لێدوانەکانى کورد

بۆچوون / بیروڕا :: 18/04/2016

 شەممە، پێش نان و چاى بەیانى: ئێمە کوڕى خۆمان ناکەین بە قوربانى کچى هیچ ئیئتیلافێک.

شەممە، دواى قاوەڵتى لەگەڵ عەلاوى: پێمان وایە ئەم بەزم و رەزمى چاکسازى یە بۆ دوورخستنەوەى سوننەکانە.

یەکشەممە، عانى تەوقەکردن لەگەڵ عەبادى: کورد بەشێک دەبێت لە چاکسازییەکانى دکتۆر عەبادى.

یەکشەممە، لە پێشوازیى عەمار حەکیمدا: هاوپەیمانى کوردستانى تەنیا هەر پرۆژەکەى ئەنجومەنى ئیسلامى بە پرۆژەى چاکسازى حلێب ئەکات.

یەکشەممە، لە نادى: کورد هێشتا راى خۆى لەسەر مەسەلەکانى بەغدا یەکلایى نەکردووەتەوانێ.

دووشەممە، کاتى قردێلە بڕین: کورد بەشێکە لە عێراقى فیدراڵ و داکۆکى لە دەستور ئەکات.

دووشەممە، لە پێشوازیى موقتەدا سەدردا: ئێمە هەر ئەوەڵ رۆژ زانیمان عەبادى پیاوى چاکسازیى نى یە.

سێشەممە، لە رێ ى فڕۆکەخانە: جارێ با بزانین وەزعەکە چۆن ئەبێ.

سێشەممە، بۆ پەیامنێرى ئەنادۆڵ: بەخوا ئێمە ئاگا و عیلم و خەبەرمان لە هیچ نى یە.

چوارشەممە، لە نامەیەکدا بۆ نەجەف: پێویستە هەموو چاکسازییەک رەزامەندیى مەرجەعییەتى پیرۆزى لەسەر بێت.

پێنجشەممە، بۆ بى. بى. سى: هەتا ئەم حیزبە مەزهەبیانە لەسەر حوکم بن چاکسازیى قسەى قۆڕە.

پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەیەکى داخراودا: چاویان دەرئەهات، چى ئەکەن با بیکەن، بەس بۆ پەزەکان خراپ نەبێ موشکیلە نى یە.

جوعمە، لە رێ ى سەیران: سوننەى عەرەب رێگرن لە چاکسازیى.

جوعمە، شەو پێش نوستن: هەتا بەرنامەکە دیراسە نەکەین ناتوانین قسەى لەسەر بکەین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure