ماكرۆن سەرۆكی فرەنسا و ئەركە قورسەكەی

بۆچوون / بیروڕا :: 10/05/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


ئیمانوێل ماكرۆن كاندیدی نێوەند، بە سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرا و لەسەدا 66 ی فرەنسیەكان دەنگیان پێدا لەبەرامبەر مارین لۆپان كاندیدی راستڕەو كە لەسەدا 34 ی دەنگەكانی بەدەستهێنا. 

ئەو ئومێدەی كە ماكرۆن نوێنەرایەتیی دەكرد سەركەوت بەسەر ئەو تووڕەییەدا كە لۆپن نوێنەری بوو و كۆماری فرەنسایش لە ئەماندایە، دەمێنێتەوە ئەوەی كە سەرۆكی نوێ‌ لایەنگرانێك بۆخۆی لە پارلەماندا بدۆزێتەوە دوای هەڵبژاردنە پارلەمانیەكەی داهاتوو، تا بتوانێت فەرمانڕەوایی بكات و ئەو كێشە راست و ناڕاستانەیش چارەسەر بكات كە هەدوو پاڵێوراوەكە لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەدا باسیان لێوەدەكرد. 

ماكرۆن بڕوای بە سەركەوتنی خۆی هەبوو، بە ئاستێك كە وەك خوێندوومەتەوە دەستیكردووە بە دامەزراندنی وەزیرەكانی یەكەم حكومەتی ماوەی سەرۆكایەتیەكەی. رەنگە ئەمە ساناتربێت لە كەمكردنەوەی بێكاریی بۆ نیوە، وەك بەڵێنی داوە. لەبەر ئەوەیش كە پاشخانێكی لە كاری بانقی-دا هەیە پێش ئەوەی لەگەڵ سەرۆك فرانسوا هۆلاند-دا ببێتە وەزیر، بیرۆكەی زۆری هەیە بۆ چالاك و كاراكردنەوەی ئابوری. هەروەها دەیشیەوێت كە تێچووی گشتیی بۆ 60 ملیار یورۆ دابەزێنێت لە ماوەی پێنج ساڵی سەرۆكایەتیەكەیدا و ئابورییش چالاك بكات بەوەی كە 50 ملیار یورۆی تێدا بخاتەكارەوە، ئەمەیش دەكرێت. 

ئەو تووڕەییەی كە مارین لۆپن لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەدا نوێنەرایەتیی دەكرد، عەولەمەی بە سیستمێكی ساختە لە خزمەتی خاوەن پارەدا دادەنا، هەر بۆیەیش لەناو هەژاران و بێنەواكانی فرەنسادا سەركەوت، بەتایبەت ئەو لاوانەی كە كارێكیان نەبوو. ئەو هەروەها نوێنەرێكی راستگۆی ئەوپەڕی راستڕەو بوو بە هەڵمەتەكانی بۆ سەر یەكێتی ئەوروپا و هەڕەشەلێكردنی بەوەی كە لێی دەردەچێت و ناسنامە بۆ فرەنسا دەگێڕێتەوە. رەنگە لەم خاڵەدا وەك دۆناڵد ترەمپ بووبێت كە وتی (یەكەمجار ئەمریكا) و ئەمیش دەیگوت (یەكەمجار فرەنسا). هەروەها نوێنەرایەتی ئەوپەڕی راستڕەویشی كرد لە هەڵمەتەكانی بۆ سەر ئیسلامی رادیكاڵی، مەبەستیشی هەموو ئیسلام بوو، هەروەها لەوەیشدا كە سێڵاوی كۆچبەرانیشی لەسەر وڵاتەكەی رەتدەكردەوە وەك هەڕەشەیەك بۆسەر ناسنامەی راستەقینەیی یاخود رەسەنێتیی فرەنسا. 

سەرۆك ماكرۆن-یش كە دەچێتە كۆشكی ئەلیزێ‌-وە ئاڵنگاریی زۆری بەرەوڕوو دەبێتەوە، یەكەمیان چالاككردنەوەی ئابورییە كە گیرۆدەی بووە، یان ئەوەی بە زمانی سەربازیی دەڵێن (لە جێی خۆیدا راوح دەكات)، ئەمە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێكڕای بێكاری و نیگەرانیی كرێكارانی فرەنسا لە هێرشی گڵۆباڵ لەسەر وڵاتەكەیان. 

ئاساییش لەپێش هەموو ئەوانەی سەرەوەیە، چونكە لەم ساڵانەی دواییدا فرەنسا تووشی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستیی یەك لەدوای یەك بوو، پێش هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكانیش و لە نزیك كۆتایی مانگی رابردوودا، زاڤیێ‌ جوغیلی، كە پۆلیسێكی فرەنسی بوو، لە كارێكی تیرۆریستیانەدا كوژرا.

سەرۆكی نوێ‌ لە لایەنگرانی یەكێتی ئەوروپایە، ئەمەیش وایكرد سەرانی دەوڵەتە ئەندامەكان پێشبڕكێی بكەن بۆ پیرۆزبایی سەركەوتنەكەی، دۆناڵد ترەمپ-یش هەر وەك ئەوان. بەڵام ئەو نوێنەرایەتی پارتێكی نوێ‌ دەكات بەناوی (بۆ پێشەوە) و ئەندامی لە پارلەماندا نییە، بۆیە زۆر گرنگ دەبێت كە ماكرۆن پشتیوانییەكی باش بەدەستبێنێت لە هەڵبژاردنە داهاتووەكانی كۆمەڵەی گشتی-دا بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی فرەنسیەكان بكات كە بە سەرۆك هەڵیانبژاردووە. من دەڵێم، بەڵام بەشێوەیەكی یەكلاییكەرەوەیی نا، دەڵێم پارتە سەرەكیەكانی فرەنسا پشتگیریی خۆیان بۆ كاندیدی نێوەند راگەیاندووە دوای ئەوەی بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكە سەركەوت.  

ئەو هەڵوێستێكی میانڕەوانەی بەرامبەر پەنابەران راگەیاند و رەخنەی لە لوپن-ی ركابەری گرت و دەڵێت ئەوە ئەركی ئەوروپایە كە رازی بێت بە لەخۆگرتنی چەوساوەكان و بیانپارێزێت و لەهەمانكاتیشدا كار بكات بۆ چارەسەركردنی كەمبوونەوەی گەشە و برسێتی و بەرزبوونەوەی گەرمیی كەشوهەوا. هەروەك دانی بەوەیشدا ناوە كە یەكێتی ئەوروپا ناتوانێت هەموو هاتووەكان وەربگرێت، بەڵام مكوڕە لەسەر ئەوەی كە دەبێت فرەنسا بەشی خۆی لێیان بگرێتەخۆ.

جیاوازییەكی نێوان لوپن و ماكرۆن هەیە كە بەلامەوە پێكەنیناوییە، ئەگەرچی گرنگ و جێ بایەخە. لوپن دەڵێت: فرەنسا حیجابێكی كەناراوەكان نییە، فرەنسا بریجێت باردۆ-یە، فرەنسا ئەمەیە. ماكرۆن دەڵێت عەلمانیەت دڵی نیشتمانیی فرەنسایە و بواردەدات بە پێكەوەژیان و رێزی بەرامبەر... سێیەكی ژنە موسڵمانەكان (لە فرەنسا) حیجاب ناكەن و تەركیزیان لەسەر ئەو مەسەلە كۆمەڵایەتیانەیە كە جێی بایەخیانن.

ئیمانوێل ماكرۆن گەنجترین سەرۆكی فرەنسایە لە دوای ناپلیۆن-ی (ئیمپراتۆر)ەوە، بەڵام شارەزاییەكی زۆری لە ئابوریدا هەیە، ئەمەیش گرنگترین ئەو ئاڵنگارییانەیە كە رووبەڕووی دەبێتەوە. هیوادارم سەركەوتووبێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure