نه‌وشیروان مسته‌فا دڵه‌كانى برده‌وه‌ و عه‌قڵه‌كانى سه‌رسام كرد

بۆچوون / بیروڕا :: 29/05/2017

نووسینى: عه‌بدولباست سه‌یدا
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

به‌ دیدارى نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌رى گشتیى كۆچكردووى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان نه‌گه‌یشتووم. به‌ڵام به‌ نزیكه‌ى زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ گه‌یشتووم كه‌ كاریان له‌گه‌ڵدا كردووه‌ له‌ قۆناغه‌كانى سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان-ه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ گه‌یشتنیان به‌ ده‌سه‌ڵات و پاشان ناكۆكییه‌كانیان. 

ئه‌نجامى قسه‌كانیشمان ده‌رباره‌ى ئه‌م پیاوه‌ و به‌ گه‌واهیى هه‌موان، هه‌یبه‌ت و رێزى هه‌بوو له‌ناو یار و نه‌یاره‌كانیشیدا، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا مكوڕ بوو له‌سه‌ر راوبۆچوونه‌كانى خۆى، نه‌یاره‌كانى نوێ ده‌كرده‌وه‌ و كارى نه‌ده‌كرد بۆ تێپه‌ڕاندنى له‌پێناو یه‌كخستنى هه‌ڵوێسته‌كان. جارێكى تریش ده‌ڵێمه‌وه‌: من له‌ڕێى ئه‌و گه‌واهیدانانه‌وه‌ گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌م قسه‌یه‌. 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌موان به‌ رێزه‌وه‌ حسابیان بۆ ده‌كرد. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تێبینیم كردووه‌ و پێیگه‌یشتووم له‌ قسه‌كانى نه‌یاره‌كانیدا، ئه‌وانه‌ى رۆژێك بوو هاوڕێ و هه‌ڤاڵى بوون. زیاد له‌ جارێك هه‌وڵمداوه‌ بیبینم، به‌داخه‌وه‌ هه‌موو جارێك به‌بێ هۆ داواى لێبووردنى ده‌كرد. دوا رێگریش، گه‌شته‌كه‌ى بوو له‌ سلێمانى، ئه‌و شاره‌ى كه‌ خۆشیده‌ویست و منیش خۆشمده‌وێت، به‌هۆى چاره‌سه‌ركردنه‌وه‌، كه‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆى بۆ ماڵئاوایى یان بۆ دوادیدار نه‌بێت. خوالێیخۆشبێت. 

كاك نه‌وشیروان هه‌میشه‌ له‌ ریزى ئۆپۆزیسیۆندا بوو. وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنێك له‌ پێناو مافى كورد-دا كاریكردووه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق له‌ تاریكترین و قورسترین بارودۆخه‌كاندا و هه‌ڵوێستى به‌رچاوى له‌ خه‌باتى دوور و درێژیدا تۆماركردووه‌. یه‌كێك بوو له‌ دیارترین نه‌یارانى سیاسه‌ته‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ ریزه‌كانى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستاندا. دواییش بووه‌ نه‌یارێكى توندى سیاسه‌ته‌كانى مام جه‌لال و سه‌ركردایه‌تى دامه‌زرێنه‌رى یه‌كێتى نیشتمانى له‌ناو ریزه‌كانى رێكخراوه‌كه‌دا و پاشانیش له‌ ساڵى 2006 دا  لێى جیابووه‌ و دواتر بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان-ى دامه‌زراند.

بۆ راستى و بۆ مێژوو، هه‌ر ده‌بێت بڵێین خاڵى هاوبه‌ش كه‌ ده‌رباره‌ى ئه‌م پیاوه‌ پێیگه‌یشتووم له‌و لایه‌نانه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵى ناكۆك بوون، ئیتر ئه‌وانه‌ى ناو یه‌كێتى نیشتمانى بێت یاخود ئه‌وانه‌ى ناو پارتى دیموكراتى كوردستان، ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌موویان رێزیان ده‌گرت و سووربوون له‌سه‌ر بایه‌خى پشتگوێنه‌خستنى، به‌ڵكو هه‌موان جه‌ختیان ده‌كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستى له‌گه‌ڵهه‌ڵكردن و لێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵیدا، ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا كه‌ ده‌یانزانى كارێكى زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ كه‌سێكى حه‌دیى و تووند بووه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ جیاوازه‌كانى خۆى به‌ ورده‌كارییه‌كانیه‌وه‌. 

له‌ میانه‌ى قسه‌كردنم له‌گه‌ڵ بڕیاربه‌ده‌ستانى ناو هه‌ردوو لایه‌نى چالاكى سه‌ره‌كیى له‌ كوردستانى عێراق، پارتى دیموكرات و یه‌كێتى نیشتمانى، له‌ زه‌حمه‌ت و قورسیى، ئه‌گه‌ر نه‌یشڵێم مه‌حاڵیى،  تێپه‌ڕاندنى ئه‌م پیاوه‌ گه‌یشتم، برایانى یه‌كێتى دركیان به‌وه‌ كردبوو، یان ده‌یانزانى، كه‌ به‌بێ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ڕێوه‌بردنى سلێمانى مه‌حاڵبوو، یاخود به‌بێ ره‌زامه‌ندیى نه‌وشیروان به‌ دیاریكراوى. 

برایانى پارتی-یش به‌ وردى سروشتى كێشه‌ و گرفته‌كانى سلێمانى-یان ده‌ستنیشانده‌كرد، هه‌روه‌ها كاردانه‌وه‌كانى له‌سه‌ر بارودۆخى گشتیى كوردستانى عێراق. وردترین گوزارشتێك كه‌ له‌یه‌كێك له‌ هاوڕێ ئاگاداره‌كانى ناوه‌ڕۆكى كاروباره‌كان بیستم، ئه‌مه‌ بوو: سلێمانى دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر سۆز و هێزى خۆیدا، سۆز له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان و هێز له‌گه‌ڵ هێرۆخان. 

له‌ سه‌ردانێكمدا بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ پاش دوا هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانیه‌كه‌ى ئه‌یلولى 2013 و له‌ میانه‌ى دیدارێكم له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، پرسیارێكم لێكرد ده‌رباره‌ى پلانى داهاتوو بۆ دواى ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌ راماڵێنه‌ره‌ى كه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا و له‌سه‌ر حسابى یه‌كێتى به‌ده‌ستیهێنا. وه‌ڵامه‌كه‌ى ئه‌مه‌ بوو: حكومه‌تێكى یه‌كێتى نیشتمانى پێكدێنین كه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان-یش له‌خۆبگرێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى وه‌ك به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ڵسوكه‌وت بكات، نه‌ك وه‌ك به‌شداربوویه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵات و له‌هه‌مانكاتدا هێزێك له‌ ئۆپۆزیسیۆن.  

ئه‌و رایه‌ى له‌ سه‌رۆك بارزانى گوێم لێبوو، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌زموونێكى درێژ و زانینێكى وردى بوو ده‌رباره‌ى سروشتى بیركردنه‌وه‌ى نه‌وشیروان و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردنى له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كان و دیاریكردنى هه‌ڵوێسته‌كان.  

قه‌یرانى پارله‌مانى هه‌رێم هاته‌پێشه‌وه‌ و كاردانه‌وه‌ى له‌سه‌ر حكومه‌ت په‌یداكرد، دواى زنجیره‌یه‌ك ناڕه‌زایى و هه‌ڵوێستگه‌لى خێرا كه‌ هه‌موویان پێكه‌وه‌ بوونه‌ هۆى په‌كخستنى پارله‌مان و هه‌ڵوه‌شانى به‌ڵێنى حكومه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى. هه‌موو ئه‌مانه‌یش له‌ كه‌شێكى ئاڵۆزى سیاسیدا كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هه‌رێمى گرتووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ هه‌رێم ئاماده‌ى رێكخستنى راپرسییه‌كى گشتییه‌ له‌پێناو دیاریكردنى داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا. كارێكى له‌مجۆره‌یش پێویستى به‌ پارله‌مانێكى كارایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بڕیار له‌سه‌ر راپرسیى بدات و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌رئه‌نجامه‌كانی دیارى بكات. ئه‌مه‌یش ناكرێت به‌بێ سازانى نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كاراكانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ نوێنه‌رایه‌تیان له‌ پارله‌ماندا هه‌یه‌. ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تى گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێكى ته‌وافوقى كه‌ جێبه‌جێ بكرێت، دوو راى سه‌ره‌كى هه‌ن: یه‌كه‌میان ئه‌گه‌رى پێكهێنانى زۆرینه‌یه‌كى پارله‌مانه‌ له‌ رێى هاوپه‌یمانێتیه‌كى نێوان پارتى دیموكرات و یه‌كێتى نیشتمانى و یه‌كگرتووى ئیسلامی، را-كه‌ى تریش باس له‌ گرنگیى یه‌كێتى نیشتمانى گشتگیرى كوردى ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوپه‌یمانێتیى نێوان هه‌موو حزبه‌كانى ناو پارله‌مان بێته‌ئاراوه‌، چونكه‌ بێ هاوپه‌یمانێتیه‌كى له‌م جۆره‌، بوار كراوه‌ ده‌بێت له‌به‌رده‌م ده‌ستوه‌ردانى كاریگه‌ر و ته‌نانه‌ت له‌به‌رده‌م ده‌ستێوه‌ردانى رژێمى به‌غدا-یش به‌ باڵه‌ جیاجیاكانیه‌وه‌. 
 

هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كى ئه‌رێنى به‌رچاوه‌وه‌ به‌شداریى ناشتن و پرسه‌ى تایبه‌تى نه‌وشیروان-یان كرد، ئه‌مه‌یش كارێكى باشه‌ و دڵنیایى ده‌داته‌ كه‌سانى ئاسایى له‌ هه‌رێم و بڕێك ئومێدیان پێده‌به‌خشێت له‌م بارودۆخه‌ ئاڵۆز و داڕووخاوه‌دا كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى ناوچه‌كه‌ى گرتووه‌ته‌وه‌ و بێگومان له‌گه‌ڵیشیدا هه‌رێمه‌كه‌.

نه‌وشیروان كه‌سێكى ئاسایى نه‌بوو، له‌ راستى لاناده‌ین ئه‌گه‌ر بڵێن ئه‌و ته‌وه‌رى رێكخه‌ره‌بوو كه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانى كۆكردبووه‌وه‌. له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌كانى پێشوو و زانینى ئێمه‌ بۆ سروشتى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى، دوور نییه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان لاواز ببێت یاخود ناكۆكیى تێبكه‌وێت و ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ دابه‌شبوونى، ئه‌مه‌یش ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌وانه‌دا نییه‌ به‌ دواى یه‌كخستنى هه‌ڵوێسته‌كانه‌وه‌ن به‌ ئامانجى پته‌وكردنى تواناكان له‌ پێناو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگاریه‌كاندا.

لێره‌دا رۆڵى بڕیاربه‌ده‌سته‌ ژیره‌كان دێته‌پێشه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى ناو پارتى و یه‌كێتى و یه‌كگرتووى ئیسلامى، بۆ دانانى پردێك له‌گه‌ڵ هه‌مواندا و كارى پێكه‌وه‌یى بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رى داهێنه‌رانه‌ و تێپه‌ڕاندنى عه‌قڵیه‌تى (یان ئه‌مه‌ یان ئه‌وه‌). ئاڵته‌رناتیڤه‌كان هه‌ن و ده‌كرێت له‌سه‌ر گونجاوترینیان سازان بكرێت.

راسته‌ هه‌ڵوێستى ئیقلیمى كاریگه‌ره‌، به‌تایبه‌ت لایه‌نى ئێرانى، به‌ڵام بارودۆخى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سایه‌ى ئیداره‌ى نوێى ئه‌مریكادا گۆڕاوه‌ و بوارى ئه‌وه‌ بۆ ئێران نه‌ماوه‌ یارى به‌ عێراق به‌گشتى و به‌تایبه‌تییش به‌ هه‌رێم بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ى پێشتر ده‌یكرد، به‌تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى هه‌رێم بووه‌ كۆڵه‌كه‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تى له‌ ستراتیژیه‌تى جه‌نگى دژى تیرۆر و بیرى توندڕه‌ویدا. 

لۆژیكى راست، له‌گه‌ڵ پێویستیى پێكه‌وه‌یى و هاوئاهه‌نگیى كاراى نێوان هه‌وڵه‌ ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى جه‌نگى تیرۆردایه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى كه‌ له‌م بواره‌دا و له‌سه‌ر زه‌مینى واقیع، هه‌رێم ده‌یكات. 

رۆڵێكى گه‌وره‌ چاوه‌ڕێى هه‌رێمى كوردستانى عێراق ده‌كات له‌ ئاست دیاریكردنى سیماى داهاتووى ناوچه‌كه‌ و داڕشتنه‌وه‌ى هاوكێشه‌ هاوسه‌نگییه‌ تازه‌كاندا، به‌ڵام ئه‌مه‌ پێش هه‌ر شتێك، پێویستى به‌ رێكخستنه‌وه‌ى ماڵى ناوخۆیى كورده‌، به‌ مانا راسته‌قینه‌كه‌ى نه‌ك دروشمى بریقه‌دارى خاتروخۆترانه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure