سەربەخۆیی كوردستان... 8 ئامادەكاریی پێشوەختە

بۆچوون / بیروڕا :: 03/05/2017

سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


ئەو گفتوگۆ و بێنەوبەرە و بانگهێشت و كاردانەوانەی لە ئارادان دەربارەی بابەتی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە دەوڵەتی عێراق، كۆمەڵێك ئامادەكاریی فریاكەوتنی پێشوەختە دەخەنەڕوو لە تێڕوانینی بایەخدان و تێداژیانی دۆزی كوردی لە كات و رووداوەكان و ململانێكان و جەنگەكاندا. دەكرێت ئەو ئامادەكاریە فریاگوزارییە پێشوەختانە لەم خاڵانەی خوارەوەدا كۆبكرێنەوە:

1ـ لە هەموو حاڵێكدا و لە كاتێكی دیار یاخود دوورتر لە مەودای بینین، هەرێمی كوردستانی عێراق سەربەخۆیی خۆی لە دەوڵەتی عێراق بەدەستدێنێت، هەر رۆژێك بێت، سیستمی سیاسیی خۆی و ناسنامەی خۆی دیاریی دەكات بە ژانێكی گران و دەروازە و رێڕەوەكانیش تەخت نین.

2ـ سەربەخۆیی رەزامەندانە و لەسەر بنەمای جیابوونەوەی دیموكراسیانە و لەڕێی دانوستانی (برایانە)وە، لە بەرژەوەندیی هەردوولا دەبێت، بەتایبەت دەوڵەتی تازەپێگەیشتووی كوردی كە ئەوپەڕی پێویستیی بە دراوسێی میهرەبان و دەروازەی سەلامەت دەبێت بەرەو جیهان. 

3ـ دواڕۆژی دەوڵەتی كوردی و جێگیركردنی سیستمەكەی، تەنیا ویستی گەلی كوردستان بڕیاری لێنادات، چونكە فاكتەری تری هاوتەریب هەن كە خۆیان دەبیننەوە لە ململانێی نفوز و بەرژەوەندییەكان و هاوپەیمانگیریی لە ناوچەكەدا، هەروەها دەوەستێتەسەر باش بەڕێوەبردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی كە بەچاوێكی نادڵنیاییەوە دەڕواننە دەوڵەتێك كە نوێنەرایەتیی بەشێكی گەلی كورد دەكات.

4ـ سەربەخۆیی هەرێم، گۆڕانكاریی جوگرافی و سیاسی و دەستوری و نەتەوەیی لە عێراقدا لێدەكەوێتەوە و كاریگەریی دەبێت لەسەر پێكەوەگونجانی پێكهاتەكان و حساباتی هێزەكان و قەوارەكان، گومانی ئەوەیش هەیە پارت و گروپەكانی دەوڵەتی بەشبەشێنە ئەركی دووبارە دروستكردنەوەی عێراقی نوێ‌ ئەنجام بدەن.

5ـ مەترسیدارترین رێگاكانی سەربەخۆیی ئەوەیە كە بە جەنگ یاخود لە چوارچێوەی سیناریۆی (دەوڵەتی دیفاكتۆ)دا بێت. لەمەدا بەهای مێژوویی مافی نەتەوەیی رەونەقی خۆی لەدەستدەدات لەناو وێرانەیی و گیانكێشاندا، ئەمە بێجگە لەو دەرەنجامە كارەستاویەی كە لایەنەكەی تر بەریدەكەوێت، دەوڵەتی عێراق، ئەگەر پەنا ببرێتە بەر بژاردەی ملكەچبوون بەهۆی جەنگەوە.

6ـ هاووڵاتیی عێراقی و توێژە سیاسیەكان و دەستەبژێریش، پێویستیان بە خۆئامادەكردنە بۆ مامەڵە و رەفتاركردنی شارستانیانە لەگەڵ شایستەییەكانی مافی چارەنووسی گەلی كورد، بەو مانایەی كە گەلێكی برایە. هەروەها رێگرتن لە شۆڤیێنیەت بۆ پەلكێشكردنی وڵات بەرەو زەلكاوی جەنگێك بە ناونیشانی (عەرەب و كورد).

7ـ زۆر سەروەری و سنوور و قەوارە و تەنانەت ئیمپراتۆریەتیش، لەم سەردەمەدا كەوتوونەتە بەر هەرەس و هەموار و گونجاندنەوە، دەوڵەتانێك هەبوون لەسەر نەخشە نەمان و دەوڵەتانێك دابەشبوون و هەندێكی تر سەربەخۆ بوون بەڵام كەوتنە قوڕ و جەنگەوە و سەربەخۆییەكەیان بوو بە قورسایی و بەڵایەك بەسەر گەلەكانیانەوە. وانە و پەندیش لە دەوڵەمەندی و پێگەیشتوویی ئەقڵی سیاسیدایە كاتێك مەسەلەكە پەیوەست دەبێت بە گۆڕانكاری یاخود بە كاردانەوە و پەرچەكردارەوە.  
 
8ـ كورتكردنەوەی چارەنووسی كەركوك بۆ (كارتێك)ی سیاسی، رەنگە بازبدات بۆ ئاگرێك كە هەموو ئەگەرەكان و گرەوەكان هەڵـلووشێت و بیخاتە دەرەوەی وەسفی دەستوری و داڕشتنەكانی دیاریكردنی دۆخی ئاسایی كۆتایی ئاماژە بۆ كراوەوە. 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure