تره‌مپ له‌به‌رده‌م گه‌رده‌لوولێكدایه‌..ره‌نگه‌ ببێته‌ زریان

بۆچوون / بیروڕا :: 11/05/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

دۆناڵد تره‌مپ، جێمس كومى-ى له‌ سه‌رۆكایه‌تى نووسینگه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى فیدراڵى (ئێف بى ئاى) ده‌ركرد، هۆكارى راگه‌یه‌نراویش بۆ ئه‌م كاره‌ سه‌رنه‌كه‌وتنى لێكۆڵینه‌وه‌كانى كومى بووه‌ له‌ پۆسته‌ى هیلارى كلینتۆن-ى ركابه‌ره‌كه‌ى تره‌مپ له‌ سه‌رۆكایه‌تى. پێشتر تره‌مپ خۆى كومى-ى هانداوه‌ بۆ لیكۆڵینه‌وه‌كردن و ئێستایش ده‌ریده‌كات.

هۆكاره‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ درۆیه‌ وه‌ك زۆربه‌ى لێدوانه‌كانى تره‌مپ، چونكه‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ روسیادا هه‌بووه‌ و روسیا كارى بۆ سه‌ركه‌وتنى له‌ سه‌رۆكایه‌تیدا كردووه‌ و ده‌ستی له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌رداوه‌. هه‌رده‌بێت وێنه‌ و تۆماریشى هه‌بێت له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ مۆسكۆ له‌گه‌ڵ شاجوانه‌كان و نازداره‌كانى دیكه‌دا كه‌ نێردران بۆ ئه‌و ئۆتێله‌ى ئه‌وى لێ دابه‌زیبوو.

زیاد له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى (ئێف بى ئاى) هه‌یه‌ ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندیى تره‌مپ به‌ روسیاوه‌، بێگومان ده‌بێت تره‌مپ جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ كومى دابنێت له‌ راستڕه‌وى پارتى كۆمارى، بۆ له‌باربردنى لێكۆڵینه‌وه‌كان. 

ئایا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟چه‌ندین لیژنه‌ له‌ كۆنگرێس-دا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌م هه‌فته‌یه‌ سالى یاتس و جێمس كلابه‌ر، له‌ كه‌سه‌ دیاره‌كانى ئیداره‌ى ئۆباما، له‌به‌رده‌م لیژنه‌ى لاوه‌كیى بۆ كاروبارى داد له‌ ئه‌نجومه‌نى پیران گه‌واهییان دا و پێشتریش له‌ هه‌فته‌ى رابردوودا لیژنه‌كه‌ كومى-ى بانگهێشتكرد بۆ گه‌واهیدان له‌به‌رده‌میدا، ده‌شێ تره‌مپ بڕیارى ئه‌وه‌ى دابێت كه‌ قسه‌كانى له‌دژى سه‌رۆك و ئیداره‌كه‌ى بووبن، بۆیه‌ ده‌ریكردووه‌.

داوایشده‌كرێت لیژنه‌ى تایبه‌ت له‌ كۆنگرێس پێكبهێنرێت و لێكۆڵینه‌وه‌ بكات له‌ په‌یوه‌ندیى نێوان تره‌مپ و روسیا. زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى داواى لیژنه‌كه‌ ده‌كه‌ن له‌ دیموكراته‌كانن، كۆماریه‌كانیش له‌ ئه‌نجومه‌نى كۆنگرێس-دا زۆرینه‌ن و نایانه‌وێت هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ بكرێت له‌سه‌ر ریسواییه‌كانى ئیداره‌. هه‌روه‌ها و هه‌روه‌ها پێشتریش كۆنگرێس لیژنه‌ى سه‌ربه‌خۆى پێكهێناوه‌ بۆ لیكۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندیى تایبه‌تى نێوان تره‌مپ و روسیا و ده‌ستوه‌ردانى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵام لیژنه‌كه‌ دانیشتنه‌كانى ئه‌نجامنه‌دا و پێده‌چێت كۆمارییه‌كان ویستبێتیان رایبگرن.

ره‌نگه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌رچووبم له‌ یه‌ك بڕگه‌دا، چونكه‌ ژاوه‌ژاوێك كه‌وتووه‌ته‌ كۆنگرێس و میدیاى ئه‌مریكاوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سه‌رۆك تره‌مپ 18 رۆژ چاوه‌ڕێى كرد پێش ئه‌وه‌ى  مایكڵ فلین ده‌ربكات له‌ كاره‌كه‌ى، راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى بوو، دواى ئه‌وه‌ى كه‌ درۆكانى ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى به‌ روسیاوه‌ له‌به‌رده‌م كۆنگرێس-دا سه‌لمێنرا. پێشتر سالى یاتس وه‌زیرى داد به‌ وه‌كاله‌ت، له‌ 26 ى كانونى دووه‌مدا به‌په‌له‌ خۆى گه‌یانده‌ پارێزه‌ره‌كه‌ى كۆشكى سپى و پێیووت كه‌ فلین له‌وانه‌یه‌ بكه‌وێته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى روسیاوه‌ به‌هۆى درۆكانیه‌وه‌. له‌ 15 ى شوباتدا تره‌مپ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌ییدا وتى سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى، به‌ڵام فلین (پیاوێكى باشه‌). 

ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ده‌ركردنه‌كه‌ى جێمس كومى و سه‌روتارى ئه‌مڕۆى(چوارشه‌ممه‌) نیویۆرك تایمز كه‌ ده‌ڵێت سه‌رۆكى (ئێف بى ئاى) له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌رنه‌كراوه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ىله‌ پۆسته‌كانى كلینتۆن-دا كردووه‌، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌ركراوه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتیى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى زۆرى كردووه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیى تره‌مپ له‌گه‌ڵ روسیا. پێشتر تره‌مپ ستایشى لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ى ده‌كرد له‌میانه‌ى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و ئێستایش ئیداره‌كه‌ى ده‌ڵێت كومى ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆیى تێپه‌ڕاندووه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كردنى له‌ پۆسته‌كانى كلینتۆن-دا و چه‌ندین كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانیى رێكخستووه‌ كه‌ مافى ئه‌وه‌ى نه‌بوو ئه‌نجامیان بدات.

له‌ ناو ئه‌و سه‌روتارانه‌دا كه‌ خوێندوومنه‌ته‌وه‌، یه‌كێكیان ناونیشانه‌كه‌ى ده‌ڵێت: تره‌مپ جارێكى تریش درۆ ده‌كات، ئه‌مجاره‌یان له‌سه‌ر جێمس كومى. سه‌روتارێكى تر ده‌ڵێت: ده‌ركردنى كومى وامان لێده‌كات رشانه‌وه‌مان بێت. سه‌روتارى سێیه‌م ده‌ڵێت: ده‌ركردنى كومى شه‌پۆله‌كانى دژى تره‌مپ ده‌كاته‌ زریان. هه‌روه‌ها خوێندمه‌وه‌: كێشه‌ى كومى ناڕوونیى په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ روسیا زیاتر ده‌كات. هى وایش هه‌بووه‌ چووه‌ته‌وه‌ بۆ ئابڕووچوونه‌كه‌ى وۆته‌رگێت و پێشبینیى ئه‌وه‌ى كردووه‌ كه‌ تره‌مپ رووبه‌ڕووى ئابڕووچوونێكى به‌ قه‌باره‌ى ئه‌و ببێته‌وه‌. وۆته‌ر گێت بووه‌ هۆى رووخانى ریچارد نیكسۆن، نووسه‌ره‌كه‌یشى له‌وه‌ده‌چێت هیواى هه‌مان چاره‌نووسى بۆ تره‌مپ خواستبێت. 

له‌وكاته‌وه‌ى تره‌مپ بۆ سه‌رۆكایه‌تى سه‌ركه‌وتنىبه‌ده‌ستهێناوه‌، به‌رده‌وام قسه‌كردن له‌سه‌ر لابردنى دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌. واینابینم كه‌ ئه‌مه‌ بكرێت له‌گه‌ڵ بوونى زۆرینه‌ى كۆماریه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نى پیران-دا. هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو له‌ تشرینى دووه‌مى 2018 دا ده‌كرێن و هه‌موو كورسیه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و سێیه‌كى كورسیه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پیران ده‌گرێته‌وه‌ و له‌وه‌ده‌چێت دیموكراته‌كان متمانه‌یان به‌سه‌ركه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانى زۆرینه‌ى هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هه‌یه‌.

هۆكارگه‌لێك هه‌ن خه‌ریكه‌ بمگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى كه‌بیركردنه‌وه‌كه‌ى دیموكراته‌كات راسته‌، به‌ڵام گۆڕانكاریى كتوپڕ و وه‌رچه‌رخانه‌ سیاسیه‌كانیش به‌دوورنازانم كه‌ هاوكێشه‌كه‌ى ئێستا ئاوه‌ژوو بكاته‌وه‌. واباشتره‌ چاوه‌ڕێ بین و ببینین. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure