مانەوەی ترەمپ كارەسات و رۆیشتنیشی كارەساتترە

بۆچوون / بیروڕا :: 30/05/2017

سەرچاوە: رەئی ئەلیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە دوای یەكەم گەشتی دەرەوەی پاش ئەوەی دەسەڵاتی وەردەگرێت، دەگەڕێتەوە و دەڵێت بە (كیسە)یەكەوە گەڕاوەتەوە كە نزیكەی نیو تریلیۆن دۆلاری تێدایە لە قازانجی رێككەوتننامەی فرۆشتنی چەك بە عەرەب و بەتایبەت سعودیەكان، كە سەدان هەزار هەلی كار بۆ ئەمریكییەكان دێنێتەدی، ئەمە بۆخۆی سوكایەتیكردنێكە بۆ ئەو میواندارییەی كە عەرەب لێیكرد و لووتكەیان بۆ رێكخست و رێزیان گرت و پێشوازییان كرد و سەما و ئاهەنگیان گێڕا بە هاتنەكەی و سەركردە و نوێنەرانی 56 دەوڵەتی ئیسلامییان بۆ كۆكردەوە بۆ ئەوەی چەپڵە بۆ وتارەكەی بكوتن كە تێدا خۆیان و بیروباوەڕەكەیشیانی تۆمەتباركرد بەوەی تیرۆر بە جیهاندا بڵاودەكەنەوە.  
كاری لەپێشینە بەلای سەرۆك ترەمپ-ەوە، بازرگانی و واژۆكردنی رێككەوتنە داراییەكانە، پاشان مەسەلەكانی تری وەك ئاسایش و تیرۆر، هەرچی دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤ-یشە، كە باراك ئۆبامای پێش ئەم تەركیزی كردبوونە سەر، ئەوا بەلای ترەمپ-ەوە مەسەلەگەلێكی دیكەن و هیچ بەهایەكیان نییە. 
ترەمپ كە لە زیاد لە بۆنەیەكدا وتوویەتی (ئیسلام رقی لێمانە) و پێش 20 ساڵ لەمەوبەر لە قسەكردنێكیدا لەگەڵ ئۆپرا وینفری-ی كچە بێژەردا وتوویەتی ئەگەر رۆژێك لەڕۆژان دەسەڵات وەربگرێت یەكەم شتێك كە بیكات (دۆشینی) مانگاكەی كەنداو و بەدەستهێنانی زۆرترین ملیار دەبێت لێوەی، لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگی گەیشتنی بە كۆشكی سپی، بەڵێنكەی بردەسەر و بە كڵاوی جوولەكەوە سەردانی دیواری بوراق (ئەلمەبكی) كرد و و هیچیشی پێشكەش بە فەلەستینیەكان نەكرد لە سەردانەكەیدا بۆ قودسی داگیركراو ئەوە نەبێت جەختی كردەوە كە پایتەختی هەمیشەیی دەوڵەتی جوولەكەیە. 
ترەمپ گەڕایەوە بۆ واشنتۆن و ئاڵۆزییە تایەفیەكان لە ناوچەكەدا لە نێوان هەردوو لایەنی مەزهەبە دیارەكەی ئیسلام، واتا سونە و شیعە، پەرەیسەند. مەزهەبێك دژی مەزهەبەكەی تر كەوتەوە، ئەمەیش لە بەتەنگەوەهاتن یاخود لە قەناعەتێكی راستەقینەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو لە چاوچنۆكیی دارایی و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ چەكی ئەمریكییەوە سەرچاوەی گرتووە، چونكە فرۆشتنی چەك پێویستی بە كڕیار و جەنگی گەرمە، هەر ئەمەیشە كە هەوڵی بۆ دەدرێت. 
رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی ئاشكرای كرد هێرشە ئاسمانیەكانی ئەمریكا لە سوریا و عێراق، لەكاتی جەنگی سەر رێكخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی) لە ساڵی 2014 ەوە،  بوونەتە هۆی كوژرانی لانیكەم 3100 كەسی سڤیل، بەڵام رێكخراوی (ئیرورز) كە بارەگاكەی لە لەندەن-ە و زانیاریی لەسەر قوربانیانی مەدەنی كۆدەكاتەوە، دەڵێت، ژمارەی راستەقینە هەشت ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیە كە ئیدارەی ئەمریكا دانیپێداناوە. ئەی ئەمەیش تیرۆر نییە؟ ئایا قوربانیەكانیش شایەنی سۆز و بەزەیی و هەروەها قەرەبووكردنەوە نین؟.
سەیر ئەوەیە سوپای ئەمریكا بەدواداچوونێكی كرد بۆ كوژرانی 102 كەسی مەدەنیی عێراقی كە لە بۆردوومانێكی فڕۆكەكانی ئەمریكا لە مانگی ئازاری رابردوو لە خۆرئاوای موسڵ كوژران، لێكۆڵینەوەكە جەختی لەوەكردەوە كە بەرپرسیاری یەكەم رێكخراوی (دەوڵەت) بووە، چونكە چەكی لە یەكێك لەو بینایانەدا عەمباركردووە كە لەو هێرشانەدا كراوەتە ئامانج.
سوبحان ئەڵـڵا، ئەوەی چەكی عەمباركردووە بەرپرسیارە، كەچی ئەوەی ناوچەیەكی بۆردوومان كردووە كە سەدان هەزار خەڵكی مەدەنیی بێگوناهی تێدایە، بێبەرییە لە خوێنی قوربانیەكان و لۆمە و سەرزەنشت ناكرێت.. ئەمە چ دادوەری و چۆن لێكۆڵینەوەیەكە.
رێكخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی) رێكخراوێكی خوێناوی و بەرپرسیاری كوشتنی هەزاران بێتاوانە، زۆربەی قوربانیەكانیشی موسڵمانن، تاقە سەربازێكی ئەمریكیی نەكوشتووە، بەڵام ئەمە بەرپرسیارێتیی ئەمریكیەكان و سەركردایەتیەكەیان، بە هەردوو باڵی سیاسی و سەربازییەوە، ناسڕێتەوە لە كوشتن و تیرۆردا. هەروەك رۆڵی ئەمریكایش ناسڕێتەوە لە فەراهەمكردنی ئامێز بۆ گەشەی ئەم رێكخراو و گروپە توندڕەوانە و ئەو هەموو كوشتوبڕ و وێرانكاریەی كە لە داگیركردن و لەشكركێشی و رووخاندنی رژێمی دەسەڵات و بڵاوكردنەوەی ئاژاوە و دەوڵەتی فاشیلدا كردوونی.
ترەمپ كە سەمایەكی تایبەتی كرد و شمشێری هەڵسووڕاند، گەڕایەوە واشنتۆن و لەوێش كەوت بەسەر تۆمەتی تازەدا كە ئاراستەی جارید كۆشنەر-ی زاوای و مێردی ئیفانكا-ی كچە جوانەكەی و راوێژكاری یەكەمی كرا، بەوەی یاسای بەزاندووە، چونكە پێش هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و لەكاتی هەڵمەتەكانیشدا هەوڵیداوە بۆ دروستكردنی پەیوەندیی نهێنیی لەگەڵ مۆسكۆ. خۆ ئەگەر ئەو تۆمەتانە راستبن، وەك قازانجە داراییەكە، ئەوا دەرەنجامەكان خراپ لەسەر زاوا و مامەكەی دەكەونەوە.  
هاوڕێیەكی بریتانیم، كە بەمدوایانە لە واشنتۆن گەڕاوەتەوە و بەوە ناسراوە نزیكایەتیی لەگەڵ هەردوو دەستەبژێری سیاسی و رۆشنبیرانی ئەمریكادا هەیە، بۆی گێڕامەوە كە دیارترین بۆچوونێك لای خاوەن بڕیارەكانی دامەزراوەی دێرینی دەسەڵاتدار ئەوەیە كە ترەمپ هەتا جەژنەكانی داهاتووی لەدایكبوون (كریسمس) لە كۆشكی سپی-دا نامێنێتەوە و بەردەوام نابێت. 
مانەوەی ترەمپ-ی رەگەزپەرستی هەڵەشە كارەساتە بۆ عەرەب و موسڵمانان، رۆیشتنیشی كارەساتێكی گەورەترە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی كە گرەویان لەسەر  كردووە و سەدان ملیار دۆلاریان خەرج كرد بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی ئەو، ئەی چی بەو كەسانە بڵێین كە هەموو هێلكەكانیان خستووەتە سەبەتەی سەرۆكێكەوە كە لەسەدا 48 ی گەلەكەی داوای وازهێنانی لێدەكەن؟ وەڵامەكە بۆ خۆتان جێدێڵین. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە