رەئیسی تەباخەكان

بۆچوون / بیروڕا :: 01/06/2017


+ فەرقی ئێمە و بەریتانیای عوزما چی یە؟
ـ بەگم ئەگەر بە سەعات بێ‌ ئێمە دایمەی خوا دوو سەعات لە پێش لەندەنەوەین، بەڵام....
+ بەڵام و مەڵامی تێ‌ مەخە، ئەوەندەم بەسە.
ـ بەس نی یە قوربان، چونكە ئێمە هەر بە حسابی سەعاتە چاڵمەكە لە پێش ئەو چاوشینە قژ زەردانەوەین، ئەگینا ئەگەر ئەقڵ و حیكمەت لێك بدەیتەوە چوار پێنج قەڕن واین لە دوایانەوە و ئەمەش لە بنەڕەتدا خەتای...
+ خەتا و مەتام بۆ مەدۆزەرەوە بیكە بە خاتری ئەم مانگی رەمەزانە... نازانم تۆ بۆ ئەوەندە حەزت لە قسەیە؟
ـ بێ‌ ئیشی یە ئوستاز چی بكەین؟
+ ئەگەر بێ‌ ئیشیت بڕۆ بنوو بۆ خۆت وەكو ئەو عالەمی خوایە.
ـ ئەوانەی مزگەوت ئەفەرموی؟... بە قوربان ئەوانە هەموو رەمەزانێك وان.
+ ئیشێكی باش ئەكەن.. ئینسان بنوێت لە هەموو گوناحێك دوور ئەكەوێتەوە. لەبەر ئەوە بە قوربانی مانگی رەمەزان بم.
ـ سەیرە ئەزانی؟!..دۆناڵد ترەمپیش مەدحی رەمەزان ئەكات و ئەڵێ‌ با لەم مانگە پیرۆزەدا زەبروزەنگ كەم بكەینەوە.
+ زەبروزەنگ كەم بكەینەوە؟ ئەی جەنابی نا موبارەكی خۆی نەبوو دوێنێ‌ و پێرێ‌ بایی صەد و دە ملیار دۆلار چەكی فرۆشت بە سعودیە؟
ـ ئەوە كەسابەتە قوربان. كەسابەت عیلاقەی چی یە بەسەر سیاسەت و قەناعەتەوە؟! ئێستا مەسەلەن ئەم برادەرانەی لای خۆمان.....
+ ئۆهۆو... بەسە.. سڵاواتی لێ‌ بدە.. برادەرانی چی و حاڵی چی؟.. مەبە بە باعیسی فیتنەیەك، وەزعەكە خۆی بە هین بەنگە... دەمم لێ‌ دامەچەقێنە وەزعی عێراق و ناوچەكە ئەڵێم بە عام.. بۆنی چێشتێكی زۆر ناخۆشی لێ‌ دێ‌.
ـ كێ‌ خەریكە لێ‌ ی ئەنێ‌؟
+ جا كێ‌ ماوە خەریكی نەبێ‌ هەموو لایەك دەستیان تیایەتی ئیلـلا كورد نەبێ‌.
ـ دە لەوانەیە كورد رەئیسی تەباخەكان بێ‌.
+ نەخێر... لەوانەیە بەزۆر دەرخواردی كوردی بدەن. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure