ساڵح موسلم (نێوبژیوان)ی نێوان ئەسەد و ترەمپ-ە؟

بۆچوون / بیروڕا :: 18/05/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


ئەوە ئاشكرایە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان چەندین پاڵنەری هەیە بۆ ئەوەی رۆڵی سەرەكیی بدات بە (یەكینەكانی پاراستنی گەل) لە هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی سەر رەققەدا كە بە بەشداری و بە چاودێریی خۆی ئەنجام دەدرێت. بەڵام ناڕوونییەك هەیە دەربارەی چۆنیەتی گونجاندنی نێوان هاوكاریی رێكخراوەكەی ساڵح موسلم لەگەڵ ئەمریكیەكان و پابەندبوونی بە پلانەكەیان لەلایەك و لە نێوان لایەنگریی بۆ رژێمی بەشار ئەسەد كە واشنتۆن هەڵمەتەكانی لەدژی ئەنجام دەدات، لەلایەكی ترەوە. 

رەنگە ئەوە یەكلابووبێتەوە كە كوردەكانی سوریا، وەك رۆڵەكانی نەتەوەكەیان لە عێراق و توركیا و ئێران، ئامانجی دووریان ئەو سەربەخۆییە بێت كە لە قۆناغەكانی یەكەمدا پێكهێنانی ئۆتۆنۆمییەك بێت هاوشێوەی حاڵەتەكەی عێراق. ئەوان هەر لەسەرەتاوە وایانبینیوە كە پیادەكردنی ئەم رێگەیە پێویستی بە رەزامەندیی دیمەشق-ە و لەسەر ئەم بنەمایە هەڵسوكەوتیان كردووە. ئەوەبوو هێزە نیزامیەكانی سوریا، پێش چەند ساڵێك لەمەوبەر، جێگەكانی خۆیان لە نێوان رەققە و حەڵەب-دا جێهێشت و رێگەیان كردەوە بۆ (یەكینەكانی پاراستن) كە جڵەوی ئاسایشی تێدا بگرنەدەست و جۆرێك (دەسەڵاتی بەڕێوەبەری)ی تێدا دامەزرێنن، پێش ئەوەی لەگەڵ گروپەكانی (سوپای ئازاد)دا بكەونە رووبەڕووبوونەوەی توندەوە. 

لە دوا كۆنگرەی رۆژنامەوانیی وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سوریا-یشدا، پشتیوانی لە رۆڵی كوردی پشتگیریكراو لەلایەن ئەمریكاوە، كراوە لە شەڕی رەققەدا و وای لەقەڵەمدا كە "جەنگێكی رەوای دژی داعش-ە و دەچێتە چوارچێوەی پاراستنی یەكێتی سوریا و سەروەرییەكەیەوە". ئەمەش دەرچوونێكی ئاشكرایە لە هەڵوێستەكانی پێشوو كە ئەمریكیەكانی تێدا تۆمەتبار دەكرا بە داگیركردنی سوریا لەبەر ئەوەی بەبێ‌ هەمئاهەنگیی لەگەڵ دیمەشق-دا هاتوونەتە سوریاوە. 
كوردەكان بەخۆشحاڵییەوە ئاماژەیەكی روونیان لە روسیای پشتیوانی سەرەكیی رژێمی ئەسەد-ەوە وەرگرت بەوەی كە لە رەشنووسی ئەو دەستورەی مۆسكۆ داینا و لە كۆتایی ساڵی رابردوودا بڵاوكرایەوە، بژاردەیەكیان هەیە كە لە بەندی دووی مادەی چواریدا هاتووە"دامودەزگاكانی خۆبەڕێوەبەریی كلتوریی كوردی و رێكخراوەكانی، هەردوو زمانی عەرەبی و كوردی وەك دوو زمانی یەكسان بەكاردێنن".
ئەگەرچیش پوتین بەم دواییانە وتی "پڕچەككردنی كوردەكانی سوریا بە پێویست نازانم"، بەڵام هەڵوێستەكەی هاوڕۆیشتنێكی ئەردۆغان بوو لەگەڵ سەردانەكەی واشنتۆن-یدا، ئەمەیش دوای ئەوەی كە توركیا دەرپۆشێكی سیاسیانەی پێویستی بۆ رێككەوتننامەكەی ئاستانە دابینكرد.

لە شەڕەكەی كوبانی-یەوە ئەمریكیەكان وەك لایەنێكی سەربەخۆ و هاوپەیمانێكی متمانەپێكراو مامەڵە لەگەڵ كوردەكانی سوریا دەكەن و دەرپۆشێكی ئاسمانییان بۆ دابینكردوون. رێگریەكەی ئیدارەی ئۆباما-یش لە پشتگیرینەكردن بۆ راگەیاندنی ئۆتۆنۆمییەكی كوردی، رەنگدانەوەی ئەو ویستەیە كە بارگرانیی بڕیارێكی ئاوا قورس و گران بۆ دیمەشق خۆی جێبێڵێت. بەڵام ئێستا ئەمە لەسەردەمی ترەمپ-دا گۆڕاوە كە بە تەواوی دەیانپارێزێت و دژی بۆردوومانەكەی ئەم دواییەی ئەنقەرە-یش بوو بۆ سەر پێگەكانیان.

كەواتە رێككەوتنێكی ئەمریكی-روسی-سوری رانەگەیەنراو هەیە لەسەر رۆڵی كورد و ئاییندەیان لە سوریادا، تەنانەت (یەكینەكانی پاراستن)یش رەگەزی نزیككردنەوە یاخود دەتوانێت رۆڵی (ناوبژیوان) ببینێت لە نێوان ئیدارەی ترەمپ و رژێمی ئەسەد-دا، سەرەڕای سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزیی لە نێوانیاندا كە دەچێتە چوارچێوەی دانوستنان لەگەڵ روسیا لەسەر چارەسەركردنی دۆخی سوریا. 

لەگەڵ ئەوەی ئێران لەمبارەیەوە هاوهەڵوێستی واشنتۆن و مۆسكۆ و دیمەق نییە، بەڵام دوژمنایەتیی خۆیشی لە بەرامبەر ئاشكرا ناكات و وەك توركیا نییە كە ئەردۆغان-ی سەرۆكی شكستیهێنا لە قەناعەتپێكردنی ترەمپ، لەمیانەی دیدارەكەی دوو رۆژ لەمەوبەریدا، بەوەی كە دەستبەرداری هاوكاریكردنی كوردەكان ببێت، چونكە ئەڵتەناتیڤێكی دیكەی نەبوو، لەبەر ئەوەی مەحاڵە هێزەكانی (قەڵغانی فورات) ی پشتگیریكراو لەلایەن ئەنقەرە-وە بتوانن بگەنە رەققە بەبێ‌ شەڕێكی پێشوەختەی ئەنجام نەزانراو، ئیتر لە باشورەوە بێت كە دەبێت بەناو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی سوپای نیزامی و میلیشیا ئێرانیەكاندا بڕوات یاخود لە باكورەوە كە دەبێت ناوچەكانی كورد تێپەڕێنێت. 
خۆ ئەگەر ئەمریكیەكان بەڵێنی ئەوەیان بە ئەردۆغان دابێت كە (یەكینەكانی پاراستن) دوای دەرپەڕاندنی داعش لە رەققە، رەققە جێدێڵن و رادەستی (ئەنجومەنی خۆجێێ‌)یی دەكەن، ئەمە مانای گەڕانەوەی نفوزی رژێمی سوریایە بۆ شارەكە. پێشتریش دیمەشق هەواڵی ئەوەی دزەپێكردبوو كە (هێزەكانی سوریای دیموكرات) بڕیاریداوە بەنداوی تەبقە، كە لە چەكدارانی داعش-ی سەندووەتەوە، بداتەوە بە (لایەنە تایبەتەكانی حكومەتی سوریا).
ئەردۆغان كە چووە واشنتۆن، پێشوەخت دەیزانی كە بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ پشتگیریكردنی كوردەكان كۆتاییهاتووە و گەڕانەوە نییە، بەڵام پێداگریی لەسەر ئەم خاڵە ناكۆكە بۆ ئەوە بوو دەسكەوتی تری لە بوارەكانی دیكەدا هەبێت، لەوانە بەتایبەت هاوكاریی ئابوری، دوای ئەوەی ئەوروپا وردە و وردە دەرگاكانی بە روودا دادەخات لە پای دووركەوتنەوەی لە پێوەرەكانی مافی مرۆڤ. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure