سوڵتان و كاوبۆی.. نائومێدبوونی ئەردۆغان

بۆچوون / بیروڕا :: 24/05/2017

سەرچاوە: ئەلسەباح
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


واشنتۆن، پێش گەیشتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كەوت بە راگەیاندنی چەكپێدانی یەكینەكانی پاراستنی گەل-ی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكراتی (كوردی) بە چەكی جۆراوجۆر كە هەندێكیان چەكی قورسن. ئەمەیش وەك هەوڵێك لێكدرایەوە بۆ سەرنەكەوتنی یەكەم دیداری نێوان هەردوو سەرۆكەكە و تەنانەت هەڵوەشانەوەی سەردانەكەیش وەك كاردانەوەی هەندێك لە توركەكان باسیان لێوەدەكرد. چونكە ئەو سەردانەی ئەردۆغان ئومێدگەلێكی زۆری لەسەر هەڵچنیبوو بەوەی ساردیی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات نەهێڵێت و لاپەڕەیەكی نوێ‌ هەڵبداتەوە، كەچی گۆڕا بۆ نیمچە كابووسێك. 

 كەواتە دەكرێت واشنتۆن چی پێشكەش بە ئەردۆغان بكات دوای ئەوەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێكانیی كێشا بە دیواردا بەوەی سووربوو لەسەر هاوپەیمانێتیی لەگەڵ هێزە كوردیەكان و پشتپێبەستنیان لە شەڕی رزگاركردنی رەققەدا؟ ئەی ئەگەر ئەمە حاڵی گرنگترین دۆسیەی ئەنقەرە بێت ئاخۆ دەبێت حاڵی لە دۆسیە ئاساییەكانیدا چۆن بێت؟. ئەمەیان روون و راگەیەنراوە و هەموو پەیوەندیەكانی پێشوو نەیانتوانی سنوورێكیان بۆ دابنێن. پێدەچێت ئەردۆغان گرەوی لەسەر میزاجی ترەمپ كردبێت بۆ ئەوەی بیهێنێتە سەر دیدی خۆی و قەناعەتی پێبكات لەو بابەتانەدا كە لەسەری ناكۆكن، لەمەیشدا شكستێكی بێوێنەی هێنابێت. دیدارە بیست و دوو خولەكەیەكە (نیوەیشی بە وەرگێڕانەوە رۆیشت) بە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كۆتاییهات كە هەمووی هەر موجامەلەیەكی بەوردی حساببۆكراو بوو، چونكە ئەگەر تێیدا ترەمپ پارتی كرێكارانی كوردستانی بە تیرۆریست ناوبردبێت ئەوا لەولاوە جەختی لەوە كردەوە كە یەكینەكانی پاراستن و پارتی یەكێتی دیموكراتی سوریا وانین، ئەمەیش مانای ئەوە دەگەیەنێت ئەردۆغان ئەوەی دەستنەكەوت كە ئومێدی هەبوو بەدەستیبێنێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەردۆغان ئەو خاڵ-ەی دانەنا كە پێش سەردانەكەی بەڵێنی دابوو، بەڵكو كردیە فاریزە-یەك بۆ ئەوەی دواتر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی لێوە دەستپێبكەنەوە.

ئەمەیش مانای وایە بەڵێنەكانی پروپاگەندەیەكی ئاراستەكراو بووە بۆ رای گشتیی توركی لە چوارچێوەی راكێشانی جەمسەرگیریی توندی پێش و دوای راپرسیەكەی تایبەت بە سیستمی  سەرۆكایەتی. لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێك كەس وایدەبینن كە جۆرە سەركەوتنێك لە سەردانەكەیدا هەبووە، لە نموونەی رازیبوونی ترەمپ لەسەر ئەنجامدانی هێرشی توركی بۆ سەر پێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە چیای شەنگال لە بەرامبەر بێدەنگبوونی توركیا لەسەر هاوپەیمانیی ئەمریكا و كوردەكانی سوریا و ئەگەری پێدانی چەكی پێشكەوتووی ئەمریكی بە سوپای توركیا كە دەمێكە توركیا داوای دەكات و ئەمریكا جێبەجێی ناكات. 

لە دوای سەردانە (سەرنەكەوتووەكە) گەورەیی قەبارەی نیگەرانیەكانی توركیا روون بوو، ئەوەبوو ئەنقەرە بە شێوەیەكی خەڵەتێنەرانە دەستیكرد بە بڵاوكردنەوەی ئەوەی گوایە هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ جێبەجێكردن نەبووە و توركیا بەشدارنابێت لە شەڕی رزگاركردنی رەققە لەبەر بڕیارەكەی ئەمریكا بە بەشداربوونی كورد لە شەڕەكەدا.  هەموو ئەمانەیش بەڵگەی ملكەچبوونی سوڵتانە تووڕەكەیە بۆ ئیرادەی كاوبۆی-یە سەركێشەكە، وەك زەمانەتكردنی ئەوەی كە كوردەكان هێرش نەكەنە سەر هێزەكانی توركیا كە ئەردۆغان هەڕەشەی لێدانیان دەكات ئەگەر هێرشیان بكرێتەسەر، ئەمەیش لانیكەم بەمزوانە روونادات. 
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەنقەرە قەرەبووی توندبوونەوەی لەگەڵ واشنتۆندا بە تووندبووەنەوەی لەگەڵ ئەوروپادا دەداتەوە، بەتایبەت لەگەڵ بەرلین. 

ئێمە كاردانەوەی شەڕەكەی نێوان پاسەوانەكانی ئەردۆغان و ئەو كەسانە دەخەینەڕوو كە بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیا لە واشنتۆن گردبووبوونەوە، لێرەدا ئەوەندە بەسە باسی قسەكەی سیناتۆری ئەمریكی جۆن مەككەین سەرۆكی لیژنەی هێزە چەكدارەكان لە ئەنجومەنی پیران بكەین كە وتی:"پێویستە لەسەرمان باڵیۆزەكەیان فڕێبدەینە دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان، چونكە نابێت كارێكی لەمجۆرە بەبێ‌ پەرچەكرداری دیپلۆماسییانە تێپەڕێت". 

دوای ئەوەیش ئیدارەی ترەمپ ئومێد و ئامانجەكانی ئەردۆغان-ی لەباربرد كە بەنیاز بوو بیكاتە سەرەتایەك بۆ لەمپەرخستنە بەردەم هاوپەیمانێتیی ئەمریكا و كورد، ئەویش بە گۆڕینی سەردانەكە بۆ تەنیا موجامەلە و گفتوگۆی ئابوری. لەوە دەچێت ئەردۆغان بە هیوایەكی زۆرەوە بەرەو واشنتۆن رۆیشتبێت بەڵام كەوتە تەڵەیەكی بە وریایی دروستكراوی ئەمریكاوە، چونكە سەردانەكە گۆڕا بۆ باسكردنی مەسەلە لاوەكیەكان نەك تەركیزخستنە سەر بارودۆخی ناوچەكە و بەتایبەت پشتیوانیی ئەمریكا بۆ كورد.

بۆ شاردنەوەی ئەم شكستەیش، دەزگا راگەیاندنە ئەردۆغانیەكان ویستیان زووم بخەنە سەر كۆبوونەوەی توركەكان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكیەكاندا و دەڵێن شاندەكەی توركیا لەگەڵ كۆمپانیا (زەبەلاح)ەكاندا دیدار و كۆبوونەوەیان هەبووە. نائومێدیەكەیش روونتر بووەوە كاتێك كە سەرۆكی توركیا واشنتۆن-ی جێهێشت هیچ بەرپرسێكی دیار هاوەڵیی نەكرد بۆ فڕۆكەخانە، خۆیشی هەر بە دەستهەڵبڕینێك بۆ كەسێتیە ئاساییە ئەمریكیەكان وازیهێنا و چووە ناو ئەو فڕۆكەیەوەكە بە ئومێدە بەدینەهاتووەكانی سوڵتان ئەردۆغانەوە گەیشتە توركیا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure