڕه‌پاندا ده‌جه‌نگن، ئه‌م پاره‌پێدانه‌یش له‌ گومان و ئه‌گه‌ر و تۆمه‌تباركردنى ریاز-دا نه‌ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ به‌ڵگه‌وه‌ له‌ نامه‌كان و له‌ ده‌رخستنى بانقه‌كان و ئابڕووچوونه‌كاندا سه‌لمێنراون كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. ده‌كرێت سه‌رنج بدرێته‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ پێگه‌ى ویكیلێكس بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 7ى دیسه‌مبه‌رى ساڵى 2017، ده‌رباره‌ى بروسكه‌یه‌كى هیلارى كلینتۆن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و تێدا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌ بوونى چه‌ندین هه‌وڵ بۆ قه‌ناعه‌تپێهێنانى لایه‌نه‌ سعودیه‌كان به‌ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و لێشاوى داراییه‌ى كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ سعودیه‌كانه‌وه‌ ده‌چێت بۆ تیرۆریستان. بروسكه‌كه‌ ده‌ڵێت"له‌ دیارترین ئه‌و گروپانه‌ى كه‌ ئه‌و به‌خشینه‌یان پێده‌گات، رێكخراوى ئه‌لقاعیده‌ و بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان و رێكخراوى له‌شكر تیبه‌-ن".

له‌ بروسكه‌یه‌كى نهێنى-یشدا، كلینتۆن داوا له‌ دیپلۆماتكاره‌ ئه‌مریكاییه‌كان ده‌كات، هه‌وڵه‌كانیان دووهێنده‌ بكه‌ن بۆ راگرتنى لێشاوى پاره‌ى سعودیه‌ بۆ گروپه‌ چه‌كداره‌كان، ئه‌وه‌یش له‌ رێى"قه‌ناعه‌تپێكردنى به‌رپرسه‌ سعودیه‌كان به‌وه‌ى كه‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پاره‌ و داراییه‌ى له‌ سعودیه‌وه‌ ده‌نێردرێن، كارى له‌پێشینه‌ى ستراتیژیه‌تى ئێمه‌یه‌". له‌ بروسكه‌یه‌كى تریشدا باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كى خێرخوازیى پاكستانى (جه‌ماعه‌تى ئه‌لده‌عوه‌) كه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌شێكى گروپى (له‌شكر تیبه‌)ى تیرۆریسته‌، كۆمپانیایه‌كى سعودیى كردووه‌ته‌ رووى خۆى بۆ پاره‌په‌یداكردن بۆ چالاكیه‌كانى له‌ ساڵى 2005 دا. 

به‌ڵام ده‌كرێت به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى ئه‌م دۆسیه‌یه‌، له‌ رێنماییه‌كانى سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌رى ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهیرى-دا تێبینى بكرێت كه‌ تێیدا پابه‌ندبوونى خۆیان راده‌گه‌یه‌نێت به‌ هێرشنه‌كردنه‌ سه‌ر رژێمه‌كانى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ (یارمه‌تى)ى جیاجیا پێشكه‌ش به‌ (موجاهیده‌كان) ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌یش ماناى سعودیه‌ و ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ تێیئاڵاون. واتا ئه‌وكاته‌ ئه‌لقاعیده‌ وه‌ڵامى سڵاوى شانشینه‌كه‌ى، باشتر داوه‌ته‌وه‌.  
 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لسه‌باح ئه‌لجه‌دید

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure