دوو شاعیر

بۆچوون / بیروڕا :: 27/05/2017

 

نووسینی: خالید ئەلقەشتینی
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

شاعیرە رۆمانسیەكان بە حەز و ئارەزووی زۆریان بۆ خوێندنەوە بەناوبانگ بوون، لەسەرووی هەموویانەوە شاعیری لاو پێرسی شیللی. تۆماس هۆگ-ی ئەدیب كە ژیاننامەكەیی نووسیوەتەوە دەڵێت: شیللی هەمیشە دەیخوێندەوە، تەنانەت لە كاتی نانخواردنیشدا هەر دەیخوێنەوە، كتێبەكەی لە تەنیشت قاپەكەوە دادەنا، هەمیشە كتێبەكەی كراوە و ئامادە بووە بۆ خوێندنەوە. زۆرجار چایی و كێك و گۆشت و پەتاتەكەی سارد دەبووەوە، بەڵام بایەخی ئەو بۆ بابەتی كتێب سارد نەدەبووەوە. راهاتبوو لەسەر ئەوەی بەپێ‌ بڕوات و كتێب بەدەستیەوەبێت و ئەگەر بە تەنیا بێت هەر بۆخۆیی بخوێنێتەوە و ئەگەر كەسێكیشی لەگەڵ بوایە ئەوا بە دەنگی بەرز دەیخوێندەوە. كتێبێكی گەورەی لەگەڵ خۆیدا دەبردە ناو نوێنەكەیەوە و دەیخوێندەوە هەتا مۆمەكە تەواو دەبوو، ئینجا بە ناچاری و بێزاییەوە دەخەوت، هەتا رووناكیی بەیانی دەردەكەوت و هەر لە بەرەبەیانیی زووەوە دەستی دەكردەوە بە خوێندنەوە. بە هۆی ئەم زۆر بێداری و خوێندنەوەی بەردەوامەوە، زۆرجار بە رۆژ خەوی لێدەكەوت. لە چركە ساتێكدا دەتبینی چاوەكانی دەنووقاند و وەك منداڵ خەو دەیبردەوە. زۆرجار لە سەر كورسیەكەی دەچووە خوارەوە و هەر لەسەر راخەرەكەی ژێر كورسیەكەدا دەخەوت. لە رۆژانی زستاندا لەبەردەم ئاگرێكدا وەك پشیلە خۆی گەرم دەكردەوە و هەروەك پشیلەیش ئاگری بەهێز سەری گەرمدادەهێنا. خۆ ئەگەر یەكێكیش بیویستایە شتێكی پێدابدات و سەری داپۆشێ‌ و لە ئاگرەكەی بپارێزێت، یەكسەر بە تووڕەییەوە رووپۆشەكەی فڕێدەدا.
هەر لە شاعیرە رۆمانسیەكاندا، ساوزی-یش ئالوودەی خوێندنەوەی شیعرە بێزاركەرە داستانئامێزەكان بوو كە بە دەنگێكی بەرز دەیخوێندنەوە. ئەو هەمیشە دەبوایە پێش بڵاوكردنەوەی شیعرەكەی، یەكێك بدۆزێتەوە تا ئەم تاقیكردنەوە قورسەی بەسەردا جێبەجێ‌ بكات. بەردەوام خەونی بەوەوە دەبینی كە كەسێك بكات بە داوەكەیەوە و ئەم بارە گرانەی بدات بە شاندا. رۆژێك شیللی كەوتە تەڵەكەیەوە، بە پەلە بردیە ژوورەكەی خۆیەوە لە قاتی سەرەوە و بە وردی دەرگاكەی لەسەر داخست و كلیلەكەی خستە گیرفانیەوە. 
ژوورەكە پەنجەرەیەكی تێدابوو، بەڵام ئەوەندە بەرزبوو هیچ قارەمانێك نەیدەتوانی بیگاتێ‌ و خۆیی لێوە هەڵبدات. ئینجا بە پێرسی شیللی-ی وت ئێستا دەتوانیت چێژ لە شیعرەكەم ببینێت. دانیشە و گوێ‌ بگرە!.
هەموو شاعیرە رۆمانسیەكان رقیان لەم هەڵوێستە دواكەوتوو و ناڕەوایەی ساوزی بوو. شیللی-ی  داماویش هیچی بۆ نەمایەوە ئەوە نەبێت هەناسەیەك هەڵكێشێت و پاشان بە ئەدەبەوە لەبەردەم مێزەكەدا دانیشت. ئەویش لە بەردەمیدا دانیشت و دەستنووسی دیوانە تازەكەی خستە نێوان خۆی و میوانەكەیەوە و بە هێواشی و بە روونی دەستی كرد بە خوێندنەوەی. ئەگەر هەڵەنەبم بە خوێندنەوەی قەسیدەی (لەعنەت) دەستی پێكرد. خودپەسەندی بە سەر ساوزی-دا زاڵ بوو و شێوازی خوێندنەوەكەیی دەگۆڕی، هەندێك جار دەنگی بەرز دەكردەوە و هەندێك جاریش نزم، بۆ ئەوەی خوێندنەوەكەی بە جوانی بێتەوە و بواریش بە گوێگر بدات چەپڵەی بۆ لێبدات و سەرسامیی خۆی بۆ  دەربڕێت. 
بەڵام گوێی نە لە كۆمێنێك بوو نە لە چەپڵەیەك نە رەخنەیەك نە هاوارێكی سەرسوڕمان. خامۆشی بە تەواوی هەموو ژوورەكەی داگیركردبوو. ساوزی بەمە سەرسام بوو، چاوەكانی لەسەر دەستنووسەكەی بەردەمی هەڵبڕی بۆ ئەوەی تەماشایەكی شیللی بكات. ئەوەی حەپەسانی ئەوە بوو كە هیچ ئاسەوارێكی پێرسی شیللی-ی هاوڕێ‌ شاعیرەكەیی نەبینی. هەر بە تەواوی لە ژوورەكەدا ون بووبوو. هەر بەڕاست ئەمە شتێكی سەیر بوو. لەبەر ئەوەی هەرگیز نەدەكرا لە ژوورەكە هەڵاتبێت چونكە زۆر بەرزە و ساوزی-یش هەموو حساباتێكی بۆ هەر ئەگەرێكی لەوجۆرە كردبوو. لەگەڵ ئەوەیشدا شاعیرەكەی دیكە بەتەواوی لە ژوورەكەدا ون بووبوو. بەڵام لەناكاو ئاشكرا بوو كە شیللی بە وریاییەكی زۆرەوە و بێ‌ ئەوەی هیچ دەنگێكی لێوەبێت، خۆی لەسەر كورسیەكەوە خزاندووە و چووەتە سەر زەوییەكە.
لەویێیشدا لەسەر راخەرەكە و لە ژێر مێزە گەورەكەدا، ئەم شاعیرە لاوە یاخییە، رۆچووەتە خەوێكی قوڵەوە و لەولایشەوە گرمەی هاوڕێكەی لە قەسیدەكەیدا دێت و دەنگدەداتەوە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure