تره‌مپ به‌ڵێن به‌ ئه‌ردۆغان ده‌دات و نایباته‌سه‌ر

بۆچوون / بیروڕا :: 22/05/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

هه‌ردوو سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ كۆشكى سپى كۆبوونه‌وه‌ و هه‌ندێك وشه‌ى دۆستانه‌یان ئاڵوگۆڕكرد و جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتیى نێوانیان دژى تیرۆرى داعش و غه‌یره‌ داعش-یش له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.
پێشتر تره‌مپ پیرۆزبایى له‌ ئه‌ردۆغان كردبوو به‌بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ى له‌و راپرسیه‌دا كه‌ ده‌سه‌ڵاتى فراوانى وا ده‌داته‌ سه‌رۆكى توركیا چۆنى بووێت وڵاته‌كه‌ى به‌ڕێوه‌ببات. هه‌روه‌ها جه‌ختى كرده‌وه‌ له‌ گرنگیى هاوپه‌یمانێتیى نێوان هه‌ردوو وڵات، ئه‌ردۆغان-یش به‌شانیه‌وه‌ وه‌ستابوو كه‌ وتى: جارێكى تر، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت پێكه‌وه‌ رووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌ ببینه‌وه‌. 

چه‌ند بردنه‌وه‌یه‌كى جوان و درۆزنانه‌یه‌، ئه‌ردۆغان چوو بۆ واشنتۆن و ته‌نیا و ته‌نیا تاقه‌ دوو داواكاریى هه‌بوو و سێیه‌مى نه‌بوو، یه‌كه‌میان چه‌كنه‌دان به‌ گروپه‌ كوردى-یه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان له‌ سوریا كه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنى نیشتمانیدا دژى رژێم وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، دووه‌میش راده‌ستكردنه‌وه‌ى فه‌تحوڵـڵا گوله‌ن-ى بانگخواز بوو كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌وه‌ى له‌ پشت هه‌وڵى كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى مانگى ته‌موزى رابردووى توركیاوه‌ بێت، ئه‌و هه‌وڵه‌ى كه‌ بووه‌ هۆى ده‌ستگیركردنى ده‌یان هه‌زار له‌ پیاوانى سوپا و پۆلیس و ده‌ركردنى فه‌رمانبه‌رانى حكومه‌ت و سه‌رۆكى زانكۆكان و ده‌مكۆتكردنى رۆژنامه‌ و ده‌ستگیركردنى نه‌یارانى ئه‌ردۆغان له‌ میدیا ناوخۆییه‌كاندا.

ئه‌ردۆغان به‌ ده‌ستى به‌تاڵ گه‌ڕایه‌وه‌. ئه‌و دیموكراسى نییه‌ و رۆژێك له‌ رۆژانیش وا نه‌بووه‌. ئه‌و له‌ ریزى پارته‌ توركییه‌ ئیسلامیه‌كانه‌ و پارته‌كه‌یشى، پارتى داد و گه‌شه‌پێدان، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2002 دا سه‌ركه‌وت و سه‌ركه‌وتوویش بوو له‌ پێشخستنى ئابوریى وڵاتدا، بۆیه‌ تائێستا هه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌، رۆژێك به‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانى و رۆژێك به‌ سه‌ركۆمارى.

هه‌تا ته‌نانه‌ت پێش هه‌وڵى كوده‌تاكه‌ى دواییش، ئه‌ردۆغان بۆسه‌ى بۆ سوپاى توركیا ده‌نایه‌وه‌، ئه‌و سوپایه‌ى پێویستبوو پارێزگاریى له‌و عه‌لمانیه‌ته‌ بكات كه‌ كه‌مال ئه‌تاتورك له‌ بیسته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوودا بناغه‌كه‌یى داڕشت. له‌ ساڵى 2008 دا ئه‌ردۆغان بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كرد كه‌ پیلانگێڕییه‌ك، له‌لایه‌ن عه‌سكه‌ر-ه‌وه‌، له‌ دژى له‌ئارادایه‌ و كه‌وته‌ ده‌ستگیركردنى گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ران. ئه‌وه‌بوو له‌ دادگاییه‌كانى ساڵى 2011 دا پیلانگێڕییه‌ باسكراوه‌كه‌ به‌ هیچ كۆتاییهات و وه‌ك ناڕه‌زاییه‌كیش گه‌وره‌ سه‌ركرده‌كانى سوپا ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌. 

رۆژێك بوو ئه‌ردۆغان هاوپه‌یمانى گوله‌ن بوو، دوایى كه‌وته‌ دژایه‌تیكردنى و به‌ مه‌ترسیى دانا له‌سه‌ر سه‌رۆك و پارته‌كه‌ى، ئه‌مه‌یش به‌هۆى فراوانیى جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ بوو له‌ناو توركه‌كاندا. رۆژێك له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا ئاشتبوو و ئێستایش هه‌ر له‌ توركیاوه‌ هه‌تا سوریا و ناوچه‌كانى تریش جه‌نگێكى له‌ دژیان به‌رپاكردووه‌.  
 
ره‌نگه‌ باشترین حاڵێك كه‌ شرۆڤه‌ى په‌یوه‌ندیى ئه‌مریكاى تره‌مپ و توركیاى ئه‌ردۆغان-ى پێبكرێت، سه‌ردانه‌كه‌ى ریكس تیلرسۆن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بێت كه‌ له‌ مانگى ئازارى رابردوودا بۆ ئه‌نقه‌ره‌ كردى و ستایشى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان-ى كرد و هه‌وڵیدا دڵنیاى بكاته‌وه‌ له‌سه‌ر جێگیریى هاوپه‌یمانێتیى نێوان هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ و هاوكاریى نێوانیان دژى چاوتێبڕینه‌كانى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌. به‌ڵام ناكۆكییه‌كان ده‌ركه‌وتن و مه‌ولود چاوش ئۆغڵو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا داواى له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كرده‌وه‌ پڕچه‌ككردنى كورده‌كان رابگرێت و گوله‌ن-ى بانگخوازیش ده‌ستگیر بكات. وه‌زیره‌كه‌ى توركیا رێت بهارارا-ى داواكارى ناوچه‌ى باشورى نیویۆرك-ى به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ به‌كرێگیراوى هێزه‌ نه‌یاره‌كانى توركیایه‌، هه‌روه‌ها وتى لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بزنسمانانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌ردۆغان-ه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌هۆكارى سیاسى بووه‌. تره‌مپ بهارارا-ى له‌ كاره‌كه‌ى ده‌ركرد، به‌ڵام به‌ هۆكارى دیكه‌ نه‌ك به‌و هۆیه‌ى كه‌ وه‌زیره‌كه‌ى توركیا وتى. 

له‌و باوه‌ڕه‌دام ناكۆكیى ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ ئیداره‌كه‌ى تره‌مپ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ى كه‌ رژێمى توركیا به‌ بنه‌ڕه‌تى یاخود به‌ یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یان داده‌نێت، وا له‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ناكه‌ن كه‌ مه‌یلى به‌لاى میانڕه‌ویدا بشكێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانێكى دێرینى وڵاته‌كه‌ى له‌ده‌ستنه‌دات. ئه‌و له‌ راپرسیه‌كه‌ى نیسانى رابردوودا به‌ زۆرینه‌یه‌كى كه‌مى 51،3% سه‌ركه‌وت، ئه‌مه‌یش رێژه‌یه‌كه‌ راستیه‌كى گرنگى سه‌لماند، ئه‌ویش شكستى ئه‌ردۆغان-ه‌ له‌ ئه‌ستانبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌ و ئیزمیر، واتا له‌ شارێكدا كه‌ رۆژێك بوو خۆى سه‌رۆكى شاره‌وانیه‌كه‌ى بووه‌، هه‌روه‌ها له‌ پایته‌ختێكدا كه‌ خۆى ده‌سه‌ڵاتدارى بووه‌، هه‌روه‌ها له‌ شارێكدا كه‌ له‌ هه‌موو شاره‌كانى دیكه‌ى توركیا لیبراڵتر و كراوه‌تره‌. 

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا هێشتا ئه‌ردۆغان جه‌ماوه‌رێكى زۆرى له‌ناو خوێنده‌واران و هه‌ژارانى ئه‌نادۆڵدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌م پشتگیرییه‌ تاهه‌تایه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟ هاووڵاتیان چاوه‌ڕێى ئاستێكى گوزه‌رانى باشتر ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌ردۆغان جار له‌ دواى جار به‌ڵێنى پێداون و تا ئێستایش چاوه‌ڕێى جێبه‌جێكردنین. جگه‌ له‌مه‌یش ئه‌ردۆغان به‌ ته‌نیایه‌ له‌ شه‌ڕه‌كه‌ى دژى كورده‌كانى توركیا، ژماره‌یه‌ك له‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ى ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كه‌ن، له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌یشدایه‌ ئه‌وانه‌ى سوریایان پڕچه‌كنه‌كرێن كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌رگریى له‌ خۆیان بكه‌ن. 

تكایه‌ با ئه‌مه‌ روون بێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌وه‌ پشتگیریى من بۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ناسڕێته‌وه‌ له‌ دژى ئیسرائیلدا، وه‌ك ئه‌وه‌ى پێش هه‌فته‌یه‌ك كردى و هه‌روه‌ها له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كى تازه‌دا ده‌یكات. به‌ڵام وایده‌بینم كه‌ سیاسه‌ته‌كانى ئه‌ردۆغان زاڵبووه‌ به‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانى تریدا و له‌وه‌ده‌چێت ده‌ردێكى بێ ده‌رمان بێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure