ئەردۆغان و هەڵوەشاندنەوەی ئۆپۆزیسیۆن

بۆچوون / بیروڕا :: 27/04/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


بۆردوومانە فراوانەكەی توركیا بۆ سەر ئامانجە كوردییەكان لە عێراق و سوریا و گێڕانەوەی شەڕە قسەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا لە دوای راپرسیی دەسەڵاتەكان و هەڵمەتی بەردەوامی دەستگیركردنەكان، ئاماژەی ئەوەن كە ئەردۆغان-ی بێبار توركیا دەخاتە سەر (یانە)ی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وەك كۆمارە ساختەكان دیكتاتۆرەكان بەناوی (سەرۆك)ی لوتفدارەوە سەرۆكایەتی دەكەن، بۆ ئەوەی دەسەڵاتێكی نیمچە رەهایی بدەن بەخۆیان و دادگا و پارلەمان و هەموو دامەزراوەكانی دیكەیش تێپەڕێنن. 
دوای ئەوەیش كە ئەنجومەنی دەوڵەتی توركی رەتیكردەوە چاوبخشێنێتەوە بەو تانە-نەدا كە ئۆپۆزیسیۆن پێشكەشی كردووە لەسەر پەسەندكردنی كارتی مۆرنەكراوی راپرسیەكەی سەر هەمواری دەستوور بۆ ئەوەی دەسەڵاتی فراوانتری بداتێ‌، ئەردۆغان رایگەیاند كە ئەندامێتیی خۆی بۆ سەرۆكایەتی پارتی داد و گەشەپێدان-ی دەسەڵاتدار دەگێڕێتەوە، بە جۆرێك هەردوو سەركردایەتیكردنی وڵات و پارتەكەیش، لە تێكەڵكردنێكی زۆرەملێدا، یەكبخات كە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی هەر نەیار و ئۆپۆزیسیۆنێكە.
ئەم تێكەڵ و یەكخستنە، نیشانەیەكی سەرۆكە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكەیە، پێش ئەویش حافز ئەسەد و سەدام حسێن و موعەمەر قەزافی وابوون بە پێكهات و ناوی جیاجیای وەك (ئەنجومەنە میلـلی و جەماوەریەكان)، هەروەها خومەینی و خامنەی-یش بە (دەستە ئایینییەكان و ئەنجومەنەكانی دیاریكردن و چاككردن- تشخیص و صیانە)، هەروەها عومەر بەشیر و عەلی عەبدوڵـڵا ساڵح و زین عابدین بن عەلی و.... 

دوای راگەیاندنی سەركەوتنی لە راپرسیەكەدا، ئەردۆغان سەردانی مەزاری سوڵتان محەمەدی دووەمی كرد كە بە (ئەلفاتح) ناودەبرێت بەهۆی فەتحكردنی قوستەنتینیە (ئەستانبوڵی ئێستا)وە. ئەمەیش وەك هەنگاوێك كە دوو مانای رەمزیی هەیە، یەكەمیان چونكە شارەكە لە راپرسیەكەدا دەنگی لە دژی ئەو دابوو، دووەمیش چونكە ئەو سوڵتانە عوسمانیە لە ناوەڕاستی سەدەی پازدەدا كۆتاییهێنا بە ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی و لەوەیشەوە تورك چووە ئەوروپاوە. 
كاردانەوەی ئەوروپا دوانەكەوت، ئەوەبوو كۆمەڵەی پارلەمانیی ئەنجومەنی ئەوروپا رایگەیاند توركیا دەخاتە لیستی چاودێرییەوە بەهۆی رەفتارەكانی لە خنكاندنی ئۆپۆزیسیۆن و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە سەردەمی ئەردۆغان-دا. بەڵام سەرۆكی توركیا هیچی نەدۆزییەوە تا بەرگریی پێ‌ بكات لە بەرامبەر ئەوانەدا كە كردوونی، جگە لە تۆمەتباركردنی ئەوروپا بە دژایەتیكردنی ئیسلام، وەك ئەوەی ئەو ئۆپۆزیسیۆن و سەركوتكراوانەی كە بەیاننامەكەی ئەوروپا دەیانگرێتەوە موسڵمان نەبن و تەنیا رژێمەكەی و پارتەكەی ئەو تاقە نوێنەری ئیسلام بن لە توركیا و تەنانەت رەنگە لە ناوچەكەیشدا. بەڵام ئەم بەرگریی لەخۆكردنەی، كە هەر لە بنەڕەتەوە لاوازبوو، لاوازتر بوو چونكە هاوكات بوو لەگەڵ دەستگیركردنی نزیكەی هەزار كەس لە پرۆسەیەكدا كە هێزە ئەمنیەكان شەوی سێ‌ شەممە لە چەندین ناوچەی جیاجیای توركیا ئەنجامیاندا.
وەك دەستپێشخەرییەكیش بەرامبەر هەر بڕیارێكی نەرێنی دەربارەی داواكاریی وڵاتەكەی بۆ چوونەڕیزی یەكێتی ئەوروپا، ئەردۆغان ئاماژەی بە كشانەوە كرد لە گفتوگۆكانی لەگەڵ كۆمسیۆنی ئەوروپا، وەك چۆن بریتانیا لە ئەندامێتیی یەكێتیەكە كشایەوە، بەڵام ئەمەی توركیا جیاوازە، چونكە 54 ساڵە چاوەڕێیە و ئەندامێتیی بەدەستنەهێناوە، وەك خۆی دەڵێت. لە هەڵوێستێكی كاریكاتێرییشدا دەڵێت داهاتووی ئەوروپا وەستاوەتە سەر پەسەندكردنی ئەندامێتیی وڵاتەكەی.  
بەڵام ئەوەی سەرۆكی توركیا ئازایەتیی نییە بیدركێنێت، ئەوەیە كە كێشەی ئەو لەگەڵ ئەوروپا لە بنەڕەتدا هەوڵی تا ئێستا شكستخواردوویەتی بۆ گۆڕینی تۆڕی خوێندنگە و سەنتەرە ئیسلامیەكان لە ئەوروپا و بەتایبەت لە دەوڵەتەكانی بەڵكان، كە چەندین گرێیە فەتحوڵـڵا گولەن دایمەزراندوون و بەڕێوەیان دەبات، پێش ئەوەی دوژمنیایەتیی نێوانیان هەڵگیرسێت، بیانكاتبیانخاتە ژێر ركێفی خۆی. ئەم هەوڵانەی تەنانەت لەو وڵاتانەیشەوە دژایەتیی دەكرێن كە پەیوەندیی پتەویان بە ئەنقەرەوە هەیە، وەك ئەلبانیا و كۆسۆڤ.
هەرچی هەڵوێستەكانیشیەتی دەربارەی سوریا و لێدوانە تازەكراوەكانی سەبارەت بە پێویستیی رۆیشتنی ئەسەد، ئەوا كەس باوەڕی پێناكات، چونكە ئەردۆغان هیچی تێدانابینێت جگە لە كارتێكی دانوستان و پێشتریش وازی لێهێنا كە ویستی روسیا رازی بكات و پاشان لە دوای هێرشە مووشەكیەكەی ئەمریكا جارێكی تر گەڕایەوە بۆ لای، چونكە تاقە خەمی ئەردۆغان ملكەچكردنی كوردەكانە، ئیتر سەر بەهەرلایەك بن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure