بایكۆتی كۆبوونەوە لووتكەكەی سعودیە لەلایەن ئەردۆغان-ەوە.. بۆچی؟

بۆچوون / بیروڕا :: 23/05/2017

سەرچاوە: رەئی ئەلیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
ئەگەر ململانێی نێوان هەردوو مەرجەعی شیعیی نەجەفی ئەشرەف و قوم لەم ماوانەی دواییدا بەهۆی باڵادەستیی نفوزی ئێرانەوە لە عێراقدا، خامۆش بووبێت، ئەوا هاوشێوەكەی لە هەرسێ‌ مەرجەعە سەرەكییەكەی سوننی لەگەڵ ئەزهەر و ئەستەنبوڵ، هێشتا دەكوڵێت، ئەگەرچی بەشێوەیەكی راگەیەنراویش نەبێت و شێوەیەكی سیاسیانەی وەرگرتبێت یاخود جۆرێك (بێدەنگی)ی لێكرابێت.
لووتكەی سوننی-ترامپی لە ریاز كە رۆژی یەك شەممەی رابردوو لە پایتەختی سعودیە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی 52 دەوڵەتی ئیسلامی و لەنێوانیاندا كەمێك لە سەركردەكان ئامادەی بوون، بەجۆرێك لە جۆرەكان رەنگدانەوەی ئەم ململانێیە بوو، ئەگەرچی بە ئاشكرا رێككەوتن لەسەر سەركۆنەكردنی ئێران و وایاندانا كە سەرچاوەی تیرۆر و نائارامییە لە ناوچەكەدا و پێویستە بەرەنگاری خۆی و ئەو میلیشیایانەیشی ببنەوە كە پارەیان دەداتێ‌ و پشتیوانیان دەكات  لە عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان و فەلەستینی داگیركراودا. 
كۆنگرەكە جەختی كردەوە لەسەر سەرۆكایەتیی شانشینی عەرەبستانی سعودی و سەركردایەتیەكەی بۆ جیهانی ئیسلامی كە ملیار و نیوێك موسڵمان دەگرێتەوە، بەتایبەت لایەنە سوننییەكەی. دوو مەسەلە لەو كۆنگرەیەدا جێی سەرنجن، ئیتر ئێمە لەگەڵی كۆكبین یان جیاواز: 
* یەكەم: نەچوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و ناردنی بەڕێز مەولود چاوش ئۆغڵو-ی وەزیری دەرەوەی نەك سەرەك وەزیرانەكەی، بە سەرۆكایەتی وەفدێك. ئەگەرچی پەیوەندیەكانی نێوان سعودیە و توركیا بەهێزن.
* ئامادەبوونی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر كە وڵاتەكەی بۆ چەندین گرێ‌ سەركردایەتیی هەردوو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیی كردووە بە هۆی سەنگ و قورسایی سیاسی و نیشتمانیی و لەخۆگرتنی ئیمپراتۆرییەتەكانی (ئەیوبی و فاتمی بە نموونە) هەروەها هەبوونی مەرجەعیەتی زانستیی ئەزهەر كە بۆخۆی قورساییەكی ئاینیی هەیە.  
سەرۆك عەبدولفەتاح سیسی دوودڵ بوو لەوەی ئامادەی ئەم لووتكەیە بێت كە شای سعودی داوایكردبوو، پێدەچێت سەركردایەتی سعودیەیش هەستی بەو دوودڵییە كردبێت بۆیە بانگهێشتەكەیی بە وەزیرێك لە پلەی دوودا ناردە لایان نەك بە بەڕێز عادل جوبەیر-ی وەزیری دەرەوە یاخود بە یەكێك لە ئەمیرە گەورەكاندا. هۆكاری ئەو دوودڵییەی میسریش ئەوەبوو  كە نایەوێت سعودیە سەرۆكایەتیی جیهانی ئیسلامی بكات، جگە لەوەیش نایەوێت بچێتە پرۆژەكەی سعودیەوە و  شمشێری دوژمنایەتی بە رووی ئێران و تایەفەی شیعیدا هەڵكێشێت، یان بگلێتە جەنگەكەی ئێستایەوە لە یەمەن و سوریا یاخود جەنگەكانی داهاتووی لە عێراق و ئێراندا. 
خاڵی وەرچەرخان كە هەڵوێستی سیاسیانەی سیسی-ی گۆڕی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بوو كە سەرۆك ترەمپ لەگەڵیدا ئەنجامیدا پێش چەند رۆژێك لە لووتكەكە و داوای لێكرد ئامادەی بێت و بەڵێنی ئەوەیشی پێدا كە دواتر سەردانێكی تایبەت بۆ قاهیرە بكات بەڵام وادەكەی دیاری نەكرد.
سەرۆك سیسی و لەگەڵیشیدا زۆربەی میسرییەكان جۆرێك لووتبەرزیی نیشتمانییان هەیە كە ناونیشانەكەی پێشەوایەتی و سەركردایەتی و سەركەوتن و پێگەی گرنگیی هەرێمایەتیی میسرە. باراك ئۆباما دركی بەم راستییە كردبوو بۆیە قاهیرەی بە وێستگەی سەرەكیی خۆی هەڵبژارد وەك سەكۆیەك بۆ دواندنی جیهانی ئیسلامی، ئەمە ئەوەیە كە ترەمپ نەیكرد و بریق و باقی زێڕ و رێككەوتنی گەورەی دارایی (460 ملیار دۆلار) بە باشتر زانی.   
ئەمەی سەرۆك ئەردۆغان، یان بابڵێن بایكۆتكردن و نەچوونی خۆی بۆ لووتكە ئیسلامیەكەی ریاز، لەوەدەچێت جیاواز و جۆرێكی تر بێت و لەیەككاتدا كاردانەوەی هەڵوێستی هەم سیاسی و هەم كەسییش بێت، چونكە سەرۆك ئەردۆغان هێندە نابێت لە سەردانێكی شكستخواردووی واشنتۆن-ی گەڕاوەتەوە كە تێدا هیچ كام لە ئامانجەكانی دەستگیرنەبوو، لە رێگریی ئەمریكا بۆ ئەوەی وەك هاوپەیمانێكی ستراتیژیی پشت بە كوردەكان نەبەستێت و هیچ چەكێكیان نەداتێ‌ كە دەبێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتەكەیان لە باكوری سوریا، هەروەك هیچ وەڵامێكیشی نەدرایەوە دەربارەی رادەستكردنەوەی فەتحوڵـڵا گولەن-ی بانگخواز كە توركیا تۆمەتباری دەكات بەوەی لە پشت كودەتا سەربازیەكەی ئەم دوایەوەبێت. 
ئەو دیدارەی كە لە نێوان هەردوو سەرۆك ئەردۆغان و ترەمپ لە كۆشكی سپی بەڕێوەچوو توند و ئاڵۆز بوو، لە 22 خولەك زیاتری نەخایاند، كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی دوای كۆبوونەوەكەیش سار و سڕ بوو و ئەویش هەر چەند خولەكێكی كەمی خایاند، شرۆڤەكارە سیاسییە توركەكانیش سەردانەكەیان بە خراپترین سەردان ناوبردووە لە مێژووی پەیوەندیەكانی توركیا و ئەمریكادا. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure