ژمارەكان (بنەچەی زەرد)

بۆچوون / بیروڕا :: 31/05/2017

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

سەرەتای سەدەی رابردوو لە ویلایەتە یەكگرتووەكان هەڵمەتێك بەرپاكرا بۆ هۆشداریدان لە (مەترسیی زەرد). هۆشدەرەكان دەیانگوت سەدە-كە ناگاتە نیوەی و چینیەكان و ژاپۆنیەكان، بەهێز دەستدەگرن بەسەر باقیی جیهاندا. كاتێكیش  لە ناوەڕاستی سەدەكەدا جەنگی كۆریا هەڵایسا، وتیان ئەها ئەوەتا (زەرد) هەڵوەشان.

بەڵام لە نیوەی سەدەی رابردووەوە ئاسیا وەك هێزێك لە جۆرێكی دیكە دەردەكەوێت: ژاپۆن لە تەكنۆلۆژیادا بۆڕی هەموان دەداتەوە، ئینجا چین، پاشان كۆریای باشور، بە دوایدا مالیزیا و دوایی سەنغاپورە و ئێستایش ئیندۆنیزیا بە خێرایی دەچێتە یانەی ئاسیاییە گەورەكانەوە. 
(پیاوە سپییەكە) بە خێرایی براوەیی خۆی لەدەستدەدات و وایلێدێت كە دەبێتە كەمینیەكی نێوان بنەچەكان (نەژادەكان). گۆر فیدال-ی مێژوونووسی ئەمریكی وتوویەتی:"هەموو ئومێدێكمان ئەوەیە كاتێك ئەوان سەردەكەون، بە جۆرێك مامەڵەمان لەگەڵ بكەن لەو مامەڵەیە باشتر بێت كە ئێمە لەگەڵ ئەواندا كردوومانە". لە وانەیەكیشدا كە ساڵی 1986 پێشكەشی كردووە، وای بینیوە كە جیهان بەرەو مەركەزیەتی ئاسیایی دەخزێت، بۆیە تاقە چارەسەری بەردەم ئەمریكا ئەوەیە كە هاوپەیمانی لەگەڵ روسیا بكات لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی ئەو زەبەلاحەی كە لەڕێی بازرگانی و پیشەسازییەوە و بەبێ‌ هیچ هێزێكی سەربازیی-تائێستا، پەلی بە هەموو لایەكدا هاویشتووە. 
ئاسیا بۆ پێشەوە و ئەوروپا بۆ دواوە دەڕوات. هیچ كەسێكیش نازانێت كە ملیارێك چینی-یی پێشكەوتوو و نوێبووەوە، چی دروستدەكات لەبەردەم 300 ملیۆن ئەوروپاییدا. یان لەبەردەم ئەفریقادا، یاخود لەبەردەم ئەمریكای باشوردا. تەنیا ئەمریكای باكور لە بازنەی ركابەریەكەدا دەمێنێتەوە دوای ئەوەی جیاوازیی نێوان ئەو و نێوان ئاسیاییە دواكەوتووەكان، هەنگاوگەلێكی زۆریی بڕیبوو. 
بەڵام كیشوەری ژمارەكان كە كۆتایی نییە، هەردەڵێی لە دەرەوەی لۆژیكی حسابدایە. لە وتەیكدا كە (چاینا دەیلی) ماوەیەك پێش ئێستا بڵاویكردووەتەوە، سەرۆكی چین دەڵێت: لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا چین بایی 8 تریلۆن دۆلار كەلوپەلی ئەمریكی هاوردە دەكات و 600 ملیار دۆلاری وەبەرهێنان رادەكێشێت و 700 ملیار دۆلاریش وەبەرهێنان لە دەرەوە دەكات. ئەی چەند گەشتیار دەنێرێنە دەرەوە؟ 700 ملیۆن. تەنیا لەم ساڵدا 61،15 گەشتیاری ناردووەتە 1،254 شاری 85 وڵاتەوە و 100 ملیار یوان-یان خەرجكردووە. ئەمە بەپێی وتەكەی سەرۆك شی بینگ.
رەنگە ویستبێتی بڵێت ئەمە قەبارەی بەشداریی چین-ە لە ئابوریی جیهانیدا، دوای ئەوەی وڵاتەكەی هەتا ئەم چەند ساڵەی دواییش، خاوەن ئابورییەكی هێندە داخراو بوو كە شەرمی لە دزەپێكردنی ژمارەكانی گەشەكردنی دەكرد، ئەگەر هەیشیبوایە و ئەگەر زۆر نەرێنییش نەبوایە. هەرچەند لە ئەوروپا یان ئەمریكا بم، رۆژنامەی (چاینا دەیلی) دەخوێنمەوە، یەكەم: چونكە لە پلەیەكی باڵای پیشەییدایە، دووەم: لەبەر ئەوەی پەنجەرەیەكی گرنگی سەر جیهانە كە هێشتا زۆرشت هەیە دەربارەی نایزانین. جاران دەواترا (مەعجیزە)ی ئەڵمانی یان (موعجیزە)ی ژاپۆنی. نازانم چی دەوترێت لەسەر وڵاتێك كە سەرۆكەكەی بڵێت بایی 8 ترلیۆن دۆلار كاڵای ئەمریكی هاوردە دەكەن!..  

 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure