عەرەب و دەوڵەتی كوردی

بۆچوون / بیروڕا :: 16/05/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: دواڕۆژ

تەمەنی نەوەی ئێمە  لە وڵاتە جیاوازە عەرەبیەكاندا بەدەم كۆمەڵێك ترسەوە رۆیشت، یەكێك لەو ترس-انە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بوو. ئێمە وامان دەزانی كە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە دەبێتە ناحەز  و نەیارێكی ئاسایی لەسەر حسابی نیشتمانی عەرەب و پێگەكەی. ئێمە نكۆڵیمان دەكرد كە جگە لە خۆمان، ئەو نەتەوانەی تر كە لەگەڵماندا دەژیان، بەدوای ناسنامە و پێگەی خودی خۆیاندا بگەڕێن. 

سەرەڕای پێكداچوونی مێژووی نەتەوەیی نێوان كورد و عەرەب، بەڵام مەسەلەكە تا ئاستێكی زۆر ناڕوون و تەمومژاوی بوو، بەڵێ‌.. وەفدگەلی فەرمی و نافەرمیی كورد، لە هەندێك دەوڵەتی عەرەبیدا سەردانیان دەكردین و مامەڵكردن لەگەڵیدا وەك (دەرگای نیوەكراوە) وابوو نە بەتەواوی كرابووەوە و نە هەمیشەیش داخرابوو، هەروەها جارجارە هەندێك قسەیش دەكرا، كە تەئكید نەبوون، دەربارەی پەیوەندیی بەردەوامی نێوان كورد و جوولەكە، سەرەڕای ئەو پەیوەندییە پتەوانەی كە لە نێوان عەبدولناسر و مەلا مستەفای بارزان لە پەنجاكان و شەستەكانی سەردەی رابدروودا دروست بوون، كەچی ئەو راڕاییە بەبێ‌ راوەستان هەر بەردەوام بوو و دواتریش لەلایەن دەزگاكانی سەدام حسێن و راگەیاندنەكەیەوە ورووژێنرا و بەردەوام قسەی خراپیان لەسەر كورد دەكرد بۆ ماوەی چەندین دەیە. لەبەرئەوەیش كە كوردەكان دابەش بوون بەسەر دەوڵەتی جیاوازی-عەرەبی و نا عەرەبی-دا، هەر لە عێراقەوە بۆ سوریا و توركیا و تا دەگاتە ئێران، بەڵام كوردەكانی عێراق بە دیاریكراوی، دەستكەوتی گەورەیان لەسەر ئاستی پەیوەندییان لەگەڵ دنیای دەرەوە بەدەستهێناوە و سۆزی ژمارەیەكی زۆری كەسێتیی نێودەوڵەتییان بەلای خۆیاندا راكێشاوە، لەوانە كەسێكی وەك هاوسەری فرانسوا میتران سەرۆكی كۆچكردووی فرەنسا بیردێنمەوە كە بەوە ناسرابوو بەتوندی پشتگیریی لە دۆزی كورد دەكات. لێرەدا پێویستە كەمێك رۆبچینە قووڵایی پەیوەندییەكانی نێوان عەرەب و كورد-ەوە بە درێژایی مێژوو:

یەكەم: كوردەكان زۆربەیان موسڵمانی سوننەن و نەتەوەیەكی هاوسنووری عەرەبن، خوێنی كورد و عەرەب تێكەڵاوبووە و تەنانەت وامانلێهاتووە لەبەردەم ئاوێتەیكی تێكەڵەی هەردوو نەتەوەكەداین. ئەوە بەسە سەلاحەدینی ئەیوبی بیربێنینەوە كە بە رەچەڵەك كورد بووە و شەڕی سەركەوتوانەی ئەنجامداوە بۆ رزگاركردنی قودس لە دەستدریژكارە فرەنجیەكان. بەڵام زۆر كەسی دیكەیش هەن كە لەناوماندا لە نیشتمانی عەرەب لەگەڵماندا ژیاون، بۆ نموونە ئێمە لە میسر شانازیی بە كەسێكی بە رەچەڵەك كوردی وەك بلیمەت و بیرمەندی گەورە عەباس مەحمود ئەلعقاد-ەوە دەكەین هەروەها بە شاعیری لاو ئەحمەد رامی و بنەماڵەی بەدرخان لە بواری سینەماییدا، تەنانەت هونەرمەندی نایاب سوعاد حوسنی كە بە سەندرێلا-ی سینەمای عەرەبی دادەنرێت رەگێكی كوردیی هەیە، بۆیە جێی سەرسوڕمان نییە كە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا لە میسر رۆژنامەیەكی كوردی دەردەچێت و بەزمانی خۆیان كوردەكان دەدوێنێت و باس لە هەست و ئاواتەكانیان دەكات. ئێمە لەو باوەڕەداین كە كوردەكان لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاوازن بەڵام دراوسێ‌ عەرەبەكەیان بۆ ماوەیەكی دوور و درێژی مێژوو لەخۆیی گرتووە.  

دووەم: كورد هەمیشە مكوڕ بووە لەسەر سەلماندنی نیازپاكیی خۆی بەرامبەر هاوبەشەكانی نیشتمانەكاندا، بەڵام كێشەكانیان لە عێراق و توركیادا لە شوێنكانی دیكە ئاشكراتر بوو. ئەگەر سەرنج لە دۆخی كورد بدەین لەم دوو وڵاتەدا، دەبینین كورد لە توركیا بەشێكە لە داڕێژراوە توركیەكە و داوای جیابوونەوە ناكات بەڵكو هەوڵی كۆمەڵێ‌ مافی نەتەوایەتی دەدات لەناو دەوڵەتی توركیادا، ئەم مەسەلەیەیش بە كارەساتی دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان كۆتایی هات كە لە دوورگەیەكی بچوكدا زیندانیی تاهەتاییە پاش ئەوەی لە حوكمی ئیعدام رزگاری بوو لە چوارچێوەی ئەو پرۆسە جوانكارییەی كە توركەكان هەوڵیان بۆدا كاتێك كە وایان دەزانی هێندەی نەماوە ببن بە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا. دەستگیركردنی ئۆجەلان لە یەكێك لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەفریقا و رادەستكردنەوەی بە دەسەڵاتدارانی توركیا بەشێك بوو لە مامەڵەیەكی نێوان سوریا و توركیا لەچوارچێوەی مانگێكی هەنگوینیی كاتیدا لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق. بەڵام دۆخەكە لە عێراقدا هەمیشە جیاواز بووە لەوێ‌ كورد هاوسۆزیەكی گەورەی نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە و هەرێمێكی بۆ دیاریكرا پێی دەوترێت كوردستانی عێراق. هەرچەندە دۆخەكە پاش رووخانی سەدام بەتەواوی بۆ كورد گۆڕاوە كە لە بازنەی كارەساتە بەئازارەكان چوونەتە دەرەوە و لێرەدا هەر هێندە بەسە كارەساتی هەڵەبجە و بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەلایەن رژێمی عێراقەوە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بۆ قەتڵوعامكردنی كوردەكانی باكور وەبیربێنینەوە، بەڵام سەلماندنی ناسنامەی سەربەخۆی كورد لە عێراقدا پاش رزگاركردنی كوەیت لە داگیركاریەكەی سەدام و سەرەتای لاوازبوونی ئەو رژێمەوە، دەستی پێكرد. كاتێكیش كە لە ساڵی 2003 دا سەدام رووخێنرا، كورد هەناسەی ئاسوودەیی هەڵكێشا و ئیتر بوو بە نەریتێكی عێراقی كە پۆستی سەركۆمار، ئەگەر هەر فەخرییش بێت، بدرێتە كورد. هەروەها گفتوگۆ بەردەوام بووە لە نێوان حكومەتی ناوەند لە بەغدا و حكومەتی كوردستاندا سەبارەت بە پشكی هەر یەكەیان لە نەوتی باكور. جەلال تاڵەبانی توانی پشتگیریی بكات لە كاروانی هاوبەشی نێوان كورد و عەرەب لە عێراقدا.. هێندەبەسە بیربێنینەوە كە لەكاتی ئامادەكردنی دەوڵەتی نوێی عێراقدا باسی فرەنەتەوەیی ئەو وڵاتە عەرەبیە گەورەیە كرا و  تەنیا لەم دەقەدا عروبەی عێراق كورتكراوەتەوە كە دەڵێت: عێراق ئەندامێكی دامەزرێنەری كۆمكاری عەرەبییە.  ئێمە خەیاڵمان وابوو ئیتر عێراق لە سایەی كۆنفیدراڵیدا دەژی لە نێوان لایەنە جیاوازەكانیدا تەنانەت ئەگەر بە شێوەی دیفاكتۆیش بیێت و یاسا بە ئاشكرا باسی نەكردبێت، واتا شیعەكان لە باشور و سوننە لە ناوەڕاست و كوردەكان لە باكور. ئەمەیش دابەشكردنێكە لەسەر بناغەی دینیش و نەتەوەیش، بەڵام داواكاریەكانی كورد زیادیان كرد و هەولێر زۆر نزیكبووەتەوە لە راگەیاندنی دەوڵەت، بەتایبەت كە كوردەكان شەڕی تیرۆریان كرد و هێزی پێشمەرگە رۆڵێكی بەرچاوی بینی لە ململانێكانی باكور و شارە مێژوویەكاندا.

سێیەم: چەند رۆژێك لەمەوبەر وتاری نووسەرێكی كوردم خوێندەوە، روون و ئاشكرا ئەو راستیە دەردەبڕێت كە مەترسیەكانی عەرەب لە دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی هیچ پاساوێكی نییە و داوا دەكات چاو بە تێكڕای ئەو مەترسیانەدا بخشێنرێتەوە. نووسەرەكە جەخت دەكات لەسەر ئەوەی كە توركەكان لارییان نییە لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانی عێراق، هەروەها سوریا و عێراقیش لەگەڵ لەشكرە عەرەبیەكانی دیكەدا رووبەڕوونابنەوە و تەنیا لایەنێك كە رەتی بكاتەوە رەنگە تەنیا هەر ئێران بێت. ئەم لۆژیكەی كە نووسەرە كوردەكە قسەی پێ‌ دەكات، شایستەی تاووتوێكردن و چاوپیاخشاندنەوەیە و ئەگەرچی ئێمە لەگەڵ هەموو قسەكانیدا نین بەڵام بەشێكی زۆریشیمان قبووڵە. ئێمە هەمیشە پێمانوایە كە عەرەب لە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبیدا پێویستە لە گۆشەنیگایەكی جیاوازەوە تەماشای مەسەلەكە بكەن، چونكە ئێمە لەبەردەم ناكۆكییەكی دینی یاخود مەزهەبیدا نیین بەڵكو لەبەردەم نەتەوەیەكی سەربەخۆداین كە خاوەنی مێژوویەكی دوور و درێژ و خەسڵەتی تایبەت و زمانێكی جیاوازە.
هەڵكشانی شەپۆلەكانی تیرۆر هەر لە قۆناغی زەرقاوی-یەوە تاكو ئێستا وا پێویست دەكات بەجدیی بیر لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بكەینەوە و هاوئاهەنگی دروست بكەین لە دژی و كار بكەین بۆ تێكشكاندنی بەیارمەتیی هەر كەسێك كە ئەم ئەركەی قبووڵ بێت، ئەویش ئەركێكە هەستێكی نێودەوڵەتی هاوبەش بەرجەستە دەكات بۆ هەر لایەنێك كە سەقامگیریی دەوێت بۆ گەلانی ناوچەكە و داوای ئەمن و ئاساییش دەكات بۆ نەتەوە جیاوازەكان و مەزهەبە جۆراوجۆرەكانی.

چوارەم: پێویستە ئەوەیش بەهەندبگرین كە دراوسێتی نەتەوەیی نێوان كورد و عەرەب، بمانەوێ‌ و نەمانەوێ‌، جۆرێك لە تێكەڵی مرۆیی و توانەوەی دانیشتوانی خوڵقاندووە بەدەگمەن كوردێك دەبینین عەرەبی نەزانێت، چونكە ژیان لە كۆتاییدا پێویستیی ئاراستەی دەكات و تەنیا لەژێر كاریگەریی هەست و سۆزەكاندا نابێت بەڵكو بەرژەوەندییە هاوبەشەكان جێگیرترن. دیارە لەم رووەیشەوە مەسەلە جوگرافی و مێژووییەكان رۆڵی خۆیان دەبینن و كوردەكانی عێراق هەروەكو ئێستا ئەو ئیمتیازاتانەیان دەبێت كە كوردی دەوڵەتەكانی دیكە نییانە، بەڵام باسكردنی دەوڵەتێكی كوردیی یەكگرتوو كە رۆڵەكانی ئەم نەتەوەیە هەر لە باشوری سوریاوە بەناو ئێراندا بگرێتەوە بۆ ئەوەی لەوسەرەوە یەكبگرێتەوە لەگەڵ كوردەكانی توركیا و سوریادا و ئینجا لەناو كوردەكانی عێراقدا گەورهەری ئەو دەوڵەتە مەبەستە و كۆڵەكە سەرەكیەكەی بێتەدی، دەڵێم ئەمە مەسەلەیەكە بەدیهێنانی زۆر قورس و زەحمەتە، چونكە پێچەوانەی ویستی كۆمەڵێك دەوڵەتی ناوچەكەیە و تورك هەمیشە دژی ئەم ئامانجە دوورەیە و ئامادەشە بە هەموو شێوازێكی سەربازی و سیاسی رووبەڕووی ببێتەوە.

پێنجەم: ئێمە دەزانین لەناو سەركردایەتیەكانی كوردستانی عێراقدا ناكۆكی هەیە و ئەو ناكۆكیەیش ئێستا لەسەر مەسەلەی راپرسییە كە بڕیارە ئەنجام بدرێت، بەڵام پێمانوایە ئەوان زۆر نزیكن لە بەدیهێنانی ئامانجە مێژووییەكەیان، ئەمەیش نەك بەهۆی لایەنگری و جۆشوخرۆشی هەموو هاوسێكانەوە، بەڵكو بەهۆی دیارنەمانی هێزە نەیارەكان لە ناوچەكەدا لە ئاكامی گۆڕینی دۆخەكان لە بەغدا و ئەو گۆڕانكارییە گەورانەی بوومەلەرزەكەی (بەهاری عەرەبی) هێنایەئاراوە. جگە لەوەیش توركیا كە دەوڵەتێكی ناتۆیە و تا ئەندازەیەكیش چاوی لەوەیە ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا، نقوم بووە لە كارەساتەكەی سوریادا كە روسیا و توركیا و ئێران باڵیان بەسەرداكێشاوە. لەبەرئەوە بارودۆخە ناوخۆیی و ناوچەییەكە لەوەدەچێت گونجاو بێت بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانی عێراق، بەڵام ئەمە نایەتەدی ئەگەر لێكتێگەیشتنی روون و ئاشكرا و قبوڵكردنی تەواو نەبن لەلایەن هێزە سیاسیە  عێراقیەكان بە گشتی و دەسەڵاتی حوكم لە بەغدا بەشێوەیەكی تایبەتی، چونكە بەرژەوەندیەكان چوون بەناویەكتریدا و هەروەها واقیعە جوگرافی و مێژوویەكەیش ئەوە دەسەلمێنێت.

من هیوادارم برا كوردەكانمان كە لەڕووی جوگرافییەوە هاوسێمانن و لەڕووی مێژوویەوە هاوڕێمانن، تێبگەن كە پەیوەندییان بە نیشتمانی عەرەبییەوە پەیوەندیەكی دینامیكیە و داوای پێكەوەژیانی تەواویان لێدەكات لەگەڵ مەسەلەكانی ناوچەكە و  تێكەڵبوون لە ناو سیاسەتەكانیان. هەروەها پێویستە جەمسەرگیریی نەكەن لەگەڵ ئێراندا. من پێموایە جیاوازیی مەزهەبی و ناكۆكیی ناوچەیی  ئەو دەوڵەتە كوردیە دەخەنە باوەشی عەرەبەوە كە لەگەڵیدا ژیاوە و كورد رێز لە هەستی عەرەب دەگرێت بەرامبەر بە مەسەلەی فەلەستین و پابەندبوونیان پێوەی. رەنگە ئەو دەوڵەتە كوردییە هەتا ماوەیەك دوابكەوێت بەڵام لەكاتێكدا كە دروست دەبێت پێویستە تێبگات كە نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كورد لەبنەڕەتدا دژی یەكتری نین. دەبا ناوی سەلاحەدینی ئەیوبی خاڵی یەكگرتن بێت لە نێوان كورد و عەرەبدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داگیركاران و ستەمكاران.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure