كوردەكان لە سوریە: تەنیا هەر بە چەك نا

بۆچوون / بیروڕا :: 06/06/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

 كاتێك پارتی كرێكارانی كوردستان شەڕی چەكداریی دژی دەوڵەتی توركیا دەستپێكرد، هەموان هەستیان بە شتێك كرد كە پێشتر نەیاندەزانی: كورد لە توركیا هەیە. نەخێر، ئەوان تەنیا گروپێك نین لە كۆمەڵێكی نەژادیی ونبوو، بەڵكو گەلێكی پانوپۆڕی نزیكەی بیست ملیۆنین و بێبەشن لە بنەماكانی ژیان لە رووی سیاسی و كلتوری و زمانی و نەتەوەیی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەوە. خەڵكی ئەوەیان بۆ ئاشكرا بوو كە بەناوبانگترین رۆماننووسەكان و دەرهێنەرە سینەماییەكان و ئەكتەرەكانی سینەما و گۆرانیبێژەكان و وێنەكێشەكان لە توركیا، كوردن. خەڵكیی، یەشار كەمال و یەڵماز گۆنەی و ئەحمەد عارف و ئیبراهیم تاتڵیسەس و بورهان جاجان و سبیل جان و ئەحمەد كایا و فەرهاد تونج و...هتد-یان ناسی.  

لە سەیر و سەمەرەكانی مێژوویش ئەوەیە كە ئەو كەسەی بنەماكانی تیۆری و زمانیی بیروباوەڕی نەتەوەیی توركیی داناوە گۆك ئەڵپ- Gökalp بووە، كە كوردە. هەروەك ئەوەیش كە زەمینەسازیی بۆ بیروباوەڕی ئایینی رەخساندووە و دوایی دەبێتە رێبازی هەڵكشانی نەجمەدین ئەربەكان و دوای ئەویش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەعید نەوڕەسی-ی كوردە. 
هەمان دۆخ لە سوریایش، كەس نەیدەزانی كورد لە سوریا هەیە. بۆ یەكەمجار ئەو كاتە راستیی بوونیان بە شێوەیەكی فراوان دەركەوت كە راپەڕینەكەی قامیشلۆ لە ساڵی 2004 دا بەرپا بوو. ئەوكاتە پێكدادان كەوتە نێوان جەماوەری گیرخواردووی ناو یاریگەیەكی تۆپی پێ‌ و پیاوانی پۆلیسی سوریا، كە بە گولـلەی گەرم تەقەیان دەكرد بەناو خەڵكەكەدا و ئەوانیش هوتافی دژی دەسەڵاتیان دەوتەوە. رووبەڕووبوونەوەكان گوازرانەوە بۆ شەقامەكانی شارەكە و ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێكەوتەوە و بۆ یەكەمجاریش لە هەموو سوریادا، پەیكەری سەرۆك حافز ئەسەد رووخێنرا. 

بەڵام ئەوەی كە ئامادەیی كوردی چەسپاند و وایلێكرد بەهێزێكی زیاترەوە بێتە مەیدان، پەلامارەكەی داعش بوو بۆ سەر شاری كوبانی-ی كوردی و ئەو بەرەنگارییە ئەفسانەییە بوو كە شەڕڤانە كوردەكان نواندیان، بەتایبەت ژنە شەڕڤانەكان كە داستانی راستەقینەیان لە ئازایەتیدا تۆماركرد. ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی كە سەرنج بخرێتە سەر بوونی كورد لە سوریا كە تا ئەوپەڕی پەراوێز و پشتگوێ‌ خرابوون و لەبیركرابوون. 
ئێستا مرۆڤ دەزانێت كە كورد بەشێكی فراوانی پێكهاتەی كۆمەڵگەی سوری پێكدێنێت و ئامادەیی لە نەخشەی سوریا بە گەورەیی و قورسایی و بایەخەوە هەیە، بەجۆرێك ناتوانرێت پشتگوێ‌ بخرێت یان بازی بەسەردابدرێت. 

بایەخ و گرنگیدان بەم ئامادەییە، پەرۆشییەكی وەرگرتووە بۆ ناسین و زانیاریی لە سەریان و روانین بۆ كارەكانیان و بەشدارییان لەوەی كە كردوویانە لەپێناو رابردوو و ئێستای سوریا و هەروەها لە هەموو كاروبارەكاندا.
كاتێك مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ دواوەی مێژووی دەوڵەتی تازەی سوریا، ئەوەی بۆ دەردەكەوێت كە كوردەكان رۆڵێكی زۆر و گەورەیان هەبووە لە دارشتنەوەی سیماكانی قەوارەی سوری كە لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەستایەوە و پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی سوری بەهۆی كۆتایی ئینتیدابی فرەنسییەوە. هەروەها پشكیان هەبووە لە نزیككردنەوەی نەمانی ئینتیدابەكەدا بەهۆی ئەو یاخیبوونەوە كە ئیبراهیم هنانۆ سەركردایەتی كرد لە چیای زاویە و راپەڕینە ناوخۆییەكان كە لە چەندین شوێنەوە سەریانهەڵدا و كوردەكان سەرۆكایەتییان دەكرد، وەك ئال بارافی و دەقوری و حاجۆ و ئەوانی تریش.

پاشان كەسێتیی كوردیی، چەندین پێگەی سیاسی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی وەرگرتووە كە هیچ مێژوونووسێكی سوری ناتوانێت چاوی لێ‌ بنووقێنێت. كەناڵە فەزاییەكانی سوریایش بە ناوەكانی وەك كامەران بەدرخان و جەلادەت بەدرخان و جگەرخوێن و زەعیم و بەرازی و بەكداش و ئەیوبی و زازا و بۆزۆ و ئال رەشی و عیسا عەبدولكەریم و....هتد رازێنرایەوە. 

سوریایش وەك توركیا وایە، محەمەد كورد عەلی-ی كوردی، بەشدارییەكی هاوسەنگانەی هەبووە لە ئامادەكاریی بۆ بیری عروبی و ئایدۆلۆژیای عروبیەی كراوە. هەروەك سەعید رەمەزان ئەلبوتی و ئەحمەد كفتارۆ، رۆڵیان هەبووە لە دانانی بەرگەپۆشی ئایینی سوننی بۆ دەسەڵات.
ئێستایش كە پارتی (یەكێتی دیموكراتی كوردی) لە گۆڕەپانەكانی شەڕدا دەگەڕێت و پەلامار دەدات و بەرداشێكی گەورەی حساباتی روس و ئەمریكیەكان و ئەوروپییەكان و رژێمی سوریا و توركیایە لە نێوان هاندان و سەركۆنەكردندا، لەولاوە و لە گۆڕەپانی پشتەوە، كوردانێك هەن كە بە بێدەنگی بەشداریی دەكەن لە چنینی چنراوەی كۆمەڵگەی داهاتووی سوری-دا. ئەمانە چەكدارنین و بازبازێنی نێوان سەنگەرەكان و بەرە-كانیان ناكەن. ئەوان دڵ و عەقڵ و بەهرەكانن لە كلتور و فیكر و ئەدەب و شانۆ و وێنە و سینەما و وەرزشدا. ئەوان وەك كەسانی دیكە لە تواناكانی سوریان بۆ ئێستا و داهاتووی ئەم قەوارەیە. ناتوانرێت پشتگوێ‌ بخرێن و چاویان لە ئاستدا بنوقێنرێت، لەوانە: سەلیم بەرەكات و بەشار ئەلعیسا و عومەر حەمدی و زوهەیر حەسیب و خەلیل عەبدولقادر و بەهرام حاجۆ و وجدان دێركی و لوقمان دێركی و حسێن بن حەمزە و ئەحمەد عومەر و رۆستەم مەحمود و جان دۆست و هۆشەنگ ئەوسی و حەلیم یوسف و تەها خەلیل و مانو خەلیل و عارف حەمزە و خزر ئەلئاغا و جولان حاجی و هەیسەم حسێن و نیرۆز مالك و شۆڕش دەروێش و داریوس دەروێش و عەبدولباست سەیدا و ...هتد.
ئێستا، كاتێك هەموو جیهان باس لە گرنگیی چارەسەركردنی دۆزی كورد لە توركیا دەكەن، مەسەلەكە بادانەوە و لاربوونەوە نییە بەلای پارتی كرێكارانی كوردستاندا، بەڵكو هاوڕیزی و چوونەپاڵێكی سادە و ساكار وئاشكرای ئەوەیە كە: هەر وڵاتێك بەشێكی گەورەی گەلەكەی پەراوێز بخات، ئەوە وڵاتێكی نەخۆشە و زووبێت یان درەنگ هەر دەڕووخێت.
 هەمان وانە لە سوریایش دووبارە دەبێتەوە. سبەینێ‌ لە ئێرانیش بەهەمان شێوە. عێراقیش تا ئێستا هەوڵدەدات ئەم وانەیە لەبەربكات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure