هەڵوێستی بریتانیا و ئەمریكا لەسەر دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی

بۆچوون / بیروڕا :: 11/05/2017

سەرچاوە: هەئارتس
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


"تەنیا ئیسرائیل دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیدا دەنێت" عەمار ئەلحەكیم سەركردەی حزبی شیعی (یەكێتی نەتەوەیی) كە كۆنترۆڵی دەسەڵاتی لە عێراقدا بەدەستوەیە، ئاوا هۆشیاریی-دا. هەروەها دەڵێت:"پێگەی دەوڵەتی كوردی وەك قوبرسە توركیەكە دەبێت كە تەنیا توركیا دانیپێدادەنێت".
هۆشداریدانەكان پێشبینیكراو بوون دوای ئەوەی مەسعود بارزانی سەركردەی هەرێمە كوردیەكەی عێراق نیەتی خۆیی راگەیاند بۆ ئەنجامدانی راپرسیی میلـلی دەربارەی سەربەخۆیی هەرێمەكە.

عێراق تەنیا دەوڵەتێك نییە كە دەچێتە سەر پاشووی دژی هەوڵی كوردەكان بۆ سەربەخۆیی. چونكە لە نیسان-یشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەكەدا دیدارێكی هەبوو بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی پتەوكردنی هاریكاریی لە جەنگی دژی پارتی كرێكارانی كوردی، سەرەڕای لێدوانەكان ئەوەیش دزەی كرد كە قسەوباسەكان تایبەتكراون بە قەناعەتپێكردنی كوردەكان تا رێگریی بكەن لە ورووژاندنی هەستی بابەتی سەربەخۆیی.

پێش دە رۆژ لەو دیدارە، قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی (قودس)ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران گەیشتە سلێمانی لە خۆرهەڵاتی هەرێمە كوردییەكە و لەوێ‌ چاوی كەوت بە سەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردی بۆ روونكردنەوەی ئەوەی كە ئێران رێگەنادات بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی. 

وەڵامی فەرمیی كورد لەسەر گوشارەكەی ئێران یەكلاكەرەوە بوو:"تكایە دەست لە كاروباری ناوخۆی هەرێمەكە وەرمەدەن". سەرەڕای ئەمەیش كوردەكان باش دەزانن كە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی، مەسەلەیەكە تەنیا تایبەت نییە بە هەرێمەكە. عەمار ئەلحەكیم لەو باوەڕەدایە هەنگاوێكی لەوجۆرە"وەك تسونامی دەبێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست-دا". ئەو پێیوایە لە دەرەنجامی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردیدا، كەمایەتیە نەژادی و ئایینیەكانی هەموو ناوچەكە دەستدەكەن بە داواكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ یاخود پێكهێنانی كانتۆن، ئەمەیش دەبێتە هۆی تێكشكاندنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەوەی كە بە لێكهەڵوەشانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ كوردەكانی عێراق نیگەران نابێت، ئەنجومەنی لۆردەكانی بریتانیایە كە لیژنەی پەیوەندییە دەرەكیەكانی لە سەرەتای ئەم مانگەدا راپۆرتێكی بڵاوكردەوە لەسەر پێویستیی دەركەوتنی سیاسەتێكی نوێی بریتانیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. 
 لە ژێر ناونیشانی (ئێستا كاتی واقیعێكی نوێیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) ئەوانەی راپۆرتەكەیان نووسیوە دەڵێن"چیدی دەوڵەتەكان یاریكەری سەرەكیی نین لە پەیوەندییە دەرەكیەكاندا". بەڵكو قەوارەگەلی وەك رێكخراوەكان هەندێكجار رۆڵی گەورەتر لە رۆڵی دەوڵەتەكان دەگێڕن". "بەرژەوەندیی بریتانیا پێویستی بەوە نییە كە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بریتی بێت لە چەند دەوڵەتێكی خاوەن سیستمی مەركەزی. بریتانیا پێویستی بە تەرخانكردنی سەرچاوە و هەوڵی سیاسی نییە لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتی یەكگرتوو لەو ناوچانەدا كە ناكرێت تێیاندا دروست بكرێت، وەك عێراق و سوریا و لیبیا و یەمەن. دەبێت بریتانیا ئەو هەلومەرجە قبووڵ بكات كە ئامادەكاریی پراكتیكی و قەوارەگەلێكی تێدایە كە لە دەوڵەت كەمترن".
هەر لە چوارچێوەی كورد-دا، بریتانیا مافی خۆیەتی پشكنینی سیاسەتەكانی بكات بەرامبەر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ. راستە ئەوانەی راپۆرتەكەیان نووسیوە ئەو بیرۆكەیەیان هەیە كە دەڵیت لە داهاتوویەكی نزیكدا دەوڵەتێكی سەربەخۆ دانامەزرێت كە كاربكات بۆ یەكخستنی هەموو ئەو كوردانەی لە سوریا و توركیا و ئێران و عێراق-دا دەژین. لێرەوە ئەو داڕشتنە بە پێچوپەنایە دێت كە دیپلۆماسیەتی كلاسیكیی بریتانیا بیردەخاتەوە: بریتانیا پێویسی بە پشتیوانیی هەوڵی كوردەكان نییە لەپێناو بەدەستهێنانی سەربەخۆییاندا، بەڵام ئەمەیش مانای ئەوە نییە كە لە دژیەتی. وادیارە تەنیا لە مانگی حوزەیراندا، دوای هەڵبژاردنەكەی بریتانیا، حكومەتە تازەكەی ئەوێ‌ لە دەرگای راپۆرتە پێچاوپێچەكە دەدات و هەڵوێستی سیاسی خۆی بەرامبەر كوردەكان دادەڕێژێت. تا ئەوكاتەیش گۆڕانكاریی زۆر لە هەرێمە كوردیەكەدا روودەدەن.

دەربارەی بابەتی فەلەستینیش، ئەم راپۆرتە روون و یەكلاكەرەوەیە. ئامۆژگاریی حكومەتی بریتانی دەكات بەوەی كە بە شێوەیەكی جدیی پشكنین بۆ بابەتی داننان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینیدا بكات، ئەم هەڵوێستەیش ئەوەیە كە بریتانیا پشتگیریی لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەكات. ئیتر چۆن ئەم داڕشتنە دێتەوە لەگەڵ ئامادەیی بۆ رازیبوون لەسەر رێكخستنەوە پراكتیكیەكە سەبارەت بە بریتانیا.

ویلایەتە یەكگرتووەكان لەسەردەمی ترەمپ-دا خۆی بە داڕشتنەوەكانەوە سەرقاڵ ناكات. هەڵوێستێكی ئیدارەی ئەمریكایش لەئارادانییە سەبارەت بە سەربەخۆیی كوردەكان. ئەو پێیوایە هێزە كوردییەكان هێزگەلێكی زیندوون لە پێناو شەڕی دژی داعش و وایدادەنێت كە سەركردایەتی كورد لە سوریا و عێراق هاوپەیمانین و دەیەوێت رەققە بە هاوكاریی هێزە كوردیەكان داگیر بكات. توركیایش نیگەرانی ئەوەیە كە لەبەرامبەر ئەم هاوكارییەدا، رەنگە وا لە ترەمپ بكات پشتگیریی سەربەخۆیی كوردەكان بكات.

كوردەكان لەوباوەڕەدان كە ترەمپ بەشداربوونیانی لەبیرناچێت و لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا چەتری دامەزراندنی دەوڵەتەكەیانی دەداتێ‌. بەڵام تا ئێستا تەنیا راوێژكارەكانی لەمبارەیەوە قسەیان كردووە و ئەوەیان روونكردووەتەوە كە ترەمپ پشتگیریی سەربەخۆیی كوردەكان دەكات بەو مەرجەی حكومەتی عێراق بەمە رازی بێت. ئەمەیش وەك ئەوەوایە بە فەلەستینیەكان بڵێت كە ئەو پشتگیریی دەوڵەتی سەربەخۆیان دەبێت بەو مەرجەی ئیسرائیل پێی رازی بێت.

دژایەتیی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی پرسیارگەلێك دەورووژێنێت، ئاخۆ كوردەكان بەڕاست دەیانەوێت راپرسیی میلـلی بكەن كە بناغەی راگەیاندنی سەربەخۆییە یاخود مەسەلەكە فێڵێكی سیاسیە بۆ بەزۆر سەندنی پشتگیریی دارایی و پشتیوانیی كۆمەڵی نێودەوڵەتی و بەدەستهێنانی دانپیانانێكی نێودەوڵەتی بە دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەو ناوچانەی كە تێدا سەركەوتوون بەسەر داعش-دا لە عێراق.

 ناكۆكیەكانی نێوان سەركردایەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەسەر كۆنترۆڵكردنی موسڵ و هەروەها لەسەر راپرسیی میلـلی لە كەركوك كە لە ساڵی 2007 ەوە چاوەڕێیە بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی، هەروەها لەسەر گێڕانەوەی قەرزە داراییە ئاڵووێرەكانی عێراق و هەرێم، هەموو ئەمانە كەڵەكەدەبن بۆ ئەوەی ببنە بیانوویەكی نایاب بۆ ئاماژەدان بە هەڕەشەی سەربەخۆیی. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە