ئەردۆغان لە هەموولایەك تووڕەیە

بۆچوون / بیروڕا :: 13/05/2017

سەرچاوە: رەئی ئەلیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لەمڕۆژانەدا لە هەموان تووڕەیە، هاوپەیمان و دوژمناكانیش پێكەوە، لە ویلایەتە یەكگرتووەكان تووڕەیە، لە ئەوروپا تووڕەیە، لە ئێران و عێراق تووڕەیە، لە دەوڵەتی داگیركەری ئیسرائیل تووڕەیە، لە یۆنان بێزارە، وایلێهاتووە زەحمەتە تاقە دەوڵەتێك بدۆزینەوە لێی رازی بێت یاخود لانیكەم لێی تووڕە نەبێت. 
ئەم تووڕەییە لێكدانەوەی زۆری هەیە، دیارترینیان لە دیدی ئێمەوە، ئەو بارە تێكشكاویەیە كە سەرۆكی توركیای تێدا دەژیی بە هۆی دەستبڕینی لەلایەن هاوپەیمانە مێژووییەكانیەوە، بەتایبەت ئەمریكاكان، دوای ئەو خزمەتانەی كە وڵاتەكەی پێشكەشیكردن لەڕێی ئەندامێتییەوە لە پەیمانی ناتۆ بە درێژایی زیاتر لە شەست ساڵ.
رۆژی سێ‌ شەممەی داهاتوو سەرۆكی توركیا دەچێتە واشنتۆن بۆ دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كە زۆر پشتی پێبەستووە لە پشتگیریكردنی سیاسەتەكانی، واتا ئەردۆغان، لە سوریا و ئەو بەشەی كە تێیدا پەیوەستە بە رووخانی حكومەتی سەرۆك بەشار ئەسەد و دامەزراندنی ناوچەی دابڕاو و پێشكەشنەكردنی هیچ پشتیوانییەكی سەربازی و سیاسی لە كوردەكان.  
پێدەچێت دەرفەتی سەركەوتنی سەردانەكەی سەرۆك ئەردۆغان لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیدا سنووردار بێت و تەنانەت ئەگەرەكانی شكستخواردنی زۆر زیاترە لە ئەگەرەكانی سەركەوتنی. چونكە ئیدارەی ترەمپ فەتحوڵـڵا گولەن-ی رادەستنەكردووە كە تۆمەتبارە بەوەی لەپشت كودەتا سەربازیەكەوە بێت. رۆژی پێنج شەممەیش لەزاری سەرهەنگ دۆن دارن وتەبێژی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی (جیهادییەكان)ەوە ئەوە راگەیەنرا كە پەلەدەكات لە جێبەجێكردنی بڕیاری چەكداركردنی هێزەكانی پارێزەری گەلی كوردی سوریا بە تانك و مووشەك و چەكی تازە كە ئامادەیدەكات بۆ ئەنجامدانی جەنگی گێڕانەوەی شاری رەققە لە (دەوڵەتی ئیسلامی)، لەژێر ئاسمانپۆش و بەشداریی زەمینیی ئەمریكادا.
لەوەیش گرنگتر، سەرۆك ئەردۆغان هێرشێكی توندی كردە سەر ئیسرائیل و بە رەگەزپەرستیەكی هاوشێوەی رژێمی باشوری ئەفریقای سپی پێشت تۆمەتباری كرد. ئابڵۆقە  میسری-ئیسرائیلیەكەی سەر كەرتی غەزە-یشی وا ناوبرد كە لە هیچ بوارێكی مرۆییدا جێگەی نابێتەوە و ئەو بڕیارەی ئیسرائیلیش-ی رەتكردەوە كە بانگدان-ی لە مزگەوتەكانی قودس-ی داگیراوەوە راگرتووە، ئەم هێرشە دوای چەند مانگێك لە بێدەنگی و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان دێت. 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وەڵامی سەرۆك ئەردۆغان-ی دایەوە، وتی"هەر كەسێك بە شێوەیەكی رێكخراو مافەكانی مرۆڤ لە وڵاتەكەیدا پێشێل بكات نابێت ئامۆژگاریی بدات دەربارەی ئەخلاقیاتی تاقە دیموكراسیەتی ناوچەكە".
هێرشێكی ئاوا توند بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو دەوڵەتەی كە ئێستا كۆشكی سپی بەڕێوەدەبات، ناكرێت هەروا تێپەڕێن بە دڵی سەرۆك ترەمپ و جارید كۆشنەر-ی زاوای و نزیكترین راوێژكاری و وەزیری دەرەوەی ئەمریكی بە كردەوە، ئیلـلا مەگەر ئەم هێرشە بە جدیی نەبووبێت و لە دڵەوە هەڵنەقووڵابێت، وەك ئەوەی یواف گاڵنت وەزیری نیشتەجێكردنی ئیسرائیل لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەیەكی ئیسرائیلیی وتووە، كە دەڵێت"توركیا و ئیسرائیل پێویستیان بە پاراستنی پەیوەندیەكانی نێوانیان هەیە...لێدوانە هاندەرییە ناوبەناوەكانی ئەردۆغان رەنگدانەوەی بەرژەوەندییە وتاربێژییە سیاسییەكەی خۆیەتی.. لێی گەڕێن با قسەی خۆی  بكات و ئێمەیش دەزانین چۆن قسەی خۆمان دەكەین".
ئەوەی ئەردۆغان-ی لە ئیسرائیل-ی هاوپەیمانی تووڕەكردووە، دوو شتە، یەكەم پیرۆزبایی نەكردنی بنیامین نەتانیاهۆ لێی بەبۆنەی سەركەوتنی لە ریفراندۆمەكەدا و دووەمیش دڕاندنی پەیماننامە تازەكەی (حەماس) و فڕێدانی بۆ ناو سەبەتەی خۆڵ لە تەلەفزیۆنەوە، چونكە نەتانیاهۆ دەیزانێ‌ كە ئەردۆغان لەپشت ئەو پەیماننامەیە و ناوەرۆكەكەوەیەتی لە پێوانەكردنی بەڵێننامەی بزووتنەوەكە و قبووڵكردنی دەوڵەتی فەلەستینی لەسەر سنووری ساڵی 1967 بەو هیوایەی ئابڵۆقەی ئیسرائیلی و خۆرئاوایی لەسەر سووك بكرێت و بەندەر و فڕۆكەخانەكانی غەزە بكرێنەوە، بێگومان بە پشتیوانیی توركیا و قەتەر. 
ئەوەی كە رەنگە سەرۆك ئەردۆغان رەتیبكاتەوە بە ئاشكرا دان بەمەدابنێت، لەڕاستیدا هەستكردنیەتی بەوەی خەڵەتێنراوە لەلایەن ئەوانەوە كە بەخۆیان دەڵێن هاوپەیمانین، واتا ئەمریكاكان، كە بەكاریانهێنا و گلاندیانە دۆسیەی سوریاوە بە درێژایی شەش ساڵی رابردوو، بەمەیش هەموو دەستكەوتە تایبەت و حزبیەكانیان سڕییەوە و ویستە سیاسییەكانیشیان لەناوبرد، ئینجایش دەستبەرداری بوون و لە بەرژەوەندیی دوژمنەكانی، واتا كوردەكان، وازیان لێهێنا.    
پشتگیریی سەرۆك ترەمپ بۆ كوردەكانی سوریا كە توركیا خستونیەتە لیستی تیرۆرەوە و بە مەترسیەكی وجودی-یان دەزانێت لەسەر خۆی، هەروەها پڕچەككردنیان بە تانك و زرێپۆش و مووشەكی نوێی پێشكەوتوو و پشتپێبەستنیان وەك هاوپەیمانێكی متمانەپێكراو بۆ (ئازادكردنی) شاری رەققە، مانای دانانی بەردی بناغەی بەهێزی سوپای دەوڵەتی كوردی-یە، كە دەكرێت بە درێژایی سنوورەكانی توركیا-سوریا درێژبێتەوە و هەڕەشەیە لەسەر یەكێتیی خاك و دیمۆگرافیای توركیا.  
ئەمریكییەكان توركەكانیان بەكارهێنا، بەتایبەت سەرۆك ئەردۆغان، بۆ لێدانی عەرەب لە پشتەوە و هەڵوەشاندنی ئەو دەوڵەتانەی دژیان بوون (دژی ئەمریكا و ئیسرائیل) و دوای ئەوەیش كە زۆرێك لە ئەركەكانیان لە عێراق و سوریا و لیبیا بەجێهێنا ئەوەتا ئێستا پلانی بەكارهێنانی كوردەكانیان هەیە، رەنگە غەیری ئەوانیش، بۆ لێكترازانی توركیا. 
دەرفەتی گونجاو لەبەردەم سەرۆك ئەردۆغان-دایە بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانیدا و كەمكردنەوەی زیانەكان و دەربازكردنی توركیا و ناوچەكە لە پلانەكانی وێرانبوون و لێكترازان، بەڵام ئایا ئەمە دەكات؟ گۆمانی زۆرمان هەیە.. و ئومێدەوارین گومانەكانمان لەجێی خۆیاندا نەبن و سەرۆك ئەردۆغان ناڕاستییان بسەلمێنێت.  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە