قۆناغی دووەمی جەنگی دژی تیرۆر بۆسەر حزبوڵـڵا دەبێت

بۆچوون / بیروڕا :: 17/05/2017

سەرچاوە: رەئی ئەلیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
رەنگە ئەو جەنگەی كە هاوپەمانێتیی ئەمریكا لە ژێر ناونیشانی جەنگی تیرۆر دژی (دەوڵەتی ئیسلامی) دەیكات، بەتێڕوانینی زۆرێك رەوا بێت، بەتایبەت لای ئەندامانی ئەم هاوپەیمانیە  و بەدیاریكراوییش لای عەرەب. بەڵام ئەم جەنگە لە دیدی ئێمەوە تەنیا پەردەپۆشكردنێك یاخود بۆمبێكی دووكەڵە بۆ ئامادەكاریی یان شاردنەوەی رەوایەتی مەقاوەمە و بەدیاریكراوییش حزبوڵـڵا.
ئەگەر جەنگی ئەمریكا لە كوەیت لە ساڵی 1991 دا تەڵەیەك بووبێت و بە لێزانانە نرابێتەوە، لە دوای نەخشەیەكی ورد و دابەشكردنی وریایانەی رۆڵ-ەكان بە ئامانجی راكێشانی سەدام حسێن سەرۆكی عێراق، وەك ئامادەكارییەك بۆ رووخانی عێراق و لەباربردنی رابوونە زانستی و سەربازیەكەی و لەمپەرخستنە بەردەم رۆڵە ئیقلیمیەكەی، ئەوا زیادەگۆیی ناڵێین ئەگەر بڵێین جەنگەكەی سوریایش بۆ هەمان مەبەستە، تەنیا بۆ لەناوبردنی سوریا و هەڵوەشاندنەوەی نییە و بەس، بەڵكۆ بۆ تێوەگلانی حزبوڵـڵای لوبنانی و كەمكردنەوەی جەماوەرە فراوانەكەیەتی كە بەدەستیهێناوە و رۆچووەتە دڵی دەیان و بگرە سەدان ملیۆن عەرەبیشەوە، ئەمەیش لە دوای دووجار سەركەوتنی گەورەی بەسەر ئیسرائیلدا، جارێكیان دوای بەرگرییەكی توند و ئازادكردنی خاكی داگیركراوی لوبنان لە ساڵی 2000 دا و جاری دووەمیش شەڕ و خۆڕاگریی ئەفسانەیی لە تەموزی ساڵی 2006 بە رووی دوژمنكاریی ئیسرائیلدا كە دەیویست لەناویبەرێت و لە ریشەوە هەڵیكێشێت.
زۆرینەی ئەو جموجووڵانەی كە ئێستا ویلایەتە یەكگرتووەكان و دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكە تازەكەی لە ناوچەكەدا سەركردایەتی دەكەن، بە سەردانەكەی دوای پێنج رۆژی دیكەیشیەوە بۆ ریاز و مانۆڕەكانی (شێری ئامادە)یش لە ئوردن، هەموویان دەوروخولی یەك ئامانجی سەرەكی دەدەن، ئەویش راگەیاندنی جەنگە، بە هەموو جۆرەكانیەوە، لە دژی حزبوڵـڵا، بۆ وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی و تاوانباركردنی بە هەمان ئەو رێگەیەی كە سەرۆك سەدام حسێن-یان پێ‌ تاوانباركرد و پێش ئەویش بزووتنەوەی مەقاوەمەی فەلەستینی لە سەردەمی رێكخراوی رزگاریخواز و گروپەكانی، پاشان لە سەردەمی هەردوو بزووتنەوەی (حەماس) و (جیهادی ئیسلامی) و گروپە شەڕكەرەكانی تریش.
كێشەكانی ئێران لەگەڵ خۆرئاوادا پێكداچوو و تێكچڕژاون، ویستە ئەتۆمیەكانی دیارترینیانە، بەڵام ئەم ویستە دەكرێت لەگەڵیدا هەڵبكرێت و بە چەندین رێگەیش گەمارۆ بدرێت و رابگیرێت، بەڵام ئەو هەڵە گەورەیەی كە لە دیدی خۆرئاواوە ئێران كردوویەتی، پشتیوانیكردنیەتی لە حزبوڵـڵای لوبنانی و گۆڕینیەتی بۆ باڵێكی سەربازیی كە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل، لەكاتێكدا عەرەب خۆی رادەستی كردووە و خەریكە خەسڵەتی (دوژمن)ی لێدەكەنەوە و پردی هاوكاری و ئاساییكردنەوەی  لەگەڵ دەبەستن و بە هاوپەیمانێكی ستراتیژیی ئیقلیمیی دادەنێن.
حزبوڵـڵا هەموو هێڵە سوورەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلی تێپەڕاند كاتێك بووە خاوەنی توانایەكی زۆری مووشەكی سەربازیی (100 هەزار مووشەك) و شارەزاییەكی شەڕكردن كە بەشێكی زۆری سوپاكانی ناوچەكە، بە سوپای ئیسرائیلیشەوە، نییانە. چونكە جۆراوجۆرە لە نێوان شارەزایی شەڕی كلاسیكی (سوپا تەقلیدیەكان) و شارەزایی جەنگی پارتیزانی، شەڕكردنی چوار ساڵی بەردەوامیشی لە سوریا، ئەو شارەزاییانەیی پەرەپێدا و تازە و دەمەزەردی كردەوە. 
ئەو هەواڵانەی كە لە دوو رۆژی رابردوودا باسیان لە كۆبوونەوەی نهێنی و داخراو لە واشنتۆن دەكرد بە بەشداریی ژمارەیەك دەوڵەتی كەنداو و عەرەب بۆ تاوتوێكردنی دانانی ستراتیژێك لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی حزبوڵـڵا لە قۆناغەكانی داهاتوودا و لە نێوان ئەو دەوڵەتانەیشدا سعودیە و ئوردن و كوەیت و بەحرەین و قەتەر و ئیمارات، هیچ سەرسامان ناكەن، چونكە جموجووڵەكانی ئێستا، بە لووتكەكانی ریاز-یشەوە كە سەرۆك ترەمپ سەرۆكایەتی دەكات، بەو ئامانج و مەبەستەیە. 
ئەو زانیارییانەی لەو كۆبوونەوەیەوە دزەیان كردووە باس لەوە دەكەن كە پلانێكی هاوبەشی عەرەبی نێودەوڵەتی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی حزبوڵـڵا كە سزای ئابوریی سەر ئەندامە نزیكەكانی لە وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە، بەتایبەت ئەفریقا و ئەوروپا، كە پشتگیریی دارایی حزبەكە دەكەن، هەروەها چاودێریكردنی جموجۆڵی حەواڵە داراییەكان و وشككردنی هەموو سەرچاوە داراییەكان، بۆ ئەوەی حزبەكە نەتوانێت پارە بۆ دامەزراوە سیاسی و سەربازییەكانی دابین و تەرخان بكات. 
جەنگی دژی كۆمەڵە (جیهادییە) توندڕەوەكانی وەك (نوسرە) و (دەوڵەتی ئیسلامی) بەرەو كۆتایی دەچێت، یەكەمیان، واتا نوسرە لە ئیدلیب و ریف دیمەشق و هەندێك جێگەی ریف حەڵەب گەمارۆ دراوە و دوا رێككەوتنەكەی ئەستانە-یش ئەركی لەناوبردنیی سپارد بەوانەی پێیان دەوترێت گروپە میانڕەوەكانی پشتگیریكراو لەلایەن ئەمریكا و توركیا و سعودیە و قەتەر-ەوە. دووەمیشیان، واتا (دەوڵەتی ئیسلامی) زۆرینەی موسڵ-ی لەدەستداوە و ئەو جەنگەیش كە هێزەكانی سوریای دیموكرات-ی كوردی، بە پشتیوانیی ئەمریكا، سەركردایەتی دەكات بۆ (رزگاركردنی) رەققە نزیكبووەتەوە و هەر بە تەواوبوونی پرۆسەی پڕچەككردن و گەیشتنی تانك و زرێپۆش و مووشەكە نوێكانی ئەمریكا بەو هێزە، ئیتر دەست پێدەكات. 
بەمانایەكی تر، بە لەناوبردنی ئەم گروپە (ئیسلامیانە)ی كە لە لیستی تیرۆردا پۆلێن كراون، دەرگای جەنگێكی گرنگتر بە رووی حزبوڵـڵادا دەكرێتەوە نە تەنیا هەر لە سوریا بەڵكو لە لوبنانیش. ئەمەیش بە جەنگی ئابوری دەست پێدەكات و بە هێرشی سەربازیی كۆتایی دێت. خۆ ئەگەر تۆزێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە و بەدیایكراوییش بۆ قەیرانی كوەین لە ساڵی 1991 دا، دەبینین هەمان سیناریۆ دژی عێراق جێبەجێكرا، واتا گەمارۆ و رێگریی لە هەناردەكردنی نەوت و پاشان لەشكركێشی سەربازی و داگیركردن. 
ئاخۆ ئەم سیناریۆیە كە قۆناغ قۆناغ دژی حیزبوڵـڵا و پاشان (ئێران) جێبەجێدەكرێت، هەمان ئەو سەركەوتنە بەدەستدێنێت كە لە عێراقدا بەدەستیهێنا؟ و پێش ئەویش دژی بوونی فەلەستین لە لوبنان (كە بە داگیركردنەكەی 1982 كۆتاییهات)؟
زەحمەتە وەڵامی ئەم پرسیارە گریمانەییە بە (بەڵێ‌) یاخود بە (نەخێر)ێكی روون و راشكاو بدرێتەوە، بەڵام دەكرێت بڵێین دۆخەكە گۆڕاوە، هەروەها ئیسرائلی-یش گۆڕاوە، حزبوڵـڵا-یش بووەتە تەوەری سیستمێكی ئیقلیمی و مەزهەبی و بە روونی و ئاشكرایی ئێران پشتگیریی دەكات، هەرەها عێراقیش بەپلەیەكی كەمتر. بۆیە هەر جەنگێك لەدژی بەرپابكرێت ئاسان نابێت و ئەگەر ئەم سیناریۆیە لە عێراق سەركەوتووبووبێت ئەوا یەكەم شت بەهۆی پیلانگێڕی و خیانەتی عەرەبیەوە بووە و ئینجایش هەرەسی یەكێتی سۆڤیەت لەو كاتەدا و مانەوەی ئەمریكا وەك تاقە هێزی بە هەژموون.
هەموو ئەوەی ئێستا لە ناوچەكەدا دەگوزەرێت، بە جەنگەكان و پیلانگێڕییەكانەوە، هەمووی لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی ئیسرائیل و پاراستنی هێزەكەی و سەركەوتنی سەربازییدایە، وەك جێبەجێكردنی پلانێك كە (هەردوو بێرنارد) بێرنارد لویس و بێرنارد لیڤی دایانناوە لەگەڵ هێنری كێسنجەر-ی سەرگەورەیاندا كە فێری سیحری كردن.
ئەوە بەڕێكەوت نەبووە كە دەستپێكی جێبەجێكردنی ئەم پلانە لە یادی سەد  ساڵەی پەیماننامەی بلفۆر و رێككەوتنەكانی سایكس پیكۆ-دا بووبێت، چونكە دیارترین ناونیشانی هەزارەی سێیەم هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی قەتەر-ە كە لە منداڵدانی ئەم رێككەوتنانەوە لەدایكبووە، هەروەها چەسپاندنی جوولەكەی ئیسرائیل-یشە لە فەلەستین و ناوچەكەدا بۆ سەد ساڵی دیكە..  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure